نازم دەباغ: دەبێت یەکێتی باجی هەڵوێستە‌ نەتەوەییەکانی كه‌مبكاته‌وه‌ بۆ پاراستنی هه‌رێم
  2023-04-14       2248       

ئا: ئاوێنە

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، هۆکاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕوی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی و دواتریش هێرشەكەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەهۆی "هەڵوێستە نەتەوەییەکانی" یەکێتییەوەیە بۆ پرسی کورد لە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت، واباشترە حزبەکە "لەمەودوا زیاتر بیر لەبەرژەوندی هەرێمی کوردستان" بکاتەوە.

 

نازم دەباغ، كە لە پشكی یەكێتی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یه‌كێتی باجی هه‌وڵ و كۆششه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌دات؛ زه‌مانێک تاوانباركراین كه‌ پشتیوانی دیموكراتین، زه‌مانێک تاوانباركراین كه‌ پشتیوانی په‌كه‌كه و پارتی سۆشیالستی كوردستانی توركیا و ئاڵای ڕزگارین. به‌ڵام ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت لەمەودوا زیاتر بیر لەبەرژەوندی هەرێمی کوردستان بکەینەوە. ده‌بێت یەکێتی هه‌وڵبدات باجه‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی ئه‌م ئه‌زمونه‌ی هه‌رێمی كوردستان."

رۆژی چوارشەممە ڕۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاویکردەوە گوایە كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی نێوەندگیری دەدات و لە ڕێگەی عێراقەوە دەیەوێت کێشەکانی نێوان تورکیا و "حزبەکەی تاڵەبانی" چارەسەربکات.

لەم بارەیەوە، نازم دەباغ ڕایگەیاند، زانیاری نییه‌ لەسەر ئەوەی کە ئێران هەوڵێکی وەهای دابێت، بەڵام "ئێران به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی تێدا نه‌بێت و ئاسایش و سه‌قامگیری زیاتر هه‌بێت لە ناوچەکەدا."

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند، "به‌دڵنیاییه‌وه‌ بەهۆی جوگرافیای سیاسی ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران و عێراقیشدا باشبێت به ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گەلانی کوردستان...پێموایه‌ ئێرانیش به‌رژه‌وه‌ندی له‌ ئارامی ناوچه‌كه‌دایه،‌ له‌كاتێكدا سلێمانی نزیكه‌ی 400 كیلۆمه‌تر سنوری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا."

ئەو هۆشداریدا لە تێکچونی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە و ڕێوشوێنەکانی تورکیا به‌ "به‌هانه‌ی" سەردانەکەی مه‌زڵوم عەبدی بۆ سلێمانی.

نازم دەباغ وتی"به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی بۆ سلێمانی هه‌یه‌ له‌شوێنه‌كانی تریش هەیە، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كاری پێبكەن."

دەباغ وتیشی "ئه‌گه‌ر خۆساغ كردنه‌وه‌ هه‌بوایه‌ بۆ سه‌ر ئێران من پێموایه‌ پێویستی نه‌ده‌كرد كاک قوباد بچێته‌ توركیا. هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و جوگرافیایه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری مه‌رزێک له‌ مه‌رزه‌كانی خۆی بێت...له‌ زه‌مانی جه‌نابی مام جه‌لال و له‌ ئێستاشدا هه‌میشه‌ یه‌كێتی په‌یوه‌ندی باشی هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و له‌گه‌ڵ ئێران. له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی 400 كیلۆمه‌تر مه‌رزی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، ناتوانێت ده‌ستی لێهه‌ڵبگرێت."

سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی ئێران بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵوێست بەرامبەر بە تورکیا وەربگرێت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕەتیکردەوە، تورکیا و ئێران پەیوەندییەکانیان لەسەر کورد تێکبدەن.

لەو ڕوەوە نازم دەباغ وتی"من واینابینم ئێران و توركیا له‌سه‌ر كورد عاجز بن. میدیاكانی ئێرانیش وه‌كو ھەمو ڕوداوێک باسی ئه‌و ڕوداوه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ڕویداوه‌. ئه‌م ڕوداوه‌ زیاتر له‌چوارچێوه‌ی زۆنی یه‌كێتی قسه‌ی له‌سه‌ردەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×