ئا: ئاوێنە
لەهەرێمی كوردستان، حەوت ئاین هەن و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆڵەت پێدراون و بەپێی یاسا ڕێكخراون و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئایینی) چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن.
هەرێمی كوردستان خاوەنی ٥ هەزار و ٨٠٠ مزگەوت و ١٤٥ كەنیسە و ٤٠٠ شوێنی ئاینیی نێوان هەموو ئاینیەكانە كە لە كابینەی نۆیەمدا پلانی تۆكمەی ئەندازیاری بۆ نۆژەكرنەوەی ئەم شوێنە ئاینییانە داڕێژراوە و لە دیارترینیان نۆژەنكردنەوەی مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین لە شاری هەولێر و مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ و مزگەوتی گەورەی سلێمانی و بنكەی لالش و چەندین جێگەی ترە لە شاری دهۆك، ئهوهش بهپێی ههواڵێكی میدیای فهرمی حكومهت.
ژمارە و ناوی ئەو ئاین و باوەڕانەی بە شێوەیەكی فەرمی لە هەرێمی كوردستاندا ناسێنراون
سەبارەت بە ژمارە و ناوی ئەو ئاین و باوەڕانەی لە هەرێمی كوردستاندان و بەشێوەیەكی فەرمی ناسراون، و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كارەكانیان، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ى پەرلەمانی كوردستان، حەوت ئاین لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتپێدراون و بەپێی یاسا ڕێكخراون و نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیدا هەیە، هەروەها لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئاینی) چالاكییان هەیە".
نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەشی بەوە دا: "هەردوو پێكهاتەی ئاینی مەسیحی و ئیزدییەكان، خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و كاروباری تایبەت بە خۆیانن و هەر خۆیشیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینییە و لە پەیكەری یاسای وەزارەتدا جێگەیان بەڕێوەبەرایەتیی گشتییە". لەبارەی ناوی ئاینەكانیش گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاماژەی بۆ هەر یەك لە ئاینەكانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، جوو، زەردەشتی كرد و گوتی: ئەم ئاین و باوەڕانە سەرجەمیان چالاكییان هەیە و پەیوەندییەكی بەهێزیش لەنێوانیاندا هەیە، و بەشداریی بۆنە و مەراسیم و چالاكیی یەكدیش دەكەن.
ئاماری مزگەوت و كەنیسە و پەرستگە ئاینییەكان
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان ٥ هەزار و ٨٠٠ مزگەوت هەن و بە پێی پێویستیش وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی مۆڵەت دەدات، بەڵام بە مەرجی پێویستیی ئەو شوێنەیە. لەو ژمارەیەى سەرەوەش، لە ٣ هەزار و ٢٠٠ مزگەوتیان وتاری هەینی دەدرێت كە لە چوارچێوەی بۆردێكی باڵای دانانی وتار سەرپەرشتی دەكرێن و بە پێی بڕیاری كۆنفڕانسی ڕێكخستنی گوتاری ئاینیی ساڵی ٢٠١٦ بڕیاری كردنەوەی لە بارەوە دراوە. ئێستا "بۆردی باڵای وتار" و "بۆردی پارێزگاكانی هەرێم"، بە هەماهەنگی، وتاری هەینی دادەنێن.
هەر لە هەرێمی كوردستان، ١٤٥ كەنیسە هەن و بە پێی پێویستیی شوێنەكە حكومەتی هەرێمى كوردستان پاڵپشتیی درووستكردنی كەنیسە دەكات. ئێستاش هەرێمی كوردستان خاوەنی ٤٠٠ شوێنی ئاینیی نێوان هەموو ئاینەكانە و بەشێكیان شوێنی هاوبەشى دوو ئاینن، بۆ نمونە ئاینی ئیسلام و مەسیحی."
دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی پەرستگە و شوێنە ئاینییەكان
لە كابینەی نۆیەم، پلانی تۆكمەی ئەندازیاری داڕێژراوە بۆ نۆژەكردنەوەی شوێنە ئاینییەكان، دیارترنیان نۆژەنکردنەوەى مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین بووە لە شاری هەولێر، كە لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت و بە سێ قۆناغ نۆژەن كراوەتەوە، هەر لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت مزگەوتی گەورەی سلێمانی و مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ نۆژەن دەكرێنەوە، لە پارێزگای دهۆكیش بەهەمان شێوە كار دەكرێـت، وەك نۆژەنكردنەوی بنكەی لالش و چەندین شوێنگەى ئاینى دیکە لە دەڤەرەكە.
پرسی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان
یەكێك لە سیما دیارەكانی هەرێمی كوردستان، ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیانی باوەڕە جیاوازەكانە، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتى هەیە بۆ پێكەوەژیانی ئاینی. لەبارەی هەوڵ و كاری حكومەت بۆ برەودانی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی گوتی: لە كابینەی نۆیەمی حكومەت، وەزارەتمان چەندین كۆنفرانس و كۆنگرە و سیمیناری جۆراوجۆر و كۆبوونەوەی لە پارێزگاكان ڕێك خستووە، بە شێوەیەك سەرجەم ئاینەكانی كۆ كردووەتەوە و پەنێڵی ئەكادیمی ساز داوە بۆ زانایانی ئاینی كە ڕاسپاردە و ئەنجامی لەسەر پێکەوەژیان هەبووە.
پلانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ عومرەكاران لە ساڵی نوێ
زیاتر لە ٢٠٠ كۆمپانیا كاروباری عومرە لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش پلانی وەزارەتی ئەوقاف کاروبارەکانى عومرەكاران بە شێوەیەکى فراوان ڕێک دەخات و لە ڕێگەى لیژنەیەكی تایبەت چاودێرى نرخی عومرە و خزمەتگوزارییەکانی كۆمپانیاكان دەکات کە پێشكەش بە گەشتیاران دەکرێت و هەر كەموكوڕییەكیش هەبێت لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەكرێت.
پرسی حەج
ساڵی ٢٠١٧، ٨٦ هەزار و ٤٦٧ كەس ناوى خۆى بۆ حەج تۆمار كرد، هەر سێ ساڵى ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ کە بە تیروپشك ئەنجام درا، زیاتر لە ١٥ هەزار كەس بووە حاجی، بەڵام بە هۆى هاتنى پەتاى کۆڤید ـ ١٩ (کۆرۆنا) هاووڵاتیان بێبەش بوون لە فەریزەى حەج لە هەردوو ساڵى ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢، تەنیا ٢ هەزار و ١٢٨ كەس بوونە حاجی، چونکە دەوڵەتى عەرەبستانى سعودیە وەک جاران و لەبەر کۆرۆنا ڕێگەى نەدا زیاتر لەمە بەشدار بن.
نەبەز ئیسماعیل گوتی: "لە ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆنفرانسێكی جیهانی لە مەككە دەبەسترێت و بڕیار لەسەر پشكی حەج دەدرێت، لەوێدا ژمارەی حاجیانی كوردستان لەگەڵ عێراق دیاری دەكرێت، هەروەها لە ئێستاوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پلانی گونجاوی ئامادە كردووە و لە كاتی خۆیدا ڕادەەگەیەنرێت".. "بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی بڕیاری داوە لە ڕێگەی وەزارەتی شەهیدان، سەد كەس لە وارسی پلە یەكی شەهیدانی سەنگەر، بە بێ تیروپشك دەستنیشان بكرێن تا هەلی چوونە حەجیان بۆ بڕەخسێت."
گەشتیاریى ئایینی لە كوردستان
یەكێك لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشخستن و گەشەسەندنی كەرتی گەشتیارییە و لە هەرێمى کوردستانیش چەندین شوێن و ئاسەوارى ئاینی هەن کە دەكرێت ببنە شوێنی گەشتیاری و بە ڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیاندا واڵا بکرێن، بۆیەشە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هۆبەیەكی تازەی سەر بە نووسینگەی وەزیر کردووەتەوە بە ناوی (گەشتیاریی ئاینی). ئەم هۆبەیە سەرقاڵی دیزاینی شوێنە ئاینییەكانە تا بە پاڵپشتیی لایەنی زانستی و كولتووری، نۆژەن بكرێنەوە و بكرێنە ناوەندی گرنگی گەشتیاریی ئاینی و سەردانیكاران و لە هەموو جیهانەوە بتوانن سەردانیان بكەن. هەر ئەم هۆبەیە ڕێبەرێكی گەشتیاری بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپ کردووە و لە دەروازەی هاتنە ناو شارەكانەوە بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەكرێت.