ڤیدیۆ..ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی تۆمەتباری كوشتنی كاوە بازیانی بڵاودەكاتەوە
  2023-04-25       3187       

ئا: ئاوێنە

 

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكی ڤیدیۆییدا، دانپێدانانی تۆمەتباری كوشتنی كاوە بازیانی بڵاوكردەوە كە بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر لە ماڵی چالاكوان عەلی سیاسی دەستگیركراوە. تۆمەتبارەكە دەڵێت، "باوكم پێشمەرگەی یەكێتی بو، 38 ساڵ لەمەوبەر و سێ چوار رۆژ بەر لە لەدایكبونی من بەدەستی كاوە بازیانی شەهیدكرا." دەشڵێت: "رۆژی 19ی مانگ كاوە بازیانی ویستی بمكوژێت، من دەستپێشخەریم كردو بە سزای خۆییم گەیاند."

 

لە راگەیەندراوە ڤیدیۆییەكەی ئاسایشی هەولێردا، تۆمەتباری كوژرانی كاوە بازیانی دەڵێت: "باوكم پێشمەرگەی یەكێتی بو، 38 ساڵ لەمەوبەر بەدەستی كاوە بازیانی شەهید كرا، من سێ چوار رۆژ لەدوای شەهیدكرنی باوكم لە دایك بوم."

ئەو تۆمەتبارە دەشڵێت"رۆژی 19ی مانگ بە رێكەوت لە بازگەی تاسڵوجە كاوە بازیانی-م بینی، بە یەكەوە دەمەقاڵێیەكمان بو، كاوە دوام كەوت و چەكی لێ راكێشام ویستی بمكوژێت، بۆیە منیش دەستپێشخەریم كردو بە سزای خۆییم گەیاند، هەر لە هەمان ئێوارەدا جەنازەكەیم بۆ ناردنەوە. دوای ئەوە راستەوخۆ هاتم بۆ هەولێر و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ماڵی "كاك عەلی" ناسراو بە "عەلی سیاسی" دەستگیركرام."

هەروەها لە راگەیەندراوە ڤیدیۆییەكەی ئاسایشی هەولێردا، چالاكوان عەلی سیاسی كە بە داڵدەدەری تۆمەتبارەكە ناوی هێنراوە، دەڵێت"پێش دو سێ رۆژێك هاوڵاتییەك بەناوی "بابان" هاتە گەڕەكەكەمان داوای داڵدانی كرد، منیش داڵدەم دا، كەسێكی برینداركردبو لەو كاتەدا، دەیویست برینەكەی كەمێك چاكبێتەوەو خۆی رادەست بكات لە رێی عەشیرەتەكەی خۆیانەوە، ئەم بەیانییە ئاسایشی هەولێر ئێمەیان لە ماڵەوە دەستگیركرد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×