دوای گەڕانەوەی لە سوریاوە، ژنێكی ئەڵمانی بەتۆمەتی بە كۆیلەكردنی كچێكی ئێزیدی دادگایی دەكرێ
  2023-01-12       2588       

ئا: ئاوێنە

 

دوێنێ چوارشەممە، دادگاییکردنی ئەو ژنە ئەڵمانییە بەناوی "نادین ک." لە شاری کۆبلێنزی رۆژئاوای ئەڵمانیا دەستی پێكرد، كە خۆی و هاوسەرەكەی كچێكی ئێزیدییان كردۆتە كۆیلەو هاوسەرەكەی بە ئاگاداری ژنەكەی بەردەوام دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر كچە ئێزیدییەكەو لێی داوە.

 

تۆمەتبار نادین ك. كە تەمەنی 37 ساڵە، لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوەوە گەڕاوەتەوە ئەڵمانیاو لەو كاتەوە بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعش، ئەنجامدانی تاوانی دژە مرۆیی، بەكۆیلەكردنی ئەو كچە ئێزیدییە و بەشداریی لە تاوانەكانی كۆمەڵكوژی و جەنگ، دەستبەسەرە.

بەپێی گەڵاڵەی تۆمەتەكەی، نادین ك. لەساڵی 2014 لەگەڵ هاوسەرەكەی چۆتە سوریا بۆ پەیوەندیكردن بە داعش و لە ساڵی 2015 هاتونە موسڵ و مێردەكەی وەك پزیشك كاری كردوەو بریندارانی داعشی چارەسەركردوەو نادین-یش ژنی ماڵەوە بوەو سەرپەرشتی دو كچەكەی كردوە.

لە ساڵی 2016دا، بەپێی سكاڵاكە، پیاوەكە، كچێكی ئێزیدی تەمەن 22 ساڵانی هێناوەتەوە ماڵەكەی وەك كۆیلە بۆ خۆی و ژنەكەی. كچە ئێزیدییەكە لە ساڵی 2014دا لەكاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر گوندەكەیان وەك كۆیلە براوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو، داواكاریی گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا، گەڵاڵەی تۆمەتباركردنی "نادین ك."ی دەركرد، كە تێیدا هاتبو "پیاوەكەی بەبەردەوامی دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر كچە ئێزیدییەكەو لێی داوەو ژنەكەیشی ئەمەی زانیوە"و "نادین ك. خۆی چاودێری كچە ئێزیدییەكەی كردوە بۆ ئەوەی نەتوانێت هەڵبێت."

بەپێی تۆمەتباركردنەكە، ئەو كچە گەنجە ئێزیدییە، رۆژانە ناچاركراوە كە "بەپێی رێوڕەسمی ئیسلامی نوێژ بكات و لە رەمەزانیشدا بەڕۆژو بێت."

ئەو ژن و پیاوەو خانەوادەكەیان لە كۆتایی ساڵی 2016 چونەتەوە سوریاو دواتر لەلایەن شەڕڤانانەوە لە باغۆز دەستگیركراون و كچە ئێزیدییەكەیان لەدەستیان ئازادكردوەو ئەوانی دیكە لە كەمپێكی ژێر دەسەڵاتی شەڕڤاناندا راگیراون. نادین ك. لە ئازاری ساڵی رابردودا لە چوارچێوەی وەرگرتنەوەی خانەوادەو دەستگیركراوانی داعشدا لە سوریا لەلایەن ئەڵمانیاوە، نادین ك. لەگەڵ نۆ ژن و 27 منداڵدا گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا، لەگەڵ گەیشتنیان بە فڕۆكەخانەی فڕانكفۆرت راستەوخۆ ئەو و سێ ژنی دیكە دەستگیركراون و لەو كاتەوە دەستبەسەرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×