ئا: ئاوێنە
رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، رایگەیاند، دواكەوتنی هاوكارییەكان بۆ خەڵكی ناوچەكانی بومەلەرزە لە باوكوری رۆژئاوای سوریا، رزگاربونی بومەلەرزەكەی روبەڕوی دۆخێكی كوشندە كردۆتەوە. دەشڵێت، ئەو میكانیزمەی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بۆ ناردنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان دانراوە، پێویستی بە بەدیلە.
رێكخراوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، لە 13ی شوباتی 2023، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا مۆڵەتی سێ مانگی دا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەڕێگەی دو دەروازەی سنوری ترەوە لە تورکیاوە بۆ باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەكەی، بەڵام ئەو بڕیارە دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە بومەلەرزەکەی 6ی شوبات هات.
وتوشیەتی، ملیۆنان کەس لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندایە، تاڕادەیەکی زۆر بێبەشن لە پاڵپشتییەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكانی گەڕان و رزگاركردن و گەیاندنی هاوكارییەكان.
جەختیشی كردۆتەوە "رێگەپێدانی حکومەتی سوریا بۆ دو دەروازەی سنوری دیكە بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا بۆ ماوەی تەنها سێ مانگ، هەنگاوێكی درەنگ وەختەو پێویستە میکانیزمی بەدیلی دیكە بدۆزرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوكاری و پشتیوانییەكان."
رێكخراوەكە وتوشیەتی"تەنانەت تا 13ی ئەم مانگەو پاش هەشت رۆژ لە بۆمەلەرزەكە، حکومەتی سوریا رێگریكرد لەوەی دەروازە سنورییەکانی تر لە تورکیاوە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەكاربهێنرێن و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە هەمو هاوکارییەک بۆ سوریا لە ڕێگەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە بێت."
هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندوە، ڕۆڵی ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەوە دەردەخات کە چۆن ڕێگەپێدان بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان لە ڕێگەی سنورەكانەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆتە كۆسپ لە گەیاندنی هاوكارییەكان نەك ئاسانكاری، وەك ئەوەی لە بنەڕەتدا مەبەست بوە.
كارمەندێكی فریاگوزاری نێودەوڵەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان) بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاند، حکومەتی سوریا ڕێگری لە ڕێکخراوێکی ناوخۆیی لە باکوری ڕۆژهەڵات كردوە کاروانێکی هاوكاری بنێرێت بۆ ناوچەكانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت لە پارێزگای حەڵەب، ئەگەر نیوەی هاوكارییەكان رادەست نەكەن و ماوەی چوار رۆژە لەلایەن بازگەیەكی حكومەتی سوریاوە كاروانەكە راگیراوە.
رێكخراوەكە وتوشیەتی، هەروەها هەندێك لە كاروانی هاوكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر كە هەوڵدراوە بگەیەنرێنە عەفرین لەلایەن چەكدارانی سەربە توركیاوە رێگرییان لێكراوە.
هیومان رایتس ۆوچ جەختی كردۆتەوە كە سورییەكان لە باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە داوا لە جیهان دەكەن بە هانایانەوە بچن بۆ رزگاركردنیان، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنها بەشێكی زۆر كەمی ئەو هاوكارییانەیان پێگەیشتوە كە بەتەواوەتی پێویستیانە.
وتوشیەتی"پێویستە سەرجەم لایەنە ناكۆكەكان لە سوریا ئاسانكاری بكەن كە كاروانی هاوكارییەكان بەشێوەیەكی خێراو بێ هیچ بەربەستێك بگاتە رزگاربونی بومەلەرزەكە لەسەرجەم ئەو ناوچانەی سوریا كە زیانمەندبون."