ئه‌حه‌ی گوڵه‌ ٧٠ ساڵە جگەرچییە
  2023-01-21       2730       

ئا: رێژەن سەردار

 

ئه‌حه‌ی گوڵه‌ بووە بەیەکێک له‌براندە دیارەکانی شاری سلێمانی، کە سەڕەرای هەڵکشانی تەمەنی هێشتا رۆژانە وەک نمونەی پیاوێکی جوامێر خەریکی کارو کاسپییە، ئه‌و ده‌ڵێت ''من له‌ساڵی ١٩٤٩وە كه‌ عێراق پاشایەتی بوو له‌قه‌سابخانه‌دا كارم كردوه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وامم، هیچ شتێكیش له‌م دنیایه‌دا بەئەندازەی سلێمانی لام خۆشه‌ویست نیه‌".

 

ئه‌حه‌ی گوڵه‌ بە"ئاوێنە"ی راگەیاند ''سه‌ره‌تای كاره‌كه‌م وه‌ك شاگرد له‌لای بابه‌خوله‌ی جگه‌رچی‌‌و حاجی حه‌مه‌سور بوه‌ رۆژی بە چوار عانە خه‌ریكی ئه‌و ئیشه‌ بوم تا رۆژانه‌كه‌م بووە‌ سه‌د فلس، دوای چه‌ند ساڵێك كه‌ ده‌ستم چه‌قۆی گرت وازم له‌شاگردی هێنا، سه‌ره‌تا كه‌پرم داناو جگەرچێتیم کردو دواتر كردم به‌دوكان‌، دواتر چه‌ند دوكانێكم گۆڕی، بەڵام له‌ساڵی 1965ەوە له‌م شوێنه‌ی ئێستادا كار ده‌كه‌م‌و به‌رده‌وامم له‌كاره‌كه‌مو تا دەمرم بەردەوام دەبم".

ئه‌حه‌ی گوڵه‌ كه‌ به‌سه‌رقافڵه‌ی جگه‌رچییه‌كانی سلێمانی ناوزه‌ند ده‌كرێت‌و به‌ڕێكه‌وت بووه‌ به‌جگه‌رچی، ئەو وتی "له شاگردییه‌وه‌ فێربوم، ئه‌م ئیشه‌ بنه‌ماڵه‌یی نیه‌، ئێمه‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانین، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ره‌شه‌ی گوڵه‌ی برام به‌یه‌كه‌وه‌ بوین ئیتر ئه‌و بوو به‌قه‌ساب، عه‌به‌ی گوڵه‌ی براشم خه‌ریكی هه‌مان كاری منه‌، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ بووین‌‌و فێربوین".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی نازناوی گوڵه‌ له‌چییه‌وه‌ هاتووه‌، ئەو وتی "ئێمه‌ منداڵ بووین دایكم ئیشی ماڵانی ده‌كردو نانی ماڵانی ده‌كرد، دایكم ناوی گوڵه‌ بوه‌، یه‌كێك وتویه‌تی ئه‌حه‌ی گوڵه‌م بۆ بانگ بكه‌ن، نازناوه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌، له‌وه‌وه‌ به‌سه‌رماندا بڕاوه‌، كچه‌زاو كوڕه‌زاكانمان هه‌ر به‌ناوی ئه‌حه‌ی گوڵه‌و ره‌شه‌ی گوڵه‌و عه‌به‌ی گوڵه‌وه‌ بانگمان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێن گوڵه‌ وه‌ڵامیان ناده‌ینه‌وه‌".

وتیشی "لەڕێگای پیشه‌ی جگه‌رچیه‌تییه‌وەو بەڕەنج‌و ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وانم منداڵه‌كانم پێگه‌یاندوه‌و كردومن به‌خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رزو پێگه‌ی خۆیان، له‌م كاره‌م په‌شیمان نیم، به‌ جۆرێك ئه‌گه‌ر له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵكی نه‌بێت جێگای خه‌وم ده‌هێنمه‌ دوكانه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ خۆشم ده‌وێت، به‌منداڵه‌كانم وتوه‌ تامن زیندو بم ده‌بێت ئه‌م دوكانه‌ هه‌بێت، كه‌ من نه‌مام كه‌یفی خۆتانه‌".

ئەحەی گوڵە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات کە مرۆڤ کاتێک کە خەریکی کاسپی دەبێت‌و دور دەکەوێتەوە لەحیزبایەتی ژیانێکی ئارام‌و پڕ لەشانازی بەڕێدەکات، ئەو وتی "هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ده‌كات شاره‌كەی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆشترو جوانتر بێت، كه‌ یه‌كێك کارێکی باش‌و پڕۆژەیەکی بەسوود له‌سلێمانی ب‌كات وا هه‌ست ئه‌كه‌م بۆ منی ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ پێمخۆشه‌، هیچ شتێك له‌م دنیایه‌دا به‌قه‌د سلێمانی لام خۆشه‌ویست نیه‌".

وتیشی "داواكارم له‌به‌رپرسان خزمه‌تی زیاتری ئەم شارە بكه‌ن‌و له‌خه‌می خزمه‌تگوازریدا بن بۆ سلێمانی، من له‌ناخه‌وه‌ ئازار ده‌چێژم كه‌ ده‌بینم رۆژ به‌ڕۆژ سلێمانی به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت‌و بارودۆخی خراپتر ده‌بێت، به‌ڕاستی سلێمانی شایسته‌ی خزمه‌تی زیاتره‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×