سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا رێکارە فەرمییەکانی بۆ پێکهێنانی لیژنەی چاودێریی تایبەت بە یاسای "بەهێزکردنی هاودڵیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" دەستپێکرد و بۆ ئەو مەبەستەش وادەیەکی بۆ فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دیاریکرد.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، نوومان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمان، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی ئاکەپە، پارتی نوێ، دەم پارتی، مەهەپە، جەهەپە، ئییی پارتی و پارتی رێگەی نوێ کردووە، تا ئەندامانی خۆیان بۆ ئەو لیژنەیە دەستنیشان بکەن.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی پەرلەمان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەی 5ـی ماددەی 7ـی یاسای بەهێزکردنی هاودڵیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا دێت؛ یاسایەک کە پێشتر لە میانی پرۆسەی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر" و بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسەند کرابوو.
لە نامەکەی کورتولمووشدا مۆڵەت بۆ لایەنەکان دیاریکراوە و داوا کراوە، تا کاتژمێر 17:00ـی رۆژی دووشەممە، 30ـی تشرینی دووەم، ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ ئەندامێتی لە لیژنەکەدا دیاریدەکرێن، رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن.
لیژنەی چاودێرییەکە بە گشتی لە 19 ئەندام پێکدەهێنرێت و دابەشکاریی پشکی فراکسیۆنەکان تێیدا بەم شێوەیە دیاریکراوە:
ئاکەپە: 9 ئەندام
پارتی نوێ: 3 ئەندام
دەم پارتی: 2 ئەندام
مەهەپە: 2 ئەندام
جەهەپە: 1 ئەندام
ئییی پارتی: 1 ئەندام
پارتی رێگەی نوێ: 1 ئەندام
لەبارەی پێکهاتە و کاتی دەستبەکاربوونی لیژنەکەوە، نوومان کورتولمووش ئاماژەی بە کارنامەی ئێستای پەرلەمان کردووە و رایگەیاندووە: "لیژنەکە لە 19 ئەندام پێکدێت. ئێستا پەرلەمان سەرقاڵی تاوتوێکردنی بودجەیە، هیوادارم پێش ئەوەی قۆناخی کۆبوونەوەی گشتی دەست پێبکات، یەکەم کۆبوونەوەمان ساز بکەین."