ئا: ئاوێنە
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە، هەوڵی روسیا بۆ نزیككردنەوەی توركیاو سوریا، بە هەوڵێك بۆ "هاوسەرگیریی زۆرەملێ"ی نێوان ئەو دو وڵاتە ناودەبات و دەڵێت، لەوانەیە ئەنجامێكی زۆر هەڵەی لێبكەوێتەوە. هەروەها پێشی وایە پرسی سوریا بەتەنیا بە سورییەکان چارەسەر دەبێت و بۆ ئەوەش پێویستە سورییەكان ئازاد بن و فەرمان لە کەسی دیکەوە وەرنەگرن.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فوڕات نیوز لەبارەی هەوڵەكانی روسیا بۆ لێكنزیككردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشق، وتی"لەسەرەتاوە ئەمەمان وەک هاوسەرگیرییەکی زۆرەملێ بەناو كرد، بەهۆی ئەو ڕوداو، خیانەت و دوژمنایەتی نێوان هەردولا کە لەم دواییانەدا ڕویدا، دابڕانێک لە نێوان ئەو دو لایەنەدا رویدا. ناتوانن هەمو ئەمانە لە یەک رۆژدا تەواو بکەن، کاتێکی زۆری دەوێت. پێم وایە بەگوێرەی پێویستی روسیا و هەڵبژاردن لە تورکیا، هەوڵ دەدرێت ئەردۆغان و ئەسەد لە یەک دیمەندا پیشان بدرێن. من پێم وایە ئەمە بە کەڵکی تورکیا نایەت و هەڵەیە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لەوانەیە ئەمە ئەنجامێکی زۆر هەڵەی لێبکەوێتەوە. ئێمە هەر لە یەکەم رۆژی تاوتوێکردنی ئەم بابەتەوە ئەمەمان بینی. دیتمان گروپەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا چۆن ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدەن. ئەمە دۆخێکی ئاڵۆزە. گەلی سوریا ئەمە بەتەواوی قبوڵ ناکەن."
ئەوەشی وتوە"پێش ساڵی ٢٠١٠ ئەردۆغان لەگەڵ بەشار ئەسەد سەفەری دەکرد، هەمو کارێکی دەکرد. پاشان لە ساڵی ٢٠١١ هەموان دەزانن چی وت. هەموان بینیویانە، هەموان دەیزانن. ئێستا باس لە مردنی نیو ملیۆن کەس لە سوریا دەکرێت. ئەوەندەی رژێم تاوانبارە، تورکیاش تاوانبارە. بە دەیان گروپی کۆکردوەتەوە. بۆ لەناوبردنی کورد داعشی دروست کرد. ئێوە داعشتان لە ناوخۆ و دەرەوە وەک پیلان بەکارهێناوە و تا ئێستاش بەکاری دەهێنن."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "روسەکان یەکەم کەس بون کە ئەمەیان ئاشکرا کرد. لە ساڵی ٢٠١٥ دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە روسییەکە، هەموان دەزانن پوتین چی وتوە و چی کردوە و چ جۆرە هەڵوێستێکی نیشانداوە. لەگەڵ ئەم هەمو ململانێیە، ئەم دو کەسە ناتوانرێت کۆبکرێنەوە و ئەم پرۆسەیە ناشاردرێتەوە. ئەمەیە کە ئێمە پێی دەڵێین هاوسەرگیری زۆرەملێ."
هەروەها وتوشیەتی"یاسین ئاکتای، راوێژکاری سەرۆکی ئاکەپە، چەند رۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبو، بۆ ئەوەی ئەم کۆبونەوانە بەڕێوەبچێت، دەبێت حەلەب سەربکەوێت. باسی بەدەستهێنان دەکەن، باسی داگیرکاری دەکەن. لەلایەک باسی دیداری ئەردۆغان و ئەسەد دەکەیت و لەلایەکی تریش باسی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەلەب و نیشتەجێکردنی کۆچبەران لەوێ دەکەیت."
ساڵح موسلیم لەبارەی کۆكردنەوەی هەندێک هۆزی سوریا بە سەرۆکایەتی میت لە روحا وتی"هەندێک کەس لەوێ کۆبونەتەوە. ئەوان هۆز نین، ئەوان کەسانێکن کە سود لەم دۆخە وەردەگرن. هەرگیز نوێنەرایەتی هۆزەکان ناکەن. هەندێک کەس پراگماتیست و هەلپەرستن. یاری بە خوێنی خەڵكی دەکەن و یاری بۆ ئەردۆغان بکەن."
سەبارەت بە چارەسەری لە سوریا، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە وتی: کێشەی سوریا تەنها بە سورییەکان چارەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی سوریا چارەسەر بکرێت، ئەوانەی لەوێن، یان ئەوانەی قسە دەکەن، دەبێت ئازاد بن. ئەوان دەبێت ئیرادە و بۆچونێکی ئازادیان هەبێت، فەرمان لە کەسی تر وەرنەگرن، بۆ نمونە ئێستا هێزێکی وەک تورکیا لە سوریا چی دەکات، هەندێک سوری گەلەکەیان فریو دەدەن و وایان لێدەکەن شەڕ بکەن، چۆن نیو ملیۆن کەس کوژراون؟ هەندێک سوری هەڵدەخەڵەتێنن و شەڕیان پێدەکەن. هەندێکیان لەلایەن رژێمەوە کوژراون، هەندێکیان لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورک و تورکەوە کوژران. بۆیە ئەگەر سوریایەکی ئازاد نەبێت، چارەسەریش نابێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە "پێویستە لە روی بیرکردنەوەو بڕیارەکانیدا ئازاد بێت، بە هەمو لایەکمان وتوەو دەیڵێینەوە، هەرچی پێویست بۆ ژیانی هاوبەش پێویست بێت دەیکەین. نەک بە فەرمانی ئەردۆغان، بەشار ئەسەد، ئەمریکا یان روسیا، هەرچی پێویستمان بێت، با پێکەوە بیکەین."
هەروەها وتوشیەتی"ئێمە وەک پەیەدە و بەڕێوەبەری خۆسەر، بڕیارەکانمان لەدەستی خۆماندایە. ئێمە بەگوێرەی فەرمانی هیچ کەسێک ناجوڵێینەوە. بۆ ئێمە هەرچیەک پێویست بێت ئەوە دەکەین، بەڵام ئێمە کەسمان لە ئاستی ئیرادەدا لەمەرامبەر خۆمان نەبینی."