ئا: ئاوێنە
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، رۆژێك بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان هاتۆتە لای و داوای لێكردوە، بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەی دانیشتەكە زیاد بكرێت، "وتم، رازی نیم"، هێمن هەورامی وتی، "جەنابی سەرۆك پێی وتوم بیكەم...ئەبێ بكرێت."
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و گرژییەكانی كۆبونەوەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمان رایگەیاند"یەكێتی پێش ئەوەی بچێتە نێو كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، رێككەوتنێكی سیاسی ئیمزاكردوە، لە رێككەوتنە سیاسییەكەدا بەئاشكرا هاتوە كە لە بابەتە گرنگە چارەنوسسازەكانی وەكو دەستور و هەڵبژاردن و ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، سەرۆك و جێگری پەرلەمان و فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بەیەكەوە ئەركەكە جێبەجێ دەكەن."
وتیشی"بەهەمان شێوەی ئێمە، بزوتنەوەی گۆڕان كە بەشداری كابینەی حكومەتی كردوە، رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی ئیمزاكردوەو خاڵێكی تێدایە كە بابەتەكانی دەستورو هەڵبژاردن و ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بە سازانی نیشتمانی ئەكرێت."
جەختیشی كردەوە "سەرۆكی پەرلەمان بە دیاریكراوی بەرپرسە لە پاراستنی حورمەتی ئەو رێككەوتنە سیاسیانەو بەرپرسە لەوەی ئەو سازانە نیشتمانییە بێتەدی، ئەگەر خەڵكێك لەبیری چو بیری بخاتەوەو بڵێ ئێمە رێككەوتنمان كردوە كە بە سازان بێت، بەتایبەتی بابەتی هەڵبژاردن بەبێ رێككەوتن و بەبێ سازان ناكرێت. تەنانەت ئەگەر پارتی و یەكێتیش رێكبكەون بەبێ هێزەكانی تر هەڵبژاردن هەر ناكرێت."
لەبارەی ئەوەی دەوترێت یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، سەرۆكی پەرلەمان وتی"هەزاران جار گوێتان لەو قسەیە بوە كە ئەوە یەكێتییە نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت...یەكێتی دۆخی خراپ نییە، كۆی حزبە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان دۆخیان خراپە، ئەویش پەیوەندی بەوەوە هەیە رەنگە وەك پێویست نەمان توانی بێت خزمەتی خەڵك بكەین، ئەوە نییە دۆخی حزبەكانی تر زۆر باش بێت و دۆخی یەكێتی خراپ بێت، هەمومان لە بەردەم قەیرانێكین كە قەیرانی كەمی متمانەیە بە حزبی سیاسی."
وتیشی"بۆیە هەوڵەكانی ئێمە بۆ ئەوە بوە كە سازانی نیشتمانی هەبێت، نەك لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردن ئەترسین، چونكە حزبی ئێمە هەوراز و نشێوی زۆری بینیوەو حزبی ترسان لە هەڵبژاردن نییە."
لەبارەی كۆبونەوەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگە كە پارتی دەڵێت، تێیدا كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، رێواز فایەق وتی"هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی هێشتا لە پیرمام لە كۆبونەوەدا بون، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ مونا قەهوەچی هاتبون داوایكرد كە دەبێت كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ دانیشتی پەرلەمان زیاد بكرێت، وتم رازی نیم، لەبەرئەوەی هێشتا وەفدەكەمان لە پیرمامەو لە كۆبونەوەدان و پێیان نەوتوم كۆبونەوە بكرێت، بۆیە رازی نیم و ئێستاش ناتوانین دایبنێین لەبەرئەوەی سەعات 3یە، بەیانی كۆبونەوە سەعات 10یەو ناكاتە 24 سەعات، دایمەنێ چونكە قبوڵی ناكەم."
رێوازی فایەق ئەوەشی خستەڕو، هێمن هەورامی وتی، "من جەنابی سەرۆك پێی وتوم بیكەم، لەبەردەمی ئێمەدا تەلەفۆنێكی بۆ هات، وتی ئەوە تەلەفۆنی جەنابی سەرۆكە ئەڵێ، بیكە، ئەبێت بكرێت. وتم، تۆ بیكەم ئێمەش دەزانین چی ئەكەین."
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتیشی"ئێمە بڕیارماندا ئەو دەسەڵاتەی یاساو پەیڕەو پێی داوین بەكاری بهێنین. چۆن دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە رۆژی كۆبونەوە دیاری بكات، هەر لەو بڕگەیەدا هاتوە كە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە كە دانیشتن دوابخات و كۆتایی پێ بێنێت، كردنەوەی دانیشتن، سەرۆكایەتیكردنی، دواخستن و كۆتایی پێهێنان و دیاریكردنی رۆژەكەی یەك ماددەیە."
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "من ویستم لەناو هۆڵی پەرلەمان بەریەككەوتن رونەدات، تەسەورم دەكرد كە دانیشتنەكە كۆتایی پێ دێنم هەمو شتێك كۆتایی دێت، چونكە لەڕوی پەیڕەوی و یاساییەوە هەمو شتێك كۆتایی دێت."
جەختیشی كردەوە "بۆیە ئەوەی رویداوە نایاسایی و ناپەیڕەوییە. ئیرادەی یەكێتی و ئیرادەی هێزە سیاسییەكانی تر كە هەمو پێكەوە پاكێجێكمان هەبوە، ناكرێت هەڵبژاردنمان لەسەر فەرز بكرێت بەو یاسایە، ئیرادەیەكە دەبێت یەكگرتو و خۆڕاگر بێت، هەر ئەوەش لە یەكێتی چاوەڕێ ئەكرێت كە فەرزی ئیرادەی قبوڵ نەبێت و ئەو كۆمسیۆنەش بەمردویی لە دایكبوە. بەكارهێنانی وەزارەتی دادیش جێی داخە، وەزیری داد لە هەمومان باشتر دەزانێت ئەوەی رویداوە نایاساییە، بەڵام بەداخەوە ئیرادەی راگرتنی نەبو."
ئاماژەی بەوەشدا "هیوادارین سبەینێ ئەنجومەنی دادوەریی رۆڵی یاسایی و ئەخلاقی و پیشەیی خۆی ببینێت نەبێتە بەشێك لە پرۆسەیەكی نایاسایی كە بەڕێوەدەچێت، چونكە یەكێتی بژاردەی تری هەیە بۆ راگرتنی ئەو مەسەلەیە."