ئا: ئاوێنە
لەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر، مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕەکە بۆ تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایەو ئەمەش ناوچەکەی نیگەران کردووە، بەتایبەتی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "بنیامین ناتانیاهۆ" بەڵێنی "جەنگێکی درێژخایەن"ی داوەو دەڵێت "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین".
رۆژنامەی "لیبراسیۆن"ی فەرەنسی لەراپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات "هەرچەندە پێناچێت فراوانکردنی روبەری شەڕەکە سوودی بۆ هیچ کام لەلایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت، بەڵام بچوکترین هەڵە یان هەنگاوێکی نەگونجاو، بەتایبەت کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەسەر سنورەکانی باکوری ئیسرائیل لەگەڵ لوبنانو بە تایبەتی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانو سەرەنجام لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، دەتوانێ لەئاستێکی زۆر بەرفراوانتردا شەڕێکی کۆنترۆڵنەکراو هەلگیرسێنێت. هەر لەبەر ئەمە هەمووان هەریەکەو بەجۆرێک هەوڵ دەدەن ڕێگری لەم ئەگەرە بەهێزە بکەن کە ڕووبدات".
لیبراسیۆن دەڵێت لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی پەیامو هۆشداری ڕاستەوخۆیان بۆ حزبوڵای لوبنان ناردووە. لەم نێوەندەدا، پرسیارو گومانی جددی لە بارەی ڕۆڵو ستراتیجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بریکارەکانیو هێزە هاوپەیمانەکانیەوە ماوەتەوە جێی سەرنجەو لەم روانگەیەوە پشتیوانی لۆجستیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکەتائیبی عێزەدین قەسام ، باڵی سەربازی ڕێکخراوی حەماس، مایەی مشتومڕە".
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئامادەی بوو، ڕایگەیاند، "نایەوێت بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لێدوان لەسەر تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بدات".
بەوتەی سەرۆکی فەرەنسا، بەڵگەی هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێکخراوی حه ماس هەیه ، هەرچەنده تا ئێستاش زانیاری تەواوو دروستی له مبارەیەوە نییە .
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لێدوانی هاوشێوەی لەم بارەیەوە دابوو. بەڵام دەیڤید ڕیگۆل-ڕۆز، سەرنوسەری گۆڤاری "ستراتیجی ئۆریان" بەئاماژەدان بە"داعش بوون"ی حەماس، ڕایگەیاندوە "هەموو قوفڵەکان شکانو هەموو گرێکان کرانەوە، ئەگەری شەڕێکی بەرفراوان لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر ئیسرائیل بچێتە قۆناغی ئۆپەراسیۆنی زەمینییەوە لەغەزە ". ئەم توێژەرە فەرەنسییە بەدووری نازانێ کە تاران سیناریۆی شەڕی قۆناغبەندی بە بەشداری هێزی نوێ لەبەرچاو بگرێت.
هەروەها دیبلۆماتکارێکی فەلەستینی بە پەیامنێری لیبراسیۆنی راگەیاندووە کە ئێران لەپەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو هێزو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەداو ژمارەی ئەو هێزانەش لەنێو ئەو گروپە فەلەستینییانەی کە بەدوای شەڕی چەکداریدا دەگەڕێن، تەنیا لەگرووپێک یان دوو گرووپدا سنووردار ناکرێتەوەو تەنانەت ئەو گروپە کۆنانەش دەگرێتەوە کە لەڕیکخراوی فەتح-ەوە نزیکن، کە هەموویان لەمامەڵەی جولەکەنشینە توندڕەوەکان لەکەناری رۆژئاواو روباری ئەردەن توڕەو بێزارن.
هەمان دیپلۆماتکاری فەلەستینی دەڵێت "ستراتیژیو ئاڕاستەی سیاسەتی ئێران لەماوەی درێژخایەندا درک دەکرێت، . ئێران هەوڵدەدات زۆرترین کارتی هەرێمی لەدەستدا بێت، چ فەلەسستینی بێت یان سوریو لوبنانیو یەمەنیو عێراقی، بۆ ئەوەی بەپێی هەلومەرجەکانو بەمەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریانبهێنێتو بۆ ئەم مەبەستەش ئێران وەک ئامڕازێک سوود لەخەباتی فەلەستینیەکان وەردەگرێت".