ئا: ئاوێنە
هەدەپە کە تاکە پارتی یاسایی کوردە لەتورکیاو لەچوارچێوەی هاوپەیمانی رەنجو ئازادیدا چووە هەڵبژاردنی گشتی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی تورکیاوە، بەراورد بەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لەملیۆنێک دەنگی لەدەستدا، بۆچی؟
دەنگەکانی هەدەپە لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا ١١.٧% بوو، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا ٨.٨%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، هەرچەندە کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە گوشارە بەردەوامەکانی سەر هەدەپە لەچوار ساڵی رابردوودا کاریگەریی ئەم پارتەکەیان لاواز کردو هاوسەرۆکانی پێشوویو ١٠ پەرلەمانتاریی خرانە زیندانەوە یان رویان کردە وڵاتانی ئەوروپاو هاوکات ١٠ هەزار ئەندامیشی بەبیانووی جۆراوجۆر ئێستا لەزینداندانو میدیا گەورەو سەرەکییەکان بایەخیان بەهەدەپە نەداو وەک دەڵێن "هەدەپە بەتیرۆرکراوی چووە هەڵبژاردنەوە"، بەڵام ناکرێ چاو لەو راستییەش دابخرێت کە هەدەپە دەیتوانی باشتر هەنگاو بەرەو هەڵبژاردن بنێتو گوتاری سیاسیو دیاریکردنی کاندیدو پشتگیریی کردنی کەمال کلیچدارئۆغڵوو هاوپەیمانیی کردنی لەگەڵ چەپەکان جێی رەخنەیە.
(هەدەپە) کە بەهۆی دۆسیەی داخستنیەوە لەچوارچێوەی لیستی (پارتی چەپی سەوز)و هاوپەیمانی رەنجو ئازادیدا چوە هەڵبژاردنەوە، زۆرترین دەنگی لە شارە گەورەکانی ڕۆژئاوای تورکیادا لەدەستدا، بەڵام توانی بەشێکی دەنگەکانی لەناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتو باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا بپارێزێت.
بەپێی ئەو ئامارو زانیاریانەی بڵاودەبنەوە "زۆربەی ئەو دەنگانەی هەدەپە لەشارە گەورەکان چوون بۆ جەهەپەو پارتی کرێکارانی تورکیای هاوپەیمانی"، لەبەرئەوەی بەشیکی گرنگی گوتاری سیاسیو ستراتیجی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا ئاڕاستەکردنی دەنگدەرانی بوو بۆ پشتیوانی کردن لەسەرۆکی جەهەپە "کەمال کلیچدارئۆغڵو"، ئەمەش وایکرد بەشێک لەو دەنگدەرانەی پێشتر لەشارە گەرەکانی رۆژئاوای تورکیا دەنگیان بەهەدەپە دابو، دەنگ بدەن بەجەهەپەو رو لەهەدەپە نەکەن".
هاوکات هاوپەیمانی هەدەپە لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا TİP، وایکرد کە زیاتر وەک پارتێکی چەپ دەرکەوێت لەوەی پارتێکی کوردی بێت، ئەمەش هۆکارێک بو کە وایکرد هەدەپە دەنگەکانی لەدەستبدات، لەکاتێکدا پێویستی بەوە بو تەنانەت یەک دەنگیشی لەدەست نەچێت بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی ١٠%.
گرفتێکی گەورەی دیکەی هەدەپە گوتاری سیاسی ئەم پارتە بو، کە "هەدەپە نەیتوانی گوتارێکی سیاسی بەرهەم بهێنێت هەمو کۆمەڵگا بگرێتەوەو زمانی هەڵمەتی هەڵبژاردنو هێڵە سیاسیەکانی سەرنجی هەموو کۆمەڵگا ڕابکێشێت. هاوکات گرفتێکی دیکە ئەوەیە کۆی گوتاری سیاسی هەدەپە بەدرێژایی چەند ساڵێکە لەدژایەتی سەرۆک کۆماردا چڕ بوەتەوە، کە ئەمە بەتەنها بۆ زیاتر کردنی دەنگەکانی دادی نادات، هەمو ئەمانەش ئەگەری هەیە رەوتی هەڵکشانی "هەدەپە" کۆتایی پێبهێن.
چاودێرانی سیاسی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی لەدەستدانی دەنگەکانیەوە، زیانێکی گەورەی بەرکەوتوە، لەبەرئەوەی هەردوو هاوپەیمانیە گەورەکەی هەڵبژاردنی تورکیا "جمهور"و "میللەت"، کە ئاکەپەو جەهەپە رابەرایەتی دەکەن، زۆرینەی کورسییەکانیان لەپەرلەمان بەدەستهێناوەو هەدەپە ناتوانێ رۆڵی پارسەنگ ببینێتو هەڵوێستی خۆی لەهاوکێشەکاندا پێبەهێز بکات، لەلایەکی دیکەشەوە هەرچەند پشتیوانی لەکلیچدارئۆغڵو کرد، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتنی یەکلاییو مسۆگەر بکات، هەموو ئەمانەش وادەکات کە زیانی هەدەپە هەر زیانی کەمبونەوەی ژمارەی دەنگو پەلەمانتار نەبێت، بەڵکو پەل بهاوێت بۆ زیانی سیاسیش.
بەرپرسانی هەدەپە بەر لەچونە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆچونیان وابو کە دەتوانن ببنە "پارتی یەکلاکەرەوە" لەهەردو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیو گشتیداو پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە هەدەپە ١٣%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.، بەڵام بەپێی دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئێستا هەدەپە نەبڕیاردەری سەرەکییە لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتییو نەدەتوانێ پەرلەمانیش ئاراستە بکات، وەک پێشتر بانگەشەی بۆ ئەکرد.
ئەم جۆرە گوتارەش دیسان زیانی پێگەیاند، بەتایبەتی کاتێک کە دەستبەرداری سیاسەتی بەسەنتەر کردنی داخوازییە سیاسییەکانی خۆی بو، بڕیاڕیدا بۆ سەرۆکایەتی پشتگیری لەکەمال کلیچدارئۆغڵو بکاتو بۆ پەرلەمانیش کاندیدەکانی TİP، بەم هەنگاوەش جەهەپەو سەرۆکەکەی بەهێز کردو دەنگەکانی TİPیشی بەرز کردوە، بەبێ ئەوەی هەدەپە خۆی هیچی دەستکەوێت، تەناتەت سەرەنجام رۆڵی ئەویشی لاواز کرد.