دەیان قاچاغچی دۆلار لەعێراقەوە بەکۆڵه‌پشت دەگوازنەوە بۆ ئێران
  2023-02-13       2350       

ئا: ئاوێنە

 

ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات کە " لەبازاڕەکانی دراوی عێراق دۆلار دەکڕن‌و بەجانتای کۆڵەپشت دەیگوازنەوە بۆ ئێران"، ئەمینداری ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران‌و عێراقیش دەڵێت "دەستڕاگەیشتنی ئێرانییەکان بەدۆلار لەبازاڕی عێراقدا زۆر قورس‌و دژوار بوە".

 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی سنووری عێراقەوە ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی رابردودا کە بانکی ناوەندی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی توندتری بەسەر مامەڵە نێودەوڵەتییەکانی دۆلاردا سەپاندوە لەلایەن بانکە بازرگانییەکانی عێراقەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەگواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران، دەیان قاچاخچی لەبازاڕەکانی دراوی بەغداد دۆلار دەکڕن و بەجانتای کۆڵەپشت دەیانگوازنەوە بۆ ئێران.

 

لەکۆتایی ساڵی رابردودا، رۆژنامەی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری بەرپرسانی ئەمریکی‌و عێراقی بڵاویکردەوە کە ئەمەریکا ناردنی دراوی بۆ بەغدا سنووردار کردوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لەعێراق‌و گواستنەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی ئێران‌و سوریا، کە گەمارۆی ئابورییان خراوەتە سەر.

 

لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسێن لەساڵی 2003، داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەحیسابێکی تایبەتدا لەبانکی ناوەندی ئەمریکادا دادەنرێت‌و واشنتۆنیش مانگانە بەشێک لەو پارەیە لە شێوەی پارەی دۆلاردا بۆ بەغدا دابین دەکات.

 

ئەم گواستنەوەی پارەیە کە پێشتر لەمانگەکەدا بڕەکەی زیاتر بو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕەکەی کەمی کردو ئەمەش بوە هۆی لاوازبوونی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا.

 

عێراق یەکێکە لەبازارە گرنگەکانی هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی‌و کەلوپەلی نانەوتی کۆماری ئیسلامی‌و سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دەستگەیشتن بەدۆلارو بۆ دەربازبون لەسزاکان.

 

بە گوتەی ئەمینداری ژوری بازرگانی هاوبەشی ئێران‌و عێراق "جیهانبەخشی سنجابی"، سەپاندنی سزا بەسەر 15 بانکی ئەهلی عێراقی لەگۆڕینی حەواڵەی دینار بۆ دۆلار، نرخی دۆلاری لەعێراقدا بەرز کردوەتەوە.

 

هەروەها ئەم بابەتە یەکێکە لەهۆکارەکانی دابەزینی نرخی تمەن، ئەمینداری ژوری بازرگانی هاوبەشی ئێران‌و عێراق بەئاژانسی ئیلنای ڕاگەیاندووە "نرخی دۆلار لەبازاڕی ئێراندا بەندە بەنرخەکەی لەبازاڕەکانی عێراق‌و ئەفغانستان، بەتایبەتی سلێمانی‌و کابول".

 

دابەزینی ئازادی بەهای تمەن لەچەند مانگی ڕابردودا بووە هۆی دورخستنەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندی، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ١٣ی شوبات، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لەبازاڕی ئێراندا گەیشتە زیاتر لە 45 هەزارو 700 تمەن، ئەمە لەکتێکدایە کە لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، نرخی هەر دۆلارێک نزیکەی 26 هەزار تومان بو.

 

ئێستا بەگوشاری ئه مریکا ده ستگەیشتن بەدۆلار لەعێراق بۆ ئێرانییه کان سنوردارو قورستر بوە، ئەم سنووردارکردنە دوابەدوای چڕبوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە لەبەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی‌و دەربازبوون لەگەمارۆکان هاتوەتە ئاراوە.

 

لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنە توندەکانی ئەمریکا بەرامبەر بەعێراق، کە یەکێک لەتەوەرە گرنگەکانی توندکردنەوەی چاودێری گواستنەوەی داراییە بەدۆلار، بازرگانان‌و گەشتیارانی ئێرانی لەعێراق ڕوبەڕوی چەندین کێشە بونەتەوە.

 

رۆژنامەی شەرق، لەڕاپۆرتێکدا بەگێڕانەوەی ژمارەیەک لەگەشتیاران‌و بازرگانانی ئێرانی کە بەشێکیان ئەندامی ژوری بازرگانی هاوبەشی ئیران‌و عێراقن، جەغت لەوە دەکات لەعێراق نەیانتوانیوە "بڕێکی زۆر کەم لەدۆلار" دابین بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×