ئا: ئاوێنە
بەشدار حەسەن، سهرۆكی تیمی پارێزهرانی زیندانیانی بادینان رایگەیاند، بەهەمو شێوەیەک پشتگیری ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەکەین کە لەسەدا 100 باس لە واقیعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دەشڵێت، له برى ئەوەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حكومەتی هەرێم پاکانە بۆ دەسەڵات بکات، وا باشترە پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن و چارەسەری بکەن.
بەشدار حەسەن، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"سەبارەت بە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە 21ی 3ی 2023 هاوکات لەگەڵ نەورۆز دەریکردوە، تیایدا باسی رەوشی مافی مرۆڤی دەکات لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بەهەمو شێوەیەک پشتگیری ناوەڕۆکی راپۆرتەکە دەکەین کە 100% باس لە واقیعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرئەوەی بەداخەوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپی دایە و رۆژ بە رۆژ پێشێلکارییەکان زیاتر دەبێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو"رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کە لە ئێستا رۆڵی پارێزەری دەسەڵات دەبینێت و لە تایبەتمەندی خۆی لایداوە، باشتر وایە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن و چارەسەری پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکەن، نەک رۆژ بە رۆژ بەیاننامە دژی هەرێمی کوردستان دەربچێت و ئەوانیش وەک پارێزەری بەرگریکار لە حکومەت تەنها کاریان ئەوەبێت وەڵامی بەیاننامەکانی دژی حکومەت بدەنەوەو پاکانەیان بۆ بکەن، کە بە بڕوای ئێمە عاقیبەتی خێر نابێت."
بە بڕوای بەشدار حەسەن "چارەسەری کێشەکان ئەوەندە زەحمەت نین" و وتویەتی"تەنها واز لە دەستوەردان لە کاروباری ئەنجومەنی دادوەری بهێنن و با تەنها دادگا رۆڵی دادگا ببینێت نەک لایەنی تر رۆڵی دادگا ببینن و، دانانی دادوەرە بەڕێزەکان لەسەر بنەمای لێهاتویی بێت نەک لەسەر بنەمای حیزبی، دڵنیاتان دەکەینەوە رەوشی مافی مرۆڤ زۆر باش دەبێت و وڵاتمان ئەوپەڕی دیموکراسی و ئازادی تیایدا بەرقەرار دەبێت. (اذا فسد القضاء، فسدت الامة.)"
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومەتی هەرێم، وەڵامی بەشێک لەو تێبینی و رەخنانەی دایەوە كە لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتبون و رایگەیاند"مایەی نیگەرانییە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند کەس، گروپی میدیایی و ژمارەیەک لە بەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و پاڵپشتی داراییان دەکات کە ئەجێندای سیاسییان لە پشتەو تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی کارکردنی نییە."
ئەمڕۆ نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومەتی هەرێم هەروەها وتیشی"بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقیعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەکو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ناکات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان".