ئا: ئاوێنە
دادگای هەولێر سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر گۆهدار زێباری، یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نوسه زیندانیكراوه‌كانی بادیناندا سەپاند. په‌رله‌مانتارێكی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌ڵێت، بەپاساوی نەبونی جێگا ڕێگریی لەنوێنەرانی کونسڵخانەی هۆڵەنداو ئەمریکا کرا بچنە هۆڵی دادگاییەکە.
رەمەزان هەرتیسی، یه‌كێك له‌پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان لەکۆنگرەییەکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،رۆژی یه‌كشه‌ممه ١ی ١٠، دانیشتنی دادگایکردنی گوهدار زێباری بەڕێوەچو كه تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێمۆڵه‌تی ئاڕاسته‌كرابو، دادگا سزای 6 مانگ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پاند.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه له‌دانیشتنه‌كه‌ی دادگادا ئاماده‌بووه ده‌ڵێت، بەئامادەبونی نوێنەرانی کونسڵخانەکانی هۆڵەندا، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەسا، بەریتانیاو ئەمریکا ئەمڕۆ لەدادگای هەولێر سزای 6 مانگ زیندانیی بەسەر گۆهدار زێباری سەپێنرا.
ده‌شڵێت، "بەپاساوی نەبونی جێگا، ڕێگریی لەنوێنەرانی کونسڵخانەی هۆڵەنداو ئەمریکا کرا بێنە هۆڵی دادگاییەکە.. هاتنی نوێنەری ئەو هەموو کونسڵخانەیە بۆ دادگاییەکە پەیامێکی ڕونە بۆ دەسەڵاتداران."
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه له‌دانیشتنه‌كه‌ی دادگادا سێ شایەت هەبون دژی گۆهدار زێباری، به‌ڵام هیچیان ئامادەی هۆڵی دادگایی نەبون."
پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌و سزایه‌ی سه‌ر رۆژنامه‌نوس گوهدار زێباری ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و تانه له‌بڕیاره‌كه‌ی دادگا ده‌ده‌ن.
گۆهدار زێباری، یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نوسه زیندانیكراوه‌كانی بادینانه، لە ڕۆژی 22ی مانگی 10ی 2020 دەستگیرکراو بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان حوکمی 6 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
پاشان بەفەرمانێکی هەرێمیی، سزاکەی کەمکرایەوە، بەڵام دوو کەیسی دیکەی لەدژ جوڵێنرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16ی مانگی 3ی 2023 تەواوببێت، جارێکی دیکە سزای زیتدانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنرایه‌وه، بەتۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەکەی".
دواتر‌و ڕۆژێک بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16ی 8ی 2023 تەواوببێت‌و ئازادبکرێت، ئەم جارەیان گوهدار گواسترایەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت.
خانەوادەی گوھدار زێباری لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، لەساڵی 2020 و لەو ماڵەی لێی دەستگیرکراوە، دەستیبەسەر تاپرێکدا گیراوە، لەکاتێکدا ئەو تاپڕە کەلەپوریی بووەو ھی سەردەمی ئینگلیز بووەو ته‌قه‌ی نەکردوە، بەڵام بەو بیانووە ئه‌مڕۆ دادگا سزای 6 مانگ زیندانیكردنی به‌سه‌ر گوھدار زێباریدا سه‌پاند.