2020-06-19   2981     
لەماوەی چەند رۆژی رابوردودا لەسەر دەرمانی دیکسامیسازۆن( دکسا) هەواڵێک بڵاوکرایەوە، هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە ئەم دەرمانە کاریگەریەکی باشی بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا هەیە.
دەرمانی دکسا، دەمێکە دۆزراوەتەوە، بۆ نەخۆشی حەساسیەتو هەوکردنی گرانو کەمی مادەی ستیرۆیدەکان بەکاردێت.
دیارە لەم ماوەیەدا بۆ هەوکردنی گرانی( قورسی) کۆرۆناش بەکارهاتوەو سودی باشی هەبووە، بۆیە پزیشکانی بەریتانی وەک هەواڵیکی خۆش و وەک سەرکەوتنێکی زانستی بڵاویانکردەوە.
بەڵام ئەوەی بە لای منەوە گرنگە رونیبکەمەوە ئەوەیە، ئەم دەرمانە ڤایرۆسەکە ناکۆژێت، رێگە لە تووشبونی نەخۆشیەکە ناگرێت، بەڵکو سنور بۆ لیکەوتە خراپەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر جەستەی نەخۆشەکە دادەنێت.
کاتیک کەسێک دووچاری کۆرۆنا دەبیت، سیستەمی بەرگری نەخۆشەکە دژی ڤایرۆسەکە چالاک دەبێت، هەندێکجار سیستەمی بەرگری زیاد لەسنوری خۆی چالاک دەبێت و کۆمەڵیک مادەی کیمیاوی بە ناوی سایتۆکاین (cytokine) دەردەکات، ئەم سایتۆکاینانە زیاتر جەستەی مرۆڤەکە، وە بەتایبەت سیەکانیو بۆریەکانی هەناسەدانی بریندار دەکەنو دووچاری هەوکردنیان دەکەن.
کە مادەی دکسا بەکاردێت، سنورێک بۆ چالاکی سیستەمی بەرگری جەستەی نەخۆشەکە دادەنرێت، سایتۆکاینەکان کەم دەکاتەوە، برینداربونو هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانی نەخۆشەکە کەم دەکاتەوەو باری تەندروستی نەخۆشەکە باشدەبێت.
ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا بەکاردێن، بەشێوەیەکی گشتی ئەم جۆرانەن:
١.ڤاکسین ئەو دەرمانەیە کە رێگە لە توشبونی بەنەخۆشی کۆرۆنا دەگرێت، ئەم دەرمانە تا ئیستە نەدۆزراوەتەوە.
٢.ئەو دەرمانەی کە بەرگری لەشی نەخۆشەکە بەهێزدەکات، وەک پلازمای ئەو نەخۆشانەی کە کۆرۆنایان هەبوەو چاک بوونەتەوە، پلازماکەیان بۆ نەخۆشی تربەکاردێت.
٣.ئەو دەرمانەی بۆ کوشتنی ڤایرۆسەکە بەکاردێت، ئەم دەرمانەش تا ئیستە نەدۆزراوەتەوە،هەندێک دەرمان کە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی تر بەکاردێن بۆ کۆرۆناش بەکاریدێنن وەک دەرمانی تامیۆفلۆ Tamiflu.
٤.ئەو دەرمانانەی بۆ لێکەوتە گرانەکانی کۆرۆنا بەکاردێن، وەک دەرمانی دیکسامیسازۆنو دەرمانی ئازارو ئەنتیبایۆتیک، دیارە لەم گروپەدا دکسا سودی زۆری بۆ نەخۆشەکان هەبووە، بۆیە بەسەرکەوتنێک لەچارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا دەژمێردریت.
د.فایق گوڵپی