سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان رایگهیاند، ئەوانەی خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک دەکەن، پارەیان پێ دراوە، دەشڵێت، "هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێر هەیە، بەڵام دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکوک".
ئاوێنە: سەرەتای ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و ژمارەیەک لایەنی دیکە لە کەرکوک بۆ ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانە بتوانن بگەڕێنەوە شارەکە و دەست بە کار و چالاکییە سیاسییەکانیان بکەنەوە، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک کەس لە بەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی (مەکتەبی رێکخستنی ئێستا) خێوەتیان هەڵداوە و دژی کردنەوەی بارەگاکانی ئەو حزبە لە کەرکوک خۆپیشاندان دەکەن و رێگەی سەرەکی کەرکوک – هەولێریان داخستووە.
عیرفان کەرکوکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان به كوردستان 24ی راگهیاند: "من بە ناوی گەلی تورکمان جەخت لەوە دەکەمەوە، هەندێک لایەن لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بە ناوی تورکمانەوە لە دژی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی راگەیەندراو دەردەکەن و لێدوان دەدەن، ئەوانە نوێنەرایەتی خەڵک و لایەنی تورکمانی لە کەرکوک ناکەن".
وەک عیرفان کەرکوکی ئاماژەی پێدا، "ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کەرکوکیان داگیرکردووە و خۆیان بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاندووە، بەتایبەت عەسائیبی ئەهلی حەق، ژمارەیەک بەڵتەچییان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەناوی عروبەت و تورکمانەوە خۆپیشاندان لە دژی بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی ژماریەک حزب و بەتایبەت بارەگاکانی پارتی ئەنجام بدەن".
وتیشی: "ئەوانەی خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک ئەنجامدەدەن و رێگەی کەرکوک – هەولێریان داخستووە، لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەو لایەنانەی شارەکەیان داگیرکردووە، پارەیان پێ دراوە و ئەوانە لە راستیدا نوێنەرایەتی شەقام و خەڵکی کەرکوك ناکەن".
بڕیارە رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت. دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 ئەنجام درا.
بە وتەی عیرفان کەرکوکی، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی ماوەی چەند رۆژێکە هەوڵدەدەن پشێوی لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک دروست دەکەن، "مەبەستیانە هەندێک دەستکەوت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەدەستبهێنن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بە کورد، تورکمان، کلدان و عەرەبەوە زۆر لەوە هۆشیارترن".
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان وتیشی: "بەداخەوە هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە کەرکوک بەشێوەیەکی دیکە رەفتار دەکەن و لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک راگەیەندراو بڵاودەکەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن. پێویستە ئەو لایەنانە بەخۆیاندا بچنەوه".