ئا: ئاوێنە
بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە، لە كۆنفرانسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی، هەمو ئەوانەی كە نزیك بون لە لێپرسراوی مەڵبەند دەنگی پێویستیان نەهێناوە بۆ بونە ئەندامی كۆنگرە كە 10 لێپرسراو بەشی مەڵبەندەكەی تێدایە. سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی هەولێری یەكێتییەوە دەڵێت، ئەنجامەكانی كۆنفرانس دەرخەری ناڕەزایەتی زۆری یەكێتییەكان بو لە ستافی ئێستای مەڵبەند.
سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی هەولێری یەكێتییەوە بە ئاوێنەی راگەیاند"ئەگەرچی کۆنفراسی مەڵبەندی هەمو جارەکان لەژێر هەژمونی لێپرسراوی مەڵبەندو تەکەتولەکەی یەکلادەبوەوە بەڵام ئەوەی لەکۆنفراسی مەڵبەندی هەولێر گوزەرا جیاواز بو لەبەشی هەرە زۆری مەڵبەندەکانی تر، ئەویش بە دەرنەچونی هەمو ئەوانەی نزیک بون لە لێپرسراوی مەڵبەند." بەشێوەک ئەنجامەکانی کۆنفراس مایەی دەرخستنی ناڕەزایی زۆر زۆری یەکێتییەکان بو لەستافی ئێستای بڕیاربەدەستی مەڵبەند.
سەرچاوەكە ئەوەشی وت"لەکۆنفراسی مەڵبەندی هەولێر ئەنجامەکان بەشێوەک بو کە تێیدا 10 لێپرسراو بەش نەیانتوانیوە دەنگی بون بە ئەندام کۆنگرە بەدەستبهێنن كە لەناویاندا لێپرسراوی بەشی رێکخستن و پەیوەندییەکان و دارایی و ڕێکخراوەکان و بەشی یاسایی و وەرزشی و ئەرشیف و ژنان و بەشی ئەمنی و ڕاویژکاری مەڵبەند بون."
بەقسەی ئەو سەرچاوەیە"لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر پێشتر لەڕێگای هەوڵدان بۆ رازیکردنی کادرەکانی لەڕۆژانی پێش کۆنفراس ویستی دەسەڵاتی ئەوەی پێبدرێ کە ئەو ئەندامانی کۆنگرە دیاری بکا، دوای ئەوەی بەشێک ڕازی نابن، ناچارە پەنا ببا بۆ پلانی دواتری ئەویش دروستکردنی لیستی تایبەت بو لەشەوی پێش هەڵبژاردن."
هەروەها سەرچاوەكە وتیشی"دەنگ نەهێنانی ئەم ژمارە زۆرەی لێپرسراوی بەشەکانی مەڵبەند دەرخەری ئەوەیە کە کادرانی ناو ئۆرگانە جیاجیاکانی ناو مەڵبەند بەو گۆڕانکاریانەی دوایی رازی نەبون لەسەر بنەمای تەکەتول كە لێپرسراوی مەڵبەند لەپێناو دروستکردنی هەژمون ژمارەیەک کادری لەدەرەوەی مەڵبەند هێناو فەرزی کرد بەسەر کادرە ماندوەکانی ئەو مەڵبەندە."
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاوێنە، وێرای دەنگ نەهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی لێپرسراو بەشەكان، هەروەها لێپرسراوی کۆمیتە نزیکەکانی لێپرسراوی مەڵبەندیش دەنگی بون بە ئەندام کۆنگرەیان نەهێناوە، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندیش بەر لەپرۆسەکە لەخۆپاڵاوتن كشاوەتەوە، كە بەپێی سەرچاوەكەی مەڵبەند"دڵنیابوە لەدەنگ نەهێنانی."
سەرچاوەكە وتیشی"پێشبینی دەکرێ ئەم ئەنجامەی کۆنفراسی مەڵبەندی هەولێر وا لە سەرکردایەتی هەولێری دوای کۆنگرەی پێنج بكات وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوی کوردستان گۆرانکاری ئیجباری سازبدا، لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری تەکەتوڵ کە ماوەیەکە لەم مەڵبەندە دروستکراوە."
هەروەها وتیشی"دەرنەچونی 10 لێپرسراو بەش لەمەڵبەندی هەولێر دۆخێکی ئیحراجی ناخۆشی بۆ لێپرسراو مەڵبەند دروست کردوە تەنانەت بۆتە هۆی تێکدانی ئەم پەیوەندە نائۆرگانییە پر لەتەکەتولبازیەی مەڵبەند کە ماوەیەکە لەمەڵبەند دروستکرابو."
دەنگەكانی لێپرسراوی بەشەكان لە كۆنفرانسەكە بەمجۆرە بوە:
لێپرسراوی بەشی رێکخستن/ حاکم سەمەد محەمەد ٤٨ دەنگ
لێپرسراوی بەشی دارایی/ سەروەر حەمزە فەرەج ٣٩ دەنگ
لێپرسراوی بەشی پەیوەندەکان/ عبدالقادر هەرکی ١١ دەنگ
لێپرسراوی بەشی ڕیکخراوەکان/ ئارامی لاوان ٤٥ دەنگ
لێپرسراوی بەشی یاسایی/ هەڵگورد عومەر قادر ١٩ دەنگ
لێپرسراوی بەشی ژنان/ پرشەنگ حسین على ٧ دەنگ
لێپرسراوی بەشی ئەمنی/ نەقیب عوسمان محمەمەد ٤٥ دەنگ
لێپرسراوی بەشی وەرزشی/ ڕيباز شیروان عبدالله ٤٧ دەنگ
لێپرسراوی ئەرشیف/ مامۆستا خەتاب ئەحمەد ٣٦ دەنگ
لێپرسراو بەشی راویژکاری/ سلێمان همزە عوسمان ٣٣ دەنگ
مەڵبەندی هەولێر وەك مەڵبەندەکانی تری یەكێتی، بۆ كۆنفرانس لە دو بازنەی هەڵبژاردن پیکهاتبو، ئەوانیش بازنەی بەشەکانی ناو مەڵبەند کە تێیدا 30 كەس خۆیان کاندید کرد، هەروەها بازنەی راوێژکاری و پشتیوانی کە ئەوانیش 8 كەس خۆیان کاندید کرد.
لەو ژمارەیە 12 كاندید دەرچون کە تێیدا نوێنەرایەتی مەڵبەندی هەولێر دەکەن لە پێنجەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.