2022-08-31   2342     
ژیان پڕە لەبەسەرهات و ڕووداو و کارەسات ، بێگومان لە نێو ئەو بەسەرهاتانەدا هەن کە بەهۆی ناوازەیی ،سەرنجڕاکێشی و گرنگیانەوە شایانی ئەوەن خەڵکانی دیکە پێیان ئاشناببن ،چونکە ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانە لەوجۆرانەن کە تەنها یەک جار ڕوودەدەن و دووبارە نابنەوە ،بۆیە گەرەکە کەسەکە وەک کامێرامانێکی بەسەلیقە لەهزری خۆیدا ڕووداوەکە ڕەکۆرد بکات و پاشان لە ڕێگەی یاداشکردنیان لە دووتوێی کتێبدا دوای داڕشتنی لە قاڵبێکی ئەدەبیدا بەخوێنەریان ئاشنابکات..
گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان لەشێوەی حیکایەتدا، گەر لەڕووی داڕشتنەوە جوانکاری تێدا نەکرێت و زمانی ئەدەبی تێدا بەکار نەهێنرێت و سەرنجی خوێنەر ڕانەکێشت ،ئەودەمە دەبێتە گێڕانەوەیەکی وڕشک و بزاوت و بێ گیان. کتێبی [حیکایەتەکانی ژیان] ی گۆران هەڵەبجەیی کۆمەڵێک ڕووداو لەخۆدەگرن کە بەسەرخودی خۆیدا هاتوون ،یان وەک ئامادەبوویەکی نزیکی ڕووداوەکە وجودی هەبووە یاخود لەزاری کەسانی دیکەوە بیستوونی یا خوێندوونیەتەوە ، بەتایبەت ئەوانەی زۆر زۆر سەرنجڕاکێش و پڕ فەنتازیا و هەست بزوێنن پاش ئەوەی خۆی ناونیشانی گونجاوی بۆداناون ، سەرجەمیان بەنێوی{ حیکایەتەکانی ژیان} لە دووتوێی ئەم کتێبەدا یاداشت کردون. وێرای ئەم حیکایەتانە کەژمارەیان {42}حیکایەتە، {10} دانە حیکایەتی دیکەشیان لەتەکدا چاپکراوە بە نێوی {حیکایەتەکانی کرێتا} کە لەسەر هەمان ڕیتم و میتۆدن ،تەنها جیاوازی ئەوەیە کە هەرهەموویان تایبەتن بە دوورگەی [کرێتا] لەیۆنان ،کە لە ئەنجامی سەفەرەکانیدا بۆ ئەو دوورگەیە کۆیکردوونەتەوە.