ئا: ئاوێنە
ژینا ئەمینی، كچە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ساڵی رابردو لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەخلاقی تاراندا گیانی لەدەستدا، بۆ ئەمساڵ بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرڤ و ئازادیی یەكێتی ئەوروپا كە بە خەڵاتی ساخارۆڤ ناسراوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، كە ناوی كاندیدەكانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە بڵاوكردۆتەوە، ژینا ئەمینی و بزوتنەوەی ژنانی ئێران بەهێزترین كاندیدن بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە، كە لەلایەن سێ گەورەترین لایەن لە پەرلەمانی ئەوروپا، كاندیدكراون.
لەدوای ژینا ئەمینی و بزوتنەوەی ژنانی ئێران، سێ چالاكوانی ئەفغانی بواری پەروەردەو فێركردن كاندیدن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە كە لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپاوە دیاریكراون.
پاش ئەوانیش ئیلۆن ماسك، ملیاردێرو سەرمایەداریی ئەمریكی و خاوەنی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، لەلایەن فراكسیۆنی راستڕەوەكانی پەرلەمانی ئەوروپاوە كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.
جگە لەوانە چەند كەسایەتی و چالاكوانێكی دیكەش كاندیدكراون.
بڕیارە لە مانگی 12دا خەڵاتەكە ببەخشرێت.
خەڵاتەكە، بە یادی ئەندرێ ساخارۆڤ، یەكێك لە بەرهەڵستكارە ناودارەكانی دەسەڵاتی یەكێتی سۆڤیەتی جارانەوە، ناونراوە.