کۆما بەرخۆدان ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بە هەندێک بیانوو دەستکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستان سنووردار دەکات، ئەو ستەمەی لە باشووری کوردستان دەکرێت قبووڵی ناکەن و شەرمەزاری دەکەن. ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ باشوور هاوشێوەی رۆژئاوا دەچنە سەر شەقامەکان.
ئاوێنە: کۆما بەرخۆدان لەمیانی راگەیەندراوێکدا وتی "لەم ڕۆژانەی دواییدا و بەتایبەت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو ئاژاوە و ئاڵۆزیی گەورەدایە، حکومەتی ناوەندیی عێراق بە هەندێک بیانوو دەستکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستان سنووردار دەکات، ئەم عەقڵییەتە لەبری ئارامی، ئاڵۆزییەکی دیکە بۆ ناوچەکە زیاد دەکات و لەبری پێکەوەژیانی گەلان، لەسەر ئەم خاکەی کە میوانداریی شارستانییەتە جیاوازەکانی کردووە، ڕق و کینە دەچێنێت، هیچ شتێک نابێتە بیانوو بۆ ئەوەی ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلان لە دەستیان بسەندرێتەوە، ئەو دەستکەوتانە بە خوێنی ئەم گەلە بەدی هاتوون. نە ئەنفال و نە کۆچبەرییە یەک لەدوای یەکەکان نەیانتوانی ئەم گەلە لە ناسنامەکەی دوور بخەنەوە. ئەم دەستکەوتانە هی حزبێک، لایەنێک یان بەشێکی کوردستان نین، بەڵکو دەستکەوتی هەموو کوردێکن لە هەر شوێنێکی جیهان بێت".
بەخۆدان ئاماژەی بەوەشداوە، "چۆن گەلەکەمان بۆ ڕۆژئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ باشووریش هەروا دەکەن، ئێمە لێرە، وەک هەمیشە، بە هەستی نەتەوەییەوە لە پرسەکە نزیک دەبینەوە، بیروباوەڕە سیاسییە جیاوازەکان بۆ کورد دەوڵەمەندین، بەڵام کاتێک بابەتەکە بووە هەوڵدان بۆ تێکدانی دەستکەوتەکان و دیلکردنی ئازادیی گەلی کورد، ئیتر هەموو سنوورەکان لەبەرامبەر تووڕەیی نەتەوەییدا هەڵدەوەشێنەوە، پێویستە حکومەتی ناوەندیی عێراق بگەڕێتەوە بۆ دەستوورە بنەڕەتییەکەی و دەستبەجێ دەست لە زمانی هەڕەشە هەڵبگرێت".
راشیگەیاند "ئێمە بە هیواین هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستانیش ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و کاری سەرەکییان ببێتە پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور، ئێمە وەک کۆما بەرخۆدان، چۆن لە باکوور لەگەڵ گەلەکەمان بووین، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش هەروا بووین، ئێستاش ئەم ستەمەی لە باشوور دەکرێت قبووڵی ناکەین، شەرمەزاری دەکەین و بە ئاشکرا لە تەنیشت گەلەکەمانین، هیچ کاتێک سنوورەکان ئێمەیان لە یەکتر جیا نەکردووەتەوە و ئێستاش هەروا دەبێت".