ئا: ئاوێنە
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سلێمانی "کۆنتڕۆڵکردوە و دزەی كردۆتە فڕۆكەخانەو شوێنە ستراتیژییەكان" و "هەوڵی لاوازكردنی هەولێریش دەدات."
مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی روداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەكەی پارێزگای دهۆک وتی: ئەو هێلیکۆپتەرەی هەسەدە بەکاریدەهێنن، "ئیدارەی سلێمانی، راستتریش بڵێین پارتەکەی تاڵەبانی دابینی کردوە."
وتیشی"خەڵکی ئێمە باشتر تێدەگات ئەگەر بڵێین پارتەکەی تاڵەبانی، بێگومان لە ئیدارەی هەرێمی کوردیدا هەولێرو سلێمانی هەن کە لە نێوانیاندا ناکۆکی و کێشمەکێشمی جیددی هەیە. بێگومان ئێمە دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆیی ئەوان، بەڵام گرژییەکان کاریگەرییان لەسەر هەموان دەبێت."
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژە وتیشی"پارتەکەی تاڵەبانی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە فەرەنسا وەردەگرێت و دابینی دەکات" بۆ ئەوەی هەسەدە "بەکاری بهێنن."
چاوشئۆغڵو هەروەها باسی لەوە کرد کە ئاسمانی ناوچەکە لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئەمریکایە و واشنتن ئاگاداری ئەو بابەتەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە بون یان نەبونی فڕۆکەی جەنگی ئاماژەی بەوەکرد کە پرسیاریان لە هەواڵگریی وڵاتەکەشیان کردوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەمجۆرەیان بە دەستنەگەیشتوە و جەختیکردەوە کە هێلیکۆپتەرەکانیش هی یەپەگە نین، بەڵکو بۆیان دابینکراون.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها وتیشی"دواجار ئەو شوێنەی بەکاریدەهێنن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە. ئەوان فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی لەوجۆرە بەکاردەهێنن کە هەمو کەسێک بەکاریدەهێنێت. پەکەکە ئیدی هەژمونێکی وەهای دروستکردوە. ئیدی پەکەکە لە سلێمانی هەموانی خستوەتە ژێر کۆنترۆڵ، بەتایبەتی پارتەکەی تاڵەبانی. بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو دزەی کردوەتە فڕۆکەخانە و شوێنە ستراتیژییەکان."
سەبارەت بە کاریگەریی پەکەکە لەسەر هەولێر، چاوشئۆغڵو وتویەتی"ئەوان نەیاتوانی دزەبکەنە نێو هەولێر. هەر بۆیەش بۆ لاوازکردنی هەولێر رێگەی جیاجیا دەگرنەبەر. دەتوانین بڵێین پەکەکە ئیدی لە سلێمانی هەمو شوینێک کۆنترۆڵ دەکات. هەر بۆیە ئێمە فڕۆکەخانەکەمان داخست."
چاوشئۆغڵو وتیشی "بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە نکۆڵی دەکەن." بەڵام بەقسەی ئەو "بەرپرسانی دیکەی نێو پارتەکە کە دیدارمان لەگەڵ کردون دەڵێن، پەکەکە بە تەواوی پارتەکەیانی کۆنترۆڵ کردوە."
چاوشئۆغلۆ هەڕەشەی كرد و وتی، تەواوی پەكەكە "لە سوریا، قەندیل، شنگال یان سلێمانی، دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی پەکەکە و یەپەگە لە هەرێمی کوردستان و سوریا بەردەوام دەبن. وتیشی، بە حکومەتی ناوەندیی عێراقیان وتوە با بەیەکەوە ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە بکەن.