نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌هه‌رێم: پاش هێرشەکەی تورکیا ناوه‌ستین‌و به‌رده‌وام ده‌بین له‌جوڵه‌ی سیاسی‌و دیپلۆماسی
  2023-04-14       2332       

ئا: ئاوێنە

 

نوێنه‌ری پارتی یه‌کێتی دیموکرات (په‌یه‌ده‌) له‌هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند، سه‌رباری هه‌وڵه‌کانی تورکیا بۆ "تیرۆر" کردنیان، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی رۆژئاوای کوردستان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ جموجۆڵ و چالاکی سیاسی، ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردو کاروانێکی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی کرایە ئامانج لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفرۆكەواندا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

 

جاویدان که‌مال، نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت، "سه‌رکرده‌ کورده‌کانی ڕۆژئاڤا گه‌ر له‌ سوریا بن یاخود هه‌رێمی کوردستان، تورکیا هێرش ده‌کاته‌ سه‌ریان گه‌ر ده‌ستی پێیان بگات، بۆیه‌ ئه‌و سه‌رکردانه‌ ڕاناوه‌ستن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ جوڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی."

ئه‌و وتیشی"ئێمه‌ له‌ ڕۆژاڤا خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تریش ده‌که‌ین، شه‌هیدێکی زۆرمان داوه‌، بۆیه‌ سه‌رکرده‌کان ڕاناوه‌ستن. جموجۆڵی سیاسی سه‌رکرده‌کان پێویسته‌. ده‌بێت تورکیا واز له‌ به‌ ئامانجگرتنی سه‌رکرده‌کانی ڕۆژاڤا بهێنێت، نه‌ک سه‌رکرده‌کان واز له‌ جوڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی بهێنن."

ڕۆژی 7ی نیسان هێرشکرایه‌ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی، له‌ کاتێکدا مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات ده‌یویست له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ سوریا بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌دوای کۆبونه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی سنوره‌که،‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌تیش بۆ تورکیا وه‌کو ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌که‌ درێژ ده‌کرێت.

جاویدان که‌مال بە دەنگی ئەمەریکای وت، "سه‌ردانه‌که‌ بۆ کۆبونه‌وه‌ بو له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆری سلێمانی و ئه‌مه‌ریکاش ئاگاداره‌. به‌ڵام تورکیا سه‌رباری ئاگاداربونی له‌سه‌ردانه‌که‌، سنوری به‌زاند. پێویسته‌ هاوپه‌یمانان لێپێچینەوە لە تورکیا بکه‌ن."

دو ڕۆژیش پێش هێرشەکە، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "تورکیا بەهۆی زیادبونی چالاکییەکانی پەکەکە هاتوچۆی ئاسمانی بۆ شاری سلێمانی ڕاگرتوەو چاوەڕوان دەکرێت تا مانگی 7 ئەو ڕاگرتنە درێژە بکێشێت."

نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان وتی"یه‌که‌مجار نییه‌ هه‌وڵی به‌ ئامانجکردنی مه‌زڵوم عه‌بدی ده‌درێت و ئه‌مجاره‌ش ئامانج بو. تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی به‌ئامانجگرتنی عه‌بدییه‌وه‌ هێزه‌کانی سوریای دیموکرات لاواز بکات. پاشان هێرشه‌که‌ په‌یامێک بو بۆ ترساندنی خه‌ڵکی سلێمانی که‌ هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌و پشتگیری ڕۆژاڤا ده‌که‌ن، فشارێکیش بو له‌سه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی که‌ جۆرێک له‌ هەماهەنگی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سوریای دیموکرات هه‌یه‌."

دوای هێرشه‌که‌ی سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی بۆ سوریا، مشتومڕ دروستبو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گه‌یشتنی زانیارییه‌کان به‌ تورکیا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌که‌ی عه‌بدی، بەشێک لە سەرچاوەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایه‌ زانیارییه‌کان له‌ نێوده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمه‌وه‌ دزه‌یان پێکراوه‌و دراونه‌ته‌ تورکیا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بەرپرسێکی یەکێتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەو دەنگۆیەی ڕەتکردەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ جاویدان که‌مال وتی، "هێزه‌کانی سوریای دیموکرات بەشێکن له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌شه‌ڕی دژی داعش. مه‌زڵوم عه‌بدی به‌ شێوازی فه‌رمی و له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان هاتوه‌ته‌ سلێمانی. ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانان ئاگاداری سه‌ردانه‌که‌ بون و شاراوه‌ نه‌بو، بێگومان تورکیاش وه‌کو هێزێکی سه‌ربه‌ ناتۆ ئاگاداری سه‌ردانه‌که‌ بوه.‌"

جاویدان که‌مال لەبارەی سەردانەكەی هەسەدەو فەرماندەكانی بۆ سلێمانی، وتی، "کۆبونه‌وه‌ی نێوان په‌یه‌ده‌و هه‌سه‌ده‌ و یه‌کێتی نیشتمانی له‌چوارچێوه‌ی هێزی سیاسی کوردین. ده‌کرێت گفتوگۆی سیاسی هه‌بێت له‌ نێوانمان، به‌ڵام سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕی دژی داعش بو له‌نێوان سوریای دیموکرات و دژه‌تیرۆر."

چه‌ند کاژمێرێک دوای هێرشه‌که‌ی سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی، هێزه‌کانی سوریای دیموکرات ڕه‌تیانکرده‌وه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی له‌کاتی هێرشه‌که‌دا له‌ سلێمانی بوبێت، به‌ڵام دواتر سه‌ردانه‌که‌ی عه‌بدییان بۆ سلێمانی پشتڕاستکرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد زانیارییه‌که‌یان شێواندوه‌ به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی به‌سه‌لامه‌تی.

جاویدان که‌مال نوێنه‌ری په‌یه‌دە له‌هه‌رێمی کوردستان، وتی"له‌کاتی هێرشه‌که‌ی سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ سلێمانی بو، هه‌ر له‌و فه‌تره‌یه‌دا ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆکی په‌یه‌ده‌ش بۆ کاری سیاسی لێره‌بو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ ئامانج گیرابو مه‌زڵوم عه‌بدی بو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×