سلێمانی بۆ میت بوەتە گۆڕەپانی رەشەکوژی‌‌و تیرۆر
  2023-06-10       2881       

ئا: ئاوێنە

 

بەثێی راپۆرتی ANF رێکخستنی هەواڵگری دەوڵەتی تورک (میت) بەهاوکاری نۆکەرو سیخوڕەکان باشووری کوردستان و بەتایبەتی سلێمانییان کردوەتە شوێنێک بۆ ئەنجامدانی تیرۆر.

 

بەیانی رۆژی هەیینی ٩ی حوزەیران، ئەندامێکی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی لەبەردەم ناوەندی کۆمەڵەکە هێرشی چەکداریی کرایەسەر و بریندارکرا، بەهۆیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەو پاشان گیانی لەدەست دا.

 

ئەم ئەندامەی هێرشی کراوەتە سەر، ناوی "حوسێن ئاراسان"ەو خەڵکی شاری مێردینی باکووری کوردستانە، ساڵی ١٩٧٨ لە شاری ئەزمیر لەدایکبوە، بەهۆی کاری سیاسی‌و فشاری دەوڵەتەوە تورکیای بەجێهێشتوەو لەشاری سلێمانی نیشتەجێ بووە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی راپۆرتێکی  ANF "لەباشوری كوردستان تیرۆری سیاسی لەلایەن میتەوە بەرامبەر بەپەنابەرانی باکوری کوردستان روو لەهەڵكشانە بەتایبەتی لەشاری سلێمانی، کە لەماوەی یەك ساڵی رابردودا پێنج هێرشی چەكداری تیرۆریستی چوار كەس شەهید بوون و لەدهۆکیش وڵاتپارێزێک شەهیدبووە".

 

یەكەمین هێرش: لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا لەشاری سلێمانی هاووڵاتیەك بەناوی فەرهاد بارش كۆندۆ كوردێكی باكوری كوردستان كرایە ئامانج و بەسەختی بریندار بوو.

 

دووهەمین هێرش: لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ئەندامی كۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەكەكە لەباشوری كوردستان"یاسین بۆلووت"، ناسراو بەهەڤاڵ شۆكری سەرحەد لەشاری سلێمانی لەئەنجامی هێرشێكی ئەندامانی میتی دەوڵەتی داگیركەری تورك كرا ئامانج و شەهید بوو.

 

سێیەمین هێرش: شەوی ١٧ی گوڵانی ٢٠٢٢ محەمەد زەكی چەلەبی كەسایەتی وڵاتپارێزی باكوری كوردستان و خاوەن رستۆرانتی دەنیز لەگەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی درایە بەدەسترێژی گوللە و لە ١٨ی گوڵان لەنەخۆشخانەی شاری شەهید بوو. تا ئێستا لەسەر بكەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە هیچ زانیاریەك ئاشكرا نەكراون.

 

چوارهەمین هێرش: لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ وڵاتپارێز و كەسایەتی ناسراو و ئەندامی دیوانی سەرۆكایەتی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان"سۆهەیل خۆرشید عەزیز"مامۆستا شەماڵ" تیرۆر كرا.

 

پێنجەمین هێرش: لەگەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی لەچواری تەشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ سەرنوسەری كۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی لێكۆڵینی ژنۆلۆژی و چالاكی بواری ژنان و ئاكادیمسین"ناگیهان ئاكارسەل"، تیرۆر كرا.

 

شەشەمین هێرش: لە شاری دهۆکی باشووری کوردستان لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٣ دا لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری وڵاتپاڕێزک بە ناوی حسێن تورەلی کە وەک پەنابەر لەو شارە دەژیا تیرۆر کرا و شەهیدبوو. پێشتریش لە هێرشێکی چەکداریدا تورەلی بریندارببوو.

 

جێگای سەرەنجە تا ئێستا لەسەر دەستگیركردنی بكەرانی ئەو كردەوانە هیچ زانیاریەك بۆ رای گشتی لەلایەن دەزگا ئەمنی و ئاسایشیەكانەوە بڵاو نەكراوەتەوە.

 

 ANF دەڵێت "بکوژانی ئەو هێرشانە هەموویان بەرەو هەولێر هەڵدین و لەلایەن دەزگای هەواڵگری پارتی (پاراستن)ەوە داڵدە دەدرێن. لە رووداوی تیرۆرکردنی یاسین بوڵوت و زەکی چەلەبیدا سەرباری هەموو بەڵگە سەلمێنراوەکان بکوژان دەستگیرنەکران و ئاشکرابوو کە روویان کردووەتە هەولێر".

 

 دەشڵێت "دەسەڵاتداری ئاکەپە مەهەپە لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ بەدواوە کۆنسێپتی شەڕی خستووەتەکار. لەتەموزی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا تورکیا سەدان جار لە ناوچەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و لە رۆژانی رابردوودا ئەو هێرشانەی چڕکردووەتەوە. لەئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شەنگال و مەخمور لانیکەم ١١٢ کەس کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە شەهیدبوون".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×