كه‌سێكی‌ دیكه‌ لەسەر کوشتنی هاوکار جاف دەستگیرکرا
  2022-10-09       1524       

كه‌سێكی‌ دیكه‌ لەسەر کوشتنی هاوکار جاف، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی‌ دژه‌ تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ دەستگیرکرا، به‌وه‌ش تا ئێستا سێ کەس بەتۆمەتی کوشتنی ناوبراو دەستگیرکراون. 

ئاوێنه‌: میدیاكانی‌ پارتی‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، کەسێکی دیکە بەتۆمەتی کوشتنی عەقید هاوكار جاف لەنزیک شاری موسڵ دەستگیركرا کە ناوەکەی (سەرمەد رەشید)ـە، خەڵكی شنگالەو ئێستا دانیشتوی شارۆچكەی باشیکە. 
 
بەدەستگیركردنی سەرمەد رەشید، تا ئێستا سێ کەس بەتۆمەتی دەستهەبون لەتاوانی کوشتنی هاوکار عەبدوڵا جاف لەهەولێر دەستگیرکراون. 
 
دوو کەسە دەستگیرکراوەکەی دیکە ناویان یاسر فەیسەڵ حوسێن‌و ئەحمەد فەیسەڵ حوسێنن کە برای یەکترن و پلەی سەربازییان مولازمی دووەمە. ئەو دوو کەسە رۆژی هەینی 7-10-2022 و ماوەیەکی کەم دوای تەقینەوەکە لەگەڕەکی شەهیدان لەنزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران. 
 
بەپێی زانیارییەکان، یاسرو ئەحمەد خەڵکی گوندەی ئۆرتە خەرابی نزیک گۆگجەلین کە دەکەوێتە باشوری شاری موسڵ و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ هاوکار عەبدوڵڵا جاف کاردەکەن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەماوەی ئەم دوو رۆژەی رابردوداو لەمیانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، یاسرو ئەحمەد دانیان بەتاوانەکەدا ناوەو "حەوت بەڵگەش بەردەستن" بکوژانی عەقید هاوکار دەسەلمێنن. 
 
هەر لەبارەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر راگەیاندووه‌، "لێکۆڵینەوەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن‌و لەنزیکترین کاتدا ئەنجومەنی ئاسایش دەقی دانپێدانان‌و هەموو زانیارییەکان بڵاودەکاتەوە." 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×