کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کێن؟
  2023-03-16       2515       

ئا: ئاوێنە

 

هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی كەمال كیلچدار ئۆغڵۆ وەک کاندیدی هاوپەیمانی سەرەکی شەش هێزەکەی ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا، کە چاوەڕوان دەکرێت لە14ی ئایاری داهاتودا ئەنجامبدرێت. ناوی کاراکتەرە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەژیانی سیاسیدا دەردەکەوێت، لەوڵاتێکدا کە نزیکەی دوو دەیەیە لەلایەن حزبێکی ئیسلامی کۆنزەرڤاتیڤەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لەدەیەی یەکەمیدا سەرکەوتو بوە لەبەدیهێنانی گەشەی ئابوریدا‌و لەدەیەی دووەمی دەسەڵاتداریشیدا ئابوری ئەو وڵاتە داشکانی بەخۆیەوە بینیوە. وێرای ئەم پاشەکشەی ئابورییەش، هەڵمەتی سەرکوتکردنی ئازادییەکان‌و مەیلی تاکڕەوانەی ئەردۆغان، تەنانەت بەشێک لەهاوڕێ‌و هاوپەیمانەکانیشی هانداوە کە بەجێیبهێڵن‌و بچنە ناو ئۆپۆزسیۆنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کێن؟

 

كەمال كیلچدار ئۆغڵۆ

یەکێک لەدیارترین کاراکتەرەکانت سەر شانۆی سیاسی تورکیا، كەمال كیلچدار ئۆغڵۆی تەمەن ٧٤ ساڵی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە. ئەو لەساڵی ٢٠١٠ەوە سەرۆکی ئەم پارتە عەلمانی‌و چەپەیەو نەیتوانیوە کەلێنی نێوان رێژەی دەنگەکانی جەهەپەو ئاکەپەی دەسەڵاتدار کەم بکاتەوە لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا.

لەهەڵبژاردنەکانی رابردودا جەهەپە رێژەی لەسەدا ٢٢ بۆ ٢٦ی دەنگەکانی لەهەڵبژاردنە گشتییەکاندا بەدەستهێناوەو رەخنەگران گومانی ئەوە دەکەن کە جەهەپە بتوانێت ببێتە پارتی پێشەنگ لەسەر ئاستی نیشتمانی، لەبەرئەوەی كیلچدار ئۆغڵۆ پێشتر فەرمانبەرێکی حکومی بووەو پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە دامەزراوەی بیمەی کۆمەڵایەتی بەڕێوەبردووەو ئەردۆغان لەوتارەکانیدا زۆربەی جار رەخنە لەڕابردووی ئەم سیاسەتمەدارە دەگرێت. ناوبراو زیاتر لەساڵی ٢٠١٧دا ناوبانگی دەرکرد کاتێک سەرکردایەتی ڕێپێوانێکی ئۆپۆزسیۆنی کرد لەئەنقەرە بەرەو ئەستەنبوڵ وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەزیندانیکردنی یەکێک لەنوێنەرانی پارتەکەی لەپەرلەمان.

پاشان كیلچدار ئۆغڵۆ سەرکردایەتی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ئییاری ناسیۆنالیستی کردو توانیان لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە لەساڵی ٢٠١٩ سەرکەوتن بەدەستبهێنن، لەساڵی ٢٠٢٢دا ئەم هاوپەیمانی میللەتیان فراوانتر کردو پێکەوە کاریان کرد بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بخەنە ڕوو. سەرەڕای دژایەتیی لایەنگرانی پارتی باش، بەڵام سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل "جەهەپە" دوای ڕازیبوونی بەکاندیدبوونی سەرۆک شارەوانیی ئیستانبوڵ‌و ئەنقەرە بۆ پۆستی جێگرانی سەرۆک کۆمار، خۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار پێشکەش کرد.

 

مێرال ئاکشێنەر، سەرۆکی پارتی باش

میرال ئاکشێنەر، وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا، تەمەن ٦٦ ساڵ، کاراکتەرێکی دیاری دیکەیە کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا وەک رکابەرێک بۆ ئەردۆغان دەرکەوت. ئەم ژنە لەساڵی ٢٠١٦دا لەپارتی ڕاستڕەوی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی "مەهەپە" دەرکرا، دوای ئەوەی هەوڵەکەی بۆ لابردنی سەرکردە دیارەکەی "دەولەت باخچەلی" شکستی هێنا. لەساڵی ٢٠١٧ پارتی باش یان پارتی باشی ناسیۆنالیستی پێکهێنا کە لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨دا لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانی کردو لەپەرلەمانێکی ٦٠٠ کورسیدا ٣٦ نوێنەریان هەیە.

ئاکشێنەر پشتیوانی بەشێک لەدەنگدەرانی ڕاستڕەوو ناسیۆنالیستی توندڕەوی بەدەستهێناوە، لەبەرئەوەی لەهاوپەیمانی لەگەڵ ئاکەپە لەمەهەپە بێ هیوا بوونو خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سیستەمی پەرلەمانی، کە لەساڵی ٢٠١٨دا لەلایەن ئەردۆغانەوە لەتورکیادا سیستەمی پەرلەمانی گۆڕا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی.

مێرال ئاکشێنەر دوای ئەوەی سەرەتا دژی کاندیدبوونی كیلچدار ئۆغڵۆ بو، بەڵام پاش ئەوەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی رازی کرد کە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە پۆستی جێگری سەرۆکایەتی پڕ بکەنەوە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لەمانگی ئایاردا لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت، بەدیاریکردنی كیلچدار ئۆغڵۆ وەک کاندیدی سەرۆکایەتی رازی بو.

 

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ

دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ بەناوی پارتی کۆماری گەل "جەهەبە" بۆ ماوەی پێنج ساڵ لارالتەریکی دیاری دیکەیە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی (52 ساڵ) لەمانگی ئازاری 2019دا ناوبانگی دەرکرد، کاتێک لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ لەکاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی بردەوە، پێگەی ئەو وەک یاریزانێکی نوێی سەرەکی لەسیاسەتی تورکیادا بەهێزتر بو، دوای ئەوەی ئاکەپەی دەسەڵاتدار خولی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنانەیان هەڵوەشاندەوەو لەخولی دوەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێناو گورزێکی لەئەردۆغان وەشاند کە زاڵە بەسەر سیاسەتی تورکیادا.

ناوبراو وەک ڕکابەرێک بۆ ئەردۆغان لەئاستی نیشتمانیدا سەیر دەکرێت، بەڵام ئێستا سەرنجی لەسەر بەڕێوەبردنی گەورەترین شاری تورکیایە بۆ ماوەی ساڵێکی تر کە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام بێت، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەهۆی سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی حکومەتەوە سزای زیاتر لەدو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئەگەر سزاکە جێبەجێ بکرێت کە رەخنەگران بەناڕەوای دەزانن‌و پێیانوایە بەمەبەستی ڕێگری کردنە لەکاروانی سیاسی ئیمامئۆغڵو.

 

مەنسور یاڤاس، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە

پارێزەرو سیاسەتمەداری ناسیۆنالیستی مەنسور یاڤاس، تەمەن 67 ساڵ، کاندیدی پارتی گەلی کۆماری بەپشتیوانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەنقەرەدا، لەمانگی ئازاری 2019دا توانی شکست بەرکەبەرەکەی کە کاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان "ئاکەپە" بهێنێت.

پێشتر تا ساڵی 2009 بۆ ماوەی دە ساڵ سەرۆکایەتی شارەوانی گەڕەکێکی ئەنقەرەی کردوە بەناوی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی "مەهەپە"ی کردوە، لەساڵی 2013 وازی لەپارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی هێناو هەر لەهەمانساڵدا پەیوەندی بەپارتی گەلی کۆمارییەوە "جەهەپە"وە کردوەو لەساڵی 2014دا لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئەنقەرەدا بەڕێژەیەکی کەمی دەنگ دۆڕا .

راپرسییەکان ئاماژە بەپشتیوانییەکی بەهێزی یاڤاس دەکەن وەک رکابەرێک بۆ ئەردۆغان لەسەر ئاستی نیشتمانی، دوای ئەوەی وەک سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە لەکاتی پەتای کۆرۆنادا ستایشێکی زۆری بەدەستهێنا، بەڵام ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆر زەحمەتە لەلایەن دەنگدەرانی کوردەوە پشتیوانی بکرێت.

 

سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان

سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرکردەی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلانی لایەنگری کورد، تەمەن ٤٩ ساڵ، سەرەڕای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٦ەوە لەزینداندایە، بەلام تا ئێستاش وەک کەسایەتییەکی سیاسی سەرەکی لەسیاسەتی تورکیادا ئاماژەی پێدەکرێت.

دەمیرتاش پێشتر بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بەسەرۆک کۆمار سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بو، ئێستاش ئەگەری ئەوە هەیە سزای هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت لەگەڵ زیاتر لە 100 سیاسەتمەداری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلانی گەلان (هەدەپە) کە لەلایەن دادگاوە تۆمەتبارن بەهاندانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014 کە دەیان کەسی تیا کوژران.

دەمیرتاش دوجار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کردوە، یەکەمیان لەساڵی ٢٠١٤و دووەمیان لەزیندانەوە لەساڵی ٢٠١٨، دوای بەدەستهێنانی لەسەدا ٨.٤٠ی دەنگەکان، گەیشتە پلەی سێیەم.

پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، هەژماری تویتەرەکەی دەمیرتاش ڕۆژانە پەیامی سیاسی بۆ زیاتر لەدو ملیۆن فۆڵۆوەر دەنێرێت. مانگی ڕابردوو دەمیرتاش بەئاشکرا داوای لەكیلچدار ئۆغڵۆ کرد کە پێش هەڵبژاردنەکان سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن بکات لەتورکیادا، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەدەپە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو رەنگە کاندیدێک بۆ هەڵبژاردنەکان بخاتەڕو.

راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەبێ پشتیوانی هەدەپە، زەحمەتە هاوپەیمانی میللی ئۆپۆزسیۆن لەخولی یەکەمدا لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت یان زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

 

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن

باباجانی تەمەن 55 ساڵ، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیران‌و هاوڕێ‌و هاوپەیمانی نزیکی پێشوی ئەردۆغان، لەساڵی 2019دا بەهۆی ناکۆکی لەسەر ئاراستەکەی پارتی دادو گەشەپێدان "ئاکەپە" دەستی لەکارکێشایەوەو پارتی دیموکراسی‌و پێشکەوتنی دامەزراندو داوای ئەنجامدانی چاکسازی کرد بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاساو دیموکراسی. لەڕابردودا وەزارەتەکانی ئابوری‌و دەرەکی بەدەستەوە بوە. باباجان لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە بەرز دەنرخێنرا کاتێک بەرپرسی دۆسیەی ئابوری بو.

 

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە

داودئۆغڵو، تەمەن 64 ساڵ، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، وەزیری دەرەوە، لەساڵی 2019دا لەپارتی دادو گەشەپێدان "ئاکەپە" جیابوەوەو پارتی ئایندەی دامەزراند.

لەدەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا، داودئۆغڵو لەسیاسەتی دەرەوەدا خۆبەدورگرتن لەڕوبەڕوبونەوەی پەیڕەو کردو دروشمی "سفر کردنەوەی کێشەو ناکۆکی لەگەڵ دراوسێکان" بەرزکردەوە، لەو کاتەوە ڕەخنە لەئەردۆغان دەگرێت کە مەیلی پاوانخوازی هەیە لەسایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×