لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژەهراویكردنی كچان بەردەوامە
  2023-03-05     

ئا: ئاوێنە
 

تا دێت هێرشی ژەهراویكردن بۆ سەر خوێندنگەكانی كچان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران زۆرتر پەرەدەستێنێت و لەلایەن چالاكوانانەوە بە هێرشی كیمیایی دەناسرێـت، هێرشەكان تەنها بە خوێندنگەكانی كچانەوە نەوەستا، خوێندنگەیەكی كوڕانیشی گرتەوە و تادێت فراوانتریش دەبێت.

 

بەپێی زانیارییەكان، هێرشەكان خوێندنگەكانی كرماشان، سنە، ورمێ، كامێران، هەمەدان، قوم، تاران، ڕەشت، برۆجێرد، ئەردەبیل و چەند ناوچەی دیكەی گرتووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە لەشارەكانی تاران، قوم، ئەسفەهان، كرماشان و ئەردەبیل كەسوكاری خوێندكاران لە پێش پەروەردەی شارەكانیان گردبوونەوە، لەوێ ناڕەزایەتی تووند دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچوو، حكومەتیان بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە تۆمەتبار كرد.

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران لەبارەی ئەو ڕەوشە نوێیەی لە وڵاتەكە هاتووەتەئاراوە داوای لێكۆڵینەوەی وردی كرد لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر ناوەندەكانی خوێندن.

مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی زاهیدان لە ناوچەی بەلووچستان ڕایگەیاند، ژەهراویكردنی كچە خوێندكارەكان لە درێژەی سیاسەتی سەركووتی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەكانی ئێراندایە.

عەبدولحەمید دەڵێت ژەهراویكردنی كچان دەستی بەشێك لە كاربەدەستانی دەوڵەتی ئێرانی تێدایە، خۆ ناكرێت كاربەدەستانی سەربازی و ئەمنی وڵات نەزانن هێرشبەرەكان كێن؟ كەس بڕوا بەوە ناكات.

ڕەخنەگرانی حكوومەتی ئێران، دەڵێن ژەهراویكردنی كچە خوێندكارەكان پلانی هەندێك گرووپی سەر بە دەوڵەتی ئێران خۆیەتی، ئەوەش لە كاردانەوەی خۆپیشاندان و درووشمە توندەكانی خوێندنگەكانی كچان لە ڕاپەڕینەكانی ژینا ئەمینیدا لە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە.

لە ڕاپەڕینەكانی ژینا ئەمینیدا ژنان و كچان ڕۆڵی سەرەكییان گێڕا بەتایبەت لە ناوەندەكانی خوێندندا، كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لەكاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە لە تاران بەر لە شەش مانگ سەریانهەڵدا.

ژەهراویكردنی كچان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی كاردانەوەی لێكەوتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نێد پرایس لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە كۆماری ئیسلامیی ئێران لێكۆڵینەوەی جیدی لە ژەهراویكردنی كچە خوێندكارەكانی ئێران بكات.

لەلایەكی دیكەوە ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەرامبەر ژەهراویكردنی خوێندنگەكانی كچان لە ئێران.

ڕێكخراوەكە، ڕایگەیاند بنەماڵەی خوێندكارەكان و گەلانی ئێران چاوەڕێی وەڵامی جدی لەدەسەڵاتدارانی ئێران دەكەن بۆ هێرشی ژەهراویكردن بۆ سەر چەندین ناوەندی خوێندنی كچان لە وڵاتەكە.

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
ئەو 4 کوردە کێن کە لەلیستی "500 موسڵمانە کاریگەرەکەی جیهاندان"؟
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
پژاك: ئێران بۆردومانی سنوری مه‌ریوانی كردو له‌ سه‌رده‌شت خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆن ئاماده‌ده‌كات
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی عێراق بۆ داخستنی ته‌له‌گرام جێبه‌جێ ده‌كات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×