لەئیتالییەوە: شوان سدیق
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری (ستارتماگ)ی ئیتاڵی، لەساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو نەوتو سوتەمەنی بۆ ئیتاڵیا دابین کردووە، ستارتماگ دەپرسێت "ئایا ململانێی ئێستائ عێراق و تورکیا، ئیتاڵیا بێ نەوت دەهێڵێتەوە؟".
کە جەنگی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا هەڵگیرسا، هەرێمی کوردستان دوای گەمارۆی سەر روسیا بووەتە دابینکەرێکی سەرەکی نەوت بۆ ئیتاڵیا، بەرپرسانی وڵاتیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە، بەڵام کەچی لەم چەند ڕۆژەی رابردودا، بەهۆی ناکۆکی لەنێوان عێراق و تورکیا، ڕێگری لەهەناردەکردنی نەوت لە کەرکوک و هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە بۆ دەریای ناوەڕاست راگیراوە.
لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی خاوی روسیا لەئەوروپا، بەدروستی لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، کوردستان بۆتە دابینکەرێکی ئیتاڵیا لەبواری سوتەمەنی کە ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆیەو دەکەوێتە سنووری جوگرافیای باکووری عێراق.
لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، وەک لە (ڕاپۆرتی وەزارەتی ژینگە و ئاسایشی وزە)دا هاتووە.
"کوردستان بڕی ( ٤.٥ ملیۆن بەرمیل) ڕەوانەی ئیتاڵیا کردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ڕۆژێکدا دەکاتە (١٥٠ هەزار) بەرمیل.
دیارە نەوتی کوردستان پێکهاتووە لە (١٢.٥%)ی کۆی ئەو نەوتەی ئیتاڵیا بۆ نێوخۆ هاوردەی کردووە.
لە مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو هێشتا لەشکرکێشی ڕووسەکان بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێنەکردبوو کڕینی نەوت لە کوردستان تەنیا (یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بوو)؛ لە بەرامبەردا ئەوانەی لە ڕووسیاوە کە هاتبوون ٥.٧ ملیۆن) هەزار بەرمیل بوونە.
(ئارگوس)، چەند مانگێک لەمەوبەر نووسیبووی، بۆ ناوچەی دەریای ناوەڕاست (دیارترین) جێگرەوەی نەوتی خاوی (ئۆراڵی ڕووسی)ی قورس، هی کەرکووک و کوردستانی عێراقە، بەتایبەتی لە ڕووی ڕێژەی (گۆگرد و کێشی تایبەتی ئاوەک)ە هاوشێوەیە.
نەوتی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ پاڵاوگەکانی دەریای ناوەڕاست دەنێردرێ و ئیتاڵیایش یەکێکە لە کڕیارەکانی.
پرسیار ئەوەیە ئایا ململانێی عێراق و تورکیا، ئیتاڵیا بێ نەوت دەهێڵێتەوە؟ لەڕۆژانی داهاتوو هەموو شتێ ڕوون دەبێتەوە!
سەرچاو/ ماڵپەری (ستارتماگ)ی ئیتاڵی