ئەنجامی نوێترین 10 راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی تورکیا چیمان پێدەڵێن؟
  2023-05-11       3001       

ئا: ئاوێنە

پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، لە راپۆرتێكدا ئەنجامی 10 راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە خستۆتەڕو، كە بەپێی تێكڕای راپرسییەكان، كەمال كلیچدارئۆغلۆ، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت لە پێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە.

پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئەنجامەكانی 10 راپرسی كە لەنێوان 25ی نیسان تا 9ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامدراون، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگەكانی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، كاندیدەكەی هاوپەیمانی میللەت بەتێكڕاو بەڕێژەی 2.1 لە پێش دەنگەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدەكەی هاوپەیمانی كۆمارەوە.

لە راپۆرتەكەی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردندا ئاماژە بەوە دراوە، بەڵام بەو پێیەی كە دەنگەكانی هیچكام لە كاندیدەكان نەگەیشتۆتە زۆرینەی رەهای 50+1، پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنەكە بكەوێتە گەڕی دوەم، كە دو هەفتە دواتر و بەدیاریكراوی لە رۆژی 28ی ئەم مانگەدا لەنێوان دو بەهێزترین كاندیددا واتە كلیچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان-دا ئەنجام دەدرێت، هەر كام لەو دو كاندیدە دەنگی زۆرتری بەدەستهێنا، بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێتە سەرۆك كۆماری توركیا.

راپۆرتەكەی پەیمانگای كوردی و 10 راپرسییەكە، بەر لە كشانەوەی محەڕەم ئینجەن لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە ئەمڕۆ بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو كشانەوەی خۆی لە كاندیدبون بۆ سەرۆكایەتی راگەیاند.

چاودێران پێیانوایە كشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە پێشبڕكێكە ئەگەری سەركەوتنی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكایەتی، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر دەكات.

لە راپۆرتەكەی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردندا، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هاتوە، یاسای هەڵبژاردنی توركیا، حزبە بچوكەكانی ناچار كردوە بچنە نێو چوار هاوپەیمانییەوە كە پێكدێن لە: هاوپەیمانی كۆمار بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، هاوپەیمانی میللەت بە سەرۆكایەتی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە سەرۆكایەتی پارتی چەپی سەوز(هەدەپە)، هاوپەیمانی باوان بە سەرۆكایەتی سینان ئۆغان.

پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەگوێرەی ئەنجامی 10 راپرسییەكەو بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستی دەهێنن لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لە كۆی 600 كورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی كۆماری ئەردۆغان 278 كورسی، هاوپەیمانی میللەتی كلیچدارئۆغلۆ 251 كورسی، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەمیرتاش 71 كورسی بەردەكەوێت.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی تەواوی راپۆرتەكە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×