"دەسەڵاتی کوردی لەهیچ جێیەکی کەرکوک نەماوە"
  2023-08-20       2084       

ئا: ئاوێنە

 

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوک رایگەیاند، دەسەڵاتی كوردی لە هیچ جێیەكی كەركوك نەماوە. دەشڵێت،  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کورد هەڵبژاردنێکی هەستیارە، دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی بەشێک لەو دەسەڵاتانەی کە پێشتر لەو شارە لەدەستیداون.

 

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەسەڵاتی کوردی لە هیچ جێگەیەکی کەرکوک نەماوە، دام و دەزگاکان بەدەست کوردەوە نەماون، بۆیە هەڵبژاردن تایبەتمەندی خۆی هەیە بە نیسبەت کوردەوە."

عەبدولرەحمان مستەفا، وتی"ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 41 کورسییەوە بۆ 16 کورسی بە کۆتاوە کەمکراوەتەوە، بۆیە کێبەرکێی نێوان لایەنەکان بەهێز دەبێت و هەمو لایەک هەوڵی بردنی کورسی زیاتر دەدات."

پارێزگاری پێشوتری کەرکوک، لەبارەی ئەوەی كورد بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكەن، وتی"پەرتەوازەیی زیان زۆر لە کورد دەدات، بە فیڕۆچونی دەنگەکان بۆ کورد خراپە، دەبوایە کورد یەک لیستی هەبوایە، یاخود هەر هیچ نەبوایە لە دو لیست زیاتری نەبوایە."

عەبدولرەحمان مستەفا پێیوایە، هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەرفەتێکە بۆ کورد، تا بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بەدەست بهێنێتەوە.

وتیشی"گەر کورد دەنگی پێویست نەهێنێت، ناتوانێت دەسەڵاتە لەدەستچووەکانی بەدەست بهێنێتەوە، پەرتەوازەیی لەبەرژەوەندی هیچ لایەک نییە."

نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس مافی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیەو جگە لە کورسییەکی کۆتا، لایەن و پێکهاتەکان کێبەرکێ لەسەر 15 کورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە دەکەن.

عەبدولرەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوک، ئەوەشی وت"ناتوانرێت بۆ چارەنوسی پۆستی پارێزگار پێشبینی بکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردن چارەنوسی ئەو پۆستە یەکلایی دەکاتەوە، هەرلایەک زۆرترین کورسی بەدەست هێنا، ئەو لایەنە پۆستی پارێزگار هەڵدەبژێرێت."

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کورد نزیکەی 176 هەزار دەنگ و عەرەبیش نزیکەی 166 هەزار دەنگی لە کەرکوک هێنا، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی تورکمان لەو پارێزگایە نزیکەی 85 هەزار دەنگ بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×