ئەردەڵان عەبدوڵڵا
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئێستادا تەواوی جیهانی خستۆتە
لەرزین، جگە لە نەخۆشیش، هەژاریی و بێکاری لەگەڵ خۆی دەهێنێت. بەهۆی ئەوەی هێشتا
مرۆڤایەتی نەیتوانییوە دەرمانێک دژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بدۆزێتەوە، تاکە دەرمان بۆ رووبەروبوونەوەی ، خۆ
زیندانیکردنە لە ماڵەوەو تێکەڵنەبوونی خەڵکە، ئەمەش مانای لاواز بوون هەندێکجاریش
شکستهێنانی کەرتێکی زۆری ئابووری بەتایبەتی " بیناسازیی، گەشتیاریی، رێگاوبان
دروستکردن و بەشێکی زۆری پیشەشازیی"
لەمەشدا یەکەمین چین کە زەرەمەند دەبێت، چینی هەژار و کرێکارانی جیهانن بەتایبەتی
ئەوانەی کە دەبێت رۆژانە کار بکەن دەنا لەبرساندا دەمرن. لە ئێستاشدا تەواوی کارگە
و کەرتە ئابوورییەکان یان بەتەواوەتی داخراون یان چالاکیان سنووردار کراوە، ئەمەش
ژیانی ئەوانی خستۆتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە کە هیچی لە ڤایرۆسەکە کەمتر
نییە.
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی " کاری
نیودەوڵەتی" بێت، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، رەوشی کرێکاران و بێکاران زۆر
نارەحەتر دەبێت و پێدەچێت بەهۆی ئەم کارەساتەوە، نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا بێکار بن. ئەمەش هێندەی تر ژمارەی
بێکارانی جیهان زیاتر دەکات، ساڵی 2019 ژمارەی بێکارانی جیهان 188 ملیۆن کەس بووە،
ئەمساڵ سەرو 25 ملیۆن کەسی تری بۆ زیاد دەبێت.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا
کاریگەری ئێجگار خراپی دەبێت لەسەر ژیانی کرێکاران، بەهۆی کەمبوونەوەی هەلی کارو
زەرەری کارگەکان، ئەمەش وا دەکات کە داهاتی کرێکارانیش کەمبێتەوەو پێدەچێت زەرەری
زۆر لە داهاتی کرێکاران بکەوێت وا مەزندە دەکرێت کە لە نێوان 860 ملیارد دۆلار بۆ
3.4 ترلیۆن دۆلار ، زەرەر بەر داهاتی کرێکارانی جیهان بکەوێت. ئەمەش وا دەکات کە لە نێوان 8 بۆ 35 ملیۆن
کرێکاری جیهان، بەرەو هێڵی هەژاری بچن. هەرچەندە لەسەرەتای ئەمساڵدا وا پێشبینی
دەکرا، کە رێژەی هەژاری لە جیهاندا کەمتر بێتەوە، بەڵام لە ئێستادا هەموو هیواکان بۆ کەمکردنەوەی هەژاریی لە جیهاندا لەناوچوون.
هەر لە راپۆرتەکەی رێکخراوی کاردا هاتووە، ڤایرۆسی
کۆرۆنا لە تەنگەژەی دارایی ساڵی 2008 و 2009 خراپترە، چونکە ئەو تەنگەژەیە بووە
هۆی بێکار بوونی 22 ملیۆن کەس لە جیهاندا،
بەڵام ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی بێکار بوونی خەڵکی زیاتر.
لەماوەی پێشوودا کەناڵی بی بی سی بەریتانی، راپۆرتێکی لە بارەی رەوشی هەژارانی
هیندوستان بڵاوکردەوە، بەراستی تراژیدیاییەکی گەورە بوو. بە هەزاران کەس لە شاری نیودەلهییەوە بە کۆمەڵ
کۆچیان دەکرد بۆ گوندەکانیان، ئەمجارەیان نەک لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرە لە ترسی
ڤایرۆسی " برسێتی و بێکاریی". بەشێکی زۆری ئەو کرێکارانەی کە رۆژانە کار
دەکەن، لە ئێستادا بەهۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری کەرتی ئابووریی و کەرەنتینەکردنی
خەڵکی، هیچیان دەست ناکەوێت و ناچار دەبێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان. کرێکارێکی
هەژار بە کەناڵەکەی راگەیاند: لێرە گەر
ڤایرۆسی کۆرۆناش نەمانکوژێت ، ئەوا برسێتی دەمانکوژێت.
بەداخەوە چ جەنگەکان و چ کارەساتە سروشتییەکان و چ
نەخۆشییەکان، یەکەمین گورزی خۆیان لە جەستەی هەژاران دەدەن، لە کاتێکدا ئەوانیش
هێندە لاوازن کە بەرگەی ئەم هێرشە دڕندانەی سروشت و مرۆڤ ناگرن. ئەم ڤایرۆسەش بە پلەی یەکەم پەلاماری جەستەی ئەوان دەدات، گەر
لە رێگەی خۆشیەوە نەیانکوژێت، ئەوا بەشێوەیەکی تر دەیانکوژێت.
سەرچاوەکان:
ILO: 25 Millionen Arbeitsplätze weltweit durch COVID-19 bedroht.www.ilo.org
نزوح جماعي من العاصمة الهندية
"هربا من الجوع لا الوباء". بی بی سی. عربي