سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، رەنگە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی وت "بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانمان، رۆژی یەکشەممەی رابردوو پێیان راگەیاندین کە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شوێنی بەرهەمهێنانی گاز نزیکەی ١٠ رۆژی پێویستە".
لەبارەی وادەی کاراکردنەوەی کێڵگەکە، سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد "بەپێی ئەو خەمڵاندنە ١٠ رۆژییە و ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی نەیەتە پێش، رەنگە لە رۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە".
دەربارەی نەوتی سپییش، سەرچاوەکەی وتی "ئێستا نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دێت و ١٠٠ لیتری بە نرخی نزیکەی ٣٢ هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتییان".
هەروەها لەبارەی زیادکردنی پشکی نەوتی سپیی دەشڵێت "بڕە گشتییەکە هەر ٥٠ ملیۆن لیترە و زیاد نەکراوە، بەڵکو بەهۆی بەدواداچوون و لەسەرهێڵبوونی ئەوانەوە لەگەڵ بەغدا، بڕی ناردنی رۆژانە زیادکراوە و بەشێوەیەک پێشتر نزیکەی پێنج تانکەر بۆ دابەشکردن بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دانرابوو، بەڵام دوای هەوڵەکانیان، ئێستا رۆژانە نزیکەی ٣٥ تا ٤٠ تانکەر دەنێردرێت".