ئا: ئاوێنە، فۆرین پۆڵسی
گۆڤاری فۆرین پۆلسیی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێکی شیكاریدا لە ژێر ناونیشانی "ماڵە کارتۆنییەکەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم داڕماندایە" باس لە دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان لەڕوی جیاوازی چینایەتی، نەبونی ئازادی رادەربڕین و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و قۆرخكاریی دەسەڵات لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و كاركردنی سەركردە سیاسییەكانیان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان دەكات و رەخنەی توندیش لە بەرپرسان و دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكان دەگرێت كە بەرامبەر بەو پێشێلكارییانە دەنگ هەڵنابڕن و بەبەردەوامی ستایشی "پەیوەندییە تایبەت و بەهێز"ەكەیان لەگەڵ هەولێر دەكەن.
گۆڤارە ئەمریكییەكە لە راپۆرتەكەیدا وتویەتی، "دۆخی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆكە خنكێنەرە، دامەزراوە سیاسییەكانی ناوچەكە، بەهۆی دابەشبونە حزبییەكان و ئەو سەركردانەوە كە بەشێوەیەكی سیستماتیكی خەڵك بێبەش دەكەن لە ئازادی رادەربڕین، تێكشكاون."
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "جیاوازیی گەورەی ئابوری و نەبونی دەرفەتی كار بۆتە هۆی شەپۆلی كۆچ بۆ دەرەوە بە ئامانجی گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتر."
لە راپۆرتەكەیدا فۆرین پۆڵسی باسی لەوە كردوە "ژیانی رۆژانەی زۆربەی خەڵكی كوردستانی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی لە شارۆچكەكانی وەك چەمچەماڵ دەژین، بەتەواوەتی جیاوازە لە ژیانی ئەو دەستەبژێرانەی خاوەنی پەیوەندی سیاسین و لە پڕۆژە گرانبەهاكانی نیشتەجێبوندا دەژین لە هەولێر و سلێمانی."
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "زۆر جار ئەم جیاكارییە لەلایەن ئەو دیپلۆماتكارە رۆژئاواییانەوە پشتگوێ دەخرێت كە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزب و خاوەن كارەكان و ئەو گەنجانەدا كۆدەبنەوە كە لە زانكۆ تایبەتەكان خوێندویانە."
فۆرین پۆڵسی ئاماژەی بەوەشداوە "دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لای هەردو حزبی دەسەڵاتدارە، پارتی دەستی گرتوە بەسەر پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكدا و یەكێتیش دەستی گرتوە بەسەر سلێمانیدا. لە هەر ناوچەیەك بەرپرسانی حزب بەرسی دۆخە سیاسییەكەن. وا سەیری پەیوەندییە حزبییەكان دەكرێت كە كلیلی گەیشتنن بە كارو كاری بارزگانی و بردنەوەی ناكۆكییە یاسایییەكان. پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانیش لە هەر یەك لەو دو ناوچەیە، ئینتیمای حزبییان هەیە."
نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنوس بە گۆڤارەكەی راگەیاندوە، بەپێی یاسا لە هەرێمی كوردستان، نابێت حزبە سیاسییەكان، هێزی چەكدارییان هەبێت، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی پشتگوێ خراوە.
وتوشیەتی، هەر كاتێك ناكۆكی لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا دروست دەبێت، ئەوا مەترسی راستەوخۆی پێكدادانی چەكداری هەیە.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا فۆرین پۆڵسی ئاماژەی بەوەداوە كە "ئەو رێككەوتنە روكەشە"ی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەبو، لەدوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ەوە ناكۆكی تێكەوتوە، ئەوەش لەگەڵ دەركەوتنی سەركردەی حزبەكان لە نەوەی تازە كە "زیاتر بایەخ بە بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەدەن."
هەروەها باسی لە ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی كردوە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەسەر یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ئەوەش بۆتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.
وتوشیەتی"ئەم ناكۆكییانە، سەرەنجامی باشیان نابێت، بەتایبەت كاتێك كە كوردستانی عێراق بەدەست قەیرانێكی دارایی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت."
هەروەك باسی لەوەش كردوە كە "هەوڵەكانی فرەچەشنكردنی ئابوری بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچن."
بەپێی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، تێكڕای بێكاری لە كوردستانی عێراق نزیكەی لەسەدا 16یە، بەڵام فۆرین پۆڵسی وتویەتی"ئەو رێژەیە لەنێو گەنجاندا زۆر زیاترە، نزیكەی یەك لەسەر سێی ئەو كەسانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵاندایە، ناخوێنن یان كارناكەن. لەنێو ژناندا لە سەرجەم تەمەنەكان بێكاری زیاترە لە چاو پیاوان."
هەروەك لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە خەڵكی كوردستان كۆسپیان لەبەردەمە بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی قۆرخكاریی پارتی و یەكێتی. حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیشی بە "زۆر لاواز و دابەشبو" ناوبردوە.
هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "هەریەكە لە پارتی و یەكێتی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئازادی رادەربڕین سنوردار دەكەن، بە زەبری هێز رێگە لە خۆپیشاندانەكان دەگرن، رۆژنامەنوسانی كورد بەبەردەمی روبەڕوی دەستگیركردن دەبنەوە یاخود رێگەیان لێدەگیرێت بۆ روماڵكردنی هەواڵ."
شێركۆ ئازاد عەلی، تەمەن 21 ساڵ، دانیشتوی چەمچەماڵ و خوێندكاری بەشی وەرزش لە پەیمانگا، وتویەتی "زۆربەی هاوڵاتیان رقیان لە سیاسەتە و بیری لێناكەنەوە چونكە دەسەڵاتداران تەنانەت مافە بنەڕەتییەكانیش بە هاوڵاتیان رەوا نابینن."
شێركۆ ئازاد عەلی وتوشیەتی"زۆربەی هاوڕێكانم كاری سكیوریتی دەكەن یان وەك هاوكار لای كەسایەتییەكی دەسەڵاتدار كاردەكەن...چینی مامناوەندو هەژار تەنانەت ئەگەر كاریشیان دەستبكەوێت، ناتوانن قوتی ژیانیانی پێ دابین بكەن...پێموایە زۆربەی ئەو كەسانەی لەدەسەڵاتدان تەنها گوێ بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان دەدەن. دەوڵەمەندەكان بۆ خۆیان كاردەكەن و هەژارەكان دەچەوسێننەوە."
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، گۆڤارە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەداوە كە "پەككەوتنی دیموكراسی لە كوردستانی عێراق و تێكچونی دۆخی ئابوری، ئەنجامی كاركردنی سەركردە سیاسییەكانە بۆ بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیان." وتوشیەتی"ئەو سەركردە سیاسییانە لەلایەن بەرپرسانی رۆژئاواوە پشتیوانی دەكرێن، ئەوانەی كە ستایشی پەیوەندییە تایبەت و بەهێزەكەیان لەگەڵ هەولێر دەكەن، بەڵام بەدەگمەن و زۆر بەكەمی و بەشێوەیەكی ئاشكرا سەرزەنشتی پێشێلكارییەكانی ئەم هاوبەشانەیان و خراپی ئیدارەدانی هەرێمەكە دەكەن."
گۆڤارەكە لە راپۆرتەكەیدا وتویەتی"ئەم جۆرە قسانەی بەرپرسانی رۆژئاوا، بەرژەوەندییەكانی سەركردە سیاسییەكان و گەلی كوردی عێراق تێكەڵ دەكەن، ئەوەش لەسەر حسابی بەرژەوەندییەكانی دوەمیان كە گەلی كوردە."
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەمریكاو هاوبەشە رۆژئاواییەكانی دەستێكی باڵایان بەسەر حكومەتی هەرێمدا دەشكێت، بەڵام پێدەچێت ئامادە نەبن بۆ بەكارهێنانی ئەو باڵادەستییەیان."
گۆڤارەكە باسی لە ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگەش كردوەو ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمریكییەكان "قورساییەكی زۆرییان داوە بە ریفۆرمی پێشمەرگە، ئەو ریفۆرمەی حزبە دەسەڵاتدارەكان لە گوتارەكانیاندا پشتیوانی لێدەكەن، بەڵام لە كردەوەدا رێگری لێ دەكەن، چونكە هێزە ئەمنییە حزبییەكان، كلیلی تۆڕە تایبەتەكانی پشتیوانیكردنیان."
فۆرین پۆڵسی هێمای بۆ دابینكردنی موچەی بەشێك لە پێشمەرگە كردوە لەلایەن ئەمریكاوەو وتویەتی"دەكرێت پێدانی ئەو پارەیە مەرجدار بكرێت بە ئەنجامدانی ریفۆرم." وتوشیەتی"هەروەها بەشێك لە سەركردە دیارەكانی كورد و هاوبەشانی كارەكانیان، سەروەت و سامانی بەرچاویان هەیە لە وڵاتانی رۆژئاوا كە دەكرێت بكرێنە ئامانج بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی."
بەپێی راپۆرتەكە "رەنگە بۆ دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكان، تێچوی ئەوە كەمتر بێت كە بەشێوەیەكی ئاشكراو بە راشكاوی باس لە پێشێلكارییەكانی نێوخۆی كوردستانی عێراق بكەن لەكاتی رودانیانداو پشتیوانی خۆیان بۆ داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ لەوانە مافی ژنان و رۆژنامەوانانی زیندانیكراو دەرببڕن."
وتوشیەتی"ئەوەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی رۆژئاوادایە چونكە ئاشكرایە كە هەژاری و نەبونی هەلی كارو بونی كۆسپ لەبەردەم ئازادی رادەربڕین و گردبونەوەدا، دەبنە مایەی ناسەقامگیری و شەڕ. لەگەڵ ئەوەی كوردستانی عێراق لەچاو ناوچەكانی دیكەی عێراق، سەقامگیرترە، بەڵام ئەم سەقامگیرییە مسۆگەر نییە."
راپۆرتەكەی فۆرین پۆڵسی ئاماژەی بەوەداوە كە "بەبێ گۆڕانكاری" لەو رێبازەدا كە وڵاتانی رۆژئاوا گرتویانەتەبەر، وەك فەرهاد مەمشای، خەڵكی چەمچەماڵ و كاندیدی پلەی دكتۆرا لە بواری پلان و جیهانگیری لە زانكۆی ڤێرجینیا دەڵێت، "دابەشبون و ناكۆییەكان زیاتر دەبن و هەروەها دۆخی ئازادییە سیاسییەكان و بەها دیموكراسییەكان و پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ لە كوردستانی عێراق خراپتر دەبێت."