رۆژی یەكەمی كۆنگرەی یەكێتی؛ بافڵ تاڵەبانی بەبێ ركابەر بوەوە بە سەرۆك
  2023-09-27     

ئا: ئاوێنە

 

ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی ئەیلول، رۆژی یەكەمی كارەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی كۆتایی هات، تێیدا بافڵ تاڵەبانی بەبێ بونی ركابەرو بەكۆی دەنگ بە سەرۆكی حزبەكە هەڵبژێردراو هەروەها شەش لیژنەش بۆ داڕشتنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكە پەسەندكران كە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژی دوەمدا دەنگی لەسەر بدرێت.

 

هەر لە رۆژی یەكەمی كۆنگرەدا بە کۆی دەنگی ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، کۆسرەت رەسول عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە "پای رۆڵ و پێگەو ماندوبونیان لە مێژوی یەکێتی وەک سیمبولی باڵای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دیاریکران."

ئەو شەش لیژنەیەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەدا پەسەندكران، لەلایەن شەش ئەندامی كۆنگرەوە سەرپەرشتی دەكرێن كە بەمشێوەیەن:

د. یوسف گۆران، سەرپەرشتیاری لیژنەی پەیڕەوی ناوخۆ لە كۆنگرە.

تەلار لەتیف، سەرپەرشتیاری لیژنەی وتاری سیاسی لە كۆنگرە.

ستران عەبدوڵا، سەرپەرشیترای لیژنەی پڕۆگرام لە كۆنگرە.

جەمیل هەورامی، سەرپەرشتیاری لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان و زیندانیان لە كۆنگرە.

حاكم سابیر، سەرپەرشتیاری لیژنەی سكاڵا لە كۆنگرە.

ئارێز عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری لیژنەی پەروەردەی حزبی لە كۆنگرە.

لەدوای كۆتاییهێنانی یەكەم رۆژی كۆنگرە، عیماد ئەحمەد، ئەندامی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"كۆنگرەكە بە باشی بەڕێوەدەچێت. بافڵ تاڵەبانی بە كۆی دەنگی بە سەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرا." لەبارەی ئەوەی بۆچی بافڵ تاڵەبانی ركابەری نەبو، عیماد ئەحمەد بەپێكەنینەوە وتی، "پرسیاریان لێ بكەن؟"

هەروەها شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی كۆنگرە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"هەمو گلەییمان هەیە، منیش ئەترسم هەڵ نەبژێردرێمەوە. ئەمە دەنگدانە كە دەنگیان نەدامێ دەرناچمەوە."

لەبارەی كاری ئەو شەش لیژنەیەش شاڵاو عەلی عەسكەری وتی، كاری ئەوان، داڕشتنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتی و ئاڕاستەی یەكێتی و لە گەڵ ئەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی چی دەبن تا چوار ساڵی دیكە دیاری دەكەن.

لەبارەی ئەوەی ئایا پێش هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆك، باسی پرسی هاوسەرۆكی لە پەیڕەو كرا. مستەفا چاوڕەش، ئەندامی كۆنگرە بە رۆژنامەنوسانی وت"دەمێكە هاوسەرۆكی لابراوە. كەس ركابەری بافڵ تاڵەبانی نەبو بۆ سەرۆكی یەكێتی و بەوەش تەنها لەسەر یەك كاندید كە بافڵ تاڵەبانی بو دەنگ درا." وتیشی، بۆ دەنگدان كارتی سەوزی بەڵێ و كارتی سوری نەخێر بەرزدەكرێتەوە، من كەسم نەبینی كارتی سور بەرزبكاتەوە. 

مستەفا چاوڕەش لەبارەی ئەوەی خۆی كاندید دەكاتەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی وتی"بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی خۆم هەڵنابژێرمەوە رەنگە ئیشی ترم لەنێو یەكێتی هەبێت."

لەلای خۆیشییەوە بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی كۆنگرە، لەبارەی كارەكانی دوەم رۆژی كۆنگرەوە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"شەش لیژنەی جیاواز پێكهێنراون لە سەعات 9ی سەرلەبەیانی تاوەكو 2ی پاشنیوەڕۆی سبەینێ گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەو پڕۆگرام دەكەن و پاشان لە 2ی پاشنیوەڕۆ دەستدەكرێتەوە بە دانیشتنی گشتی كۆنگرەو دواتر دەنگ لەسەر پەیڕەو پڕۆگرامی یەكێتی دەدرێت."

لەبارەی ئەوەی لەناو كۆنگرە دەنگی ناڕازی هەبوە، بێگەرد تاڵەبانی وتی"دەنگی ناڕازی نییە، بەڵام ئێمە حزبین و باوەڕمان بە دیموكراسی هەیەو جیاوازیمان هەیەو رەنگە هەندێك كەسیش هەبن لەناو كۆنگرە بە نەخێر دەنگ بدەن."

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
ئەو 4 کوردە کێن کە لەلیستی "500 موسڵمانە کاریگەرەکەی جیهاندان"؟
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
پژاك: ئێران بۆردومانی سنوری مه‌ریوانی كردو له‌ سه‌رده‌شت خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆن ئاماده‌ده‌كات
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی عێراق بۆ داخستنی ته‌له‌گرام جێبه‌جێ ده‌كات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×