ئا: ئاوێنە
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وردهكاری دانوستانهكانی نێوان پهكهكه و توركیا له رابردودا ئاشكرا دهكات و دهڵێت، لە 2005وە تا 2015 بەردەوام دۆخێکی پەیوەندی لەئارادابو، سەرەتا 2005 رێکخراوێکی نێونەتەوەیی بوە نیوەندگیر، چونە تورکیا و لەگەڵ ئەردۆگان كۆبونهوه و دواتریش سهردانی قهندیلیان كرد، دهشڵێت، "هاکان فیدان وتی بۆئەوەی دۆخهكه چارەسەر بکات پێشنیاری كرد سەردانی قەندیل بکات و دیدار لەگەڵ مندا ئەنجام بدات، بهڵام رهتمكردهوه".
موراد قەرەیلان لە چاوپێكهوتنێكدا لەگەڵ فورات نیوز رایگەیاند، "ئەو سیاسەتانەی کە دهسهڵاتی ئاكپارتی لە دوایین هەڵبژاردنەکانەوە تاوەکو ئێستا پەیڕەوی دەکات، لەسەر بنەمای پلانی شکستی ساڵی 2016 دامەزراون، واتا وەک دەرئەنجامی پراکتیکی کە پلانەکەی دامەزراند، لە مانگەکانی هاوینی 2015 تا ئێستا هەمان سیاسەت بەڕێوەدەبەن، بۆیە هاوپەیمانی ئاكپارتی و مەهەپە و ئەرگەنەکۆن بەشێوەیەکی سەرەکی پلانیان دانا بۆ پاراستنی رژێم و درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان لە پێناو گەیشتن بە پلانی شکست بەرامبەر گەلی کورد، ئامانجیان ئەوەبو دەستکەوتەکانی کورد لەناو ببرێت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئاكپارتی ئێستا هەوڵ دەدات ئێمە واتە پەکەکە وەک تۆقێنەر نیشان بدات، وەک ئەوەی بڵێت وای بەحاڵی ئەوەی پەیوەندی پێوەدەکەن یاخود سڵاوی لێدەکەن، ئەوەی زیاتر لە هەموان پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە خودی ئاكپارتییه، ئاكپارتی وەک بازرگانێکە، خاوەنی ئەقڵیەتێکی زۆر پراگماتییە، پێشتریش لەپەیوەندیدابو لەگەڵ ئێمە، بەردەوام ئامانجی ئەوە بو کە سود لەو پەیوەندییانە وەربگرێت، بەڵام بۆیان دەرکەوت کە رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەی ئازادی پێداگرن لەسەر دیموکراتیکبونی تورکیا، بە پرەنسیپەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکەن و سازش بۆ سیستمی دیکتاتۆری ناکەن".
پهیوهست به پهیوهندی نێوان پهكهكه و ئاكپارتی، قەرەیلان دهڵێت، "لە راستیدا 11 ساڵ لە 2005وە تا 2015 راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، بەردەوام دۆخێکی پەیوەندی لەئارادابو، هەڵە نییە ئەگەر مرۆڤ بڵێت ئەو کاتانە پەیوەندی پەکەکە و ئاکپارتی لە ئاستی جیاجیادا هەبون، سەرەتا ساڵی 2005 رێکخراوێکی نێونەتەوەیی بوە نیوەندگیر، کە چونە تورکیا و لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەردۆگان دیداریان ئەنجامداوە، ئەویش نێوەندگیریەکەی قبوڵ کردوە و ئەوانی بۆ لای ئەمرە تەنەر ناردوە کە ئەوکات راوێژکاری میت بو، هەربۆیەش ویستبویان لەوبابەتەدا رای ئێمەش وەربگرن، ئێمەش قەبوڵمان کرد".
وتیشی، "ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت پرسی کورد لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت لەو بابەتەدا هەموان دەزانن کە رێبەرمان بۆ ماوەی چەندین ساڵی دور و درێژ زۆر هەوڵیدا، ئەگەر لە بابەتی چارەسەری پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیک-سیاسیدا هیوایەک هەبێت ئێمە ئەوە دەقۆزینەوە، هەربۆیە ئەو پێشنیازەمان هەڵسەنگاند کە خرایە بەردەممان و لەپێناو چارەسەری دیموکراتیکدا رێگەمان بۆ قۆناغی دیالۆگ کردەوە".
لە ئەیلولی 2008 تا نیسانی 2011 لە نێوان شاندی فەرمی تورکیا و شاندی پەکەکەدا دیدار ئەنجامدران
قەرەیلان دهڵێت، "ئەو گروپە نێونەتەوەییە ماوەیەکی زۆر هاتوچۆی لای ئێمەی کرد، پەیامی هێنا و پەیامی بردەوە، دواجار شاندەکان روبەڕو لە بەلجیکا کۆبونەوە، دواتریش لە ئەیلولی 2008 تا نیسانی 2011 لە نێوان شاندی فەرمی تورکیا و شاندی پەکەکەدا بە شێوەیەکی رێکوپێک دیدار ئەنجامدران، ژمارەکەیم بە باشی لەبیر نییە، بەڵام لە تۆمارەکاندا هەیە، ساڵی چەندجار شاندی ئێمەیان بە شێوەی فەرمی لە هەولێرەوە وەردەگرت و دەیانگواستنەوە بۆ ئۆسلۆ، هەروەها بەشێکیش لە شاندی ئێمە لە بەلجیکاوە دەچونە ئۆسلۆ، شاندی تورکیش دەهاتە ئەوێ و دیدارەکان بەم جۆرە ئەنجام دەدران".
شاندەکەی ئێمە ناوەڕۆکی هەمو دیدارێکی بە کورتی و پوختی دەکردە راپۆرتێک و رادەستی شاندی تورکیای دەکرد ئەوانیش دەیانبردە ئیمڕاڵی
قەرەیلان باس لهوهشدهكات، "شاندەکەی ئێمە ناوەڕۆکی هەمو دیدارێکی بە کورتی و پوختی دەکردە راپۆرتێک و رادەستی شاندی تورکیای دەکرد، ئەوانیش دەیانبردە ئیمڕاڵی و رادەستی رێبەر ئاپۆیان دەکرد، بە کورتی بۆ چارەسەری کێشەکە پەیوەندییەکی بەم جۆرە هەبو و ئەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئارامی داهاتوی تورکیا شتێکی ئەرێنی بو، ئەگەر بگەیەنرایە سەرکەوتن بۆ تورکیا، بۆ گەلی کورد گونجاوترین شت دەبو، ئەگەر بگەیشتایە سەرکەوتن لەمڕۆدا کێسەکانی گەلانی تورکیا بونیان نەدەبو".
ههروهها دهڵێت، "لە ئەنجامی دانوستانەکاندا لە بەهاری 2011دا لێکتێگەیشتنی هاوبەش ئامادەکرا، ئەو لێکتێگەیشتنەی شاندەکان لەسەری رێککەوتن، رادەستی حکومەتی ئاكپارتی کرا، بەڵام دواتر وەڵام نەدرایەوە و بابەتەکە بە لێڵی و ناڕونی مایەوە، دواتریش بەرێوەبەرانی ئاكپارتی باسیان لە تاکتیکی سریلانکا لە دژی تامیلەکان کرد و دەستیان بە قۆناغی شەڕ کرد، لە کۆتایی ساڵی 2012 لە ئیمڕاڵی جارێکی تر دیدار لەگەڵ رێبەرمان ئەنجامدرا و قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرا".
بەڕێوەبەرایەتی ئەنقەرە بە مەبەستی دەرچون لە بنبەست مام جەلال تاڵەبانی هێنایە سەر هێڵ
ههر له درێژهی باسهكهدا لهبارهی دانوستانهكان، رونیكردوهتهوه، "ساڵی 2010 هەندێک جار دۆخەکە گەیشتە بنبەست، بەڕێوەبەرایەتی ئەنقەرە بە مەبەستی دەرچون لە بنبەست بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی هێنایە سەر هێڵ، لەگەڵ ئەویش دیدارمان هەبو، لەسەر بنەمای پێشنیاری شاندی تورک بۆ مام جەلال تاڵەبانی، ئەو خۆی رۆشنبیر و سیاسەتمەداری ناسراو محەمەد ئەمین پێنجوێنی وەک نوێنەری خۆی ناردبو بۆ ئەنقەرە، لەوێ لەگەڵ یهكێتی گەیشتنە ئەو ئەنجام و بڕیارەی کە چارەسەری کێشەکە لە ئۆسلۆ بە گفتوگۆ- دیالۆگ بەرەوپێش ناچێت، کارە راستەکە ئەوەیە لە نێوان ئەنقەرە و قەندیلدا هێڵێکی راستەوخۆ سازبکرێت، ئەمە بڕیاری هاوبەشی یهكێتی و حکومەتی ئاكپارنی بو، یهكێتی ئەوەی بە ئێمە گەیاند، بەڵام ئەوەمان قەبوڵ نەکرد".
لهبارهی ئهوهی بۆچی به پێشنیارهكه رازی نهبون، وتی، "لەبەر ئەوەی وەک کۆتاییهێنان بە دیدارەکانی ئۆسلۆ نیشان دەدرا و بۆ چارەسەری کێشەکە لە رێگەی دیالۆکیشەوە دانوستانەکانی نێوان قەندیل و ئەنقەرە نیشان دەدرا، بەڵام لە بنەڕەتەوە ئیمڕاڵییان کردبوە ئامانج، بە شێوەیەکی شاراوە تاکتیکێکی بەو جۆرەیان هێنایە کایەوە کە رێبەر ئاپۆ پەراوێز بخەن، دەیانگوت بۆچی کەسانی بیانی بۆ ئێمە ببنە نێوەندگیر، ئێمە خۆمان گفتوگۆ دەکەین و کێشەکانمان چارەسەر دەکەین، لەم بابەتەشدا با مام جەلال یارمەتیدەر بێت، ئەوە بەڵام لەو پلانەدا ئیمڕاڵی خرابوە دەرەوەی بازنەکە، هەربۆیە نەکەوتینە ناو ئەو تاکتیکەوە، ئەوەمان رەتکردەوە، هەروەها لەبەرئەوە بۆ ئەوەی یهكێتی بە هەڵە تێنەگات پەیامێکی تایبەتمان نارد و دیدارمان لەسەر بابەتەکە سازکرد، دواتر لەنێوان یهكێتی و تورکیادا قۆناغێکی ساردبونەوەی پەیوەندییەکان دەستیپێکرد".
پهیوهست به باسكردن له كۆبونهوهی لهگهڵ هاكان فیدان، قهرهیلان دهڵێت، "هاکان فیدان رایگەیاند کە بۆئەوەی دۆخی بە بنبەست گەیشتو چارەسەر بکات خۆی سەردانی قەندیل بکات و دیدار لەگەڵ مندا ئەنجام بدات، من ئەوکاتە سەرۆکی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە بو، یهكێتی بە پێداگریی زۆرەوە پێشنیازیان کرد و وتیان، ئێمەش بە شاندێک لە بەڕێوەبەرایەتیمان دێینە قەندیل؛ هاکان فیدان دەیەوێت راستەوخۆ دیدارتان لەگەڵ ئەنجام بدات، ئەمە باشە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دیدار لەگەڵ ئەو باش دەبێت، ئێمە ئەوەمان قەبوڵ نەکرد. وتم، ئیمڕاڵی زۆر لە ئەنقەرەوە نزیکترە، با لەوێ دیدار ئەنجام بدەن، بۆچی ئەو بێتە ئێرەوە دیدار لەگەڵ من ئەنجام بدات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پێسنیارەمان بۆ دیدار رەتکردەوە".
لهبارهی دیدارهكان له ساڵی 2012دا، قهرهیلان دهڵێت، "لە کۆتایی ساڵی 2012 قۆناغی دیدارەکان لە ئیمڕاڵی لە ئارادابون کە رای گشتی بە وردی ئاگاداریان بو، لەوێشدا شاندێکی هەدەپە نێوەندگیری کرد، هەدەپە هەم کاراکتەرێکی چارەسەری بو، هەمیش رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕا، چەندین جار بە ئاگاداری دەوڵەتی کۆماری تورکیا هاتە قەندیل، ئەنجامی دیدارەکانی بە ئێمە گەیاند، تێڕوانینی ئێمەشی وەردەگرت و لە دیدارەکاندا دەیگواستنەوە، بە شێوەیەکی ئاشکرا نامەمان نارد، ئەو نامانە رادەستی دەوڵەتی تورکیا دەکران، دەوڵەت دوای ئەوەی دەیخوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی دەکرد لە ئیمڕاڵی رادەستی رێبەر ئاپۆی دەکردن، هەمو ئەوانە یاسایی بون، هەروەها ئەوکاتە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەوکەسانەی ئەو کارە دەکەن دادگایی نەکرێن یاسایەک ئامادەکرا، بەڵام دواتر زانرا کە ئەوان یاسایان تەنیا بۆ خۆیان داڕشتوە".
قهرهیلان باس لهوهشدهكات، "ئاکپارتی لە خەمی چارەسەرکردنی پرسی کورددا نییە، کە پرسی سەرەکی و بنچینەیی تورکیایە، خەمی ئەو بەرژەوەندییەکانیەتی، بە گوێرەی لێکدانەوەکانی خۆی مامەڵە دەکات، رێبەر ئاپۆ بە راستگۆییەک و نیازپاکیەکی گەورەوە لە پێناو چارەسەری کێشەکەدا تێکۆشا؛ ئێمەش بە هەمان شێوە، بەڵام ئاکەپە راستگۆ نەبو و کێشەکەی چارەسەر نەکرد".
ئهوهشی وت، "دواجار کورد راستیەکی تورکیایە، پرسی کورد هەیە و ئەمەش راستیەکە، پەکەکەش هێزێکە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەستی بە تێکۆشان کردوە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کە بنچینەییترین پرسی تورکیایە، ماقولترین و شیاوترین هێز کە دیداری لەگەڵدا بکرێت بە دڵنیاییەوە پەکەکە و رێبەی ئەو عەبدوڵا ئۆجالانە، جگە لەوەش رێبەر ئاپۆ لە دڵی گەلی کورددا بوەتە ئیرادەیەکی گەورە، دیدارێک لە پێناو چارەسەریدا بۆچی مایەی شەرم بێت کە ئاكپارتی ئێستا وەک ئامڕازێکی تاوانبارکردن بەکاریدەهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوان خۆیان ئەم دەرگایەیان کردەوە؛ خۆیان دەستیان بەم دیدارانە کرد، سەرباری ئەوەی ئێستا کەس دیدار ئەنجام نادات و پەیوەندی نین، شەرمەزاریەکی گەورەیە کە هێزەکانی دیکە تۆمەتبار دەکەن بە هەبونی پەیوەندی".