بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دادگای فیدراڵی لەبارەی دەسەڵاتەکانی ناوەند، دەروازەکان و نەوت؛ رێکارەکانی زەیدی پەسەند کران و سنوری 2003ی هەرێم یەکلایی کرایەوە
  2026-11-25     

دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگه‌یاند، رێکارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان پەسند ده‌كات و بڕیاریدا کە پاراستنی سنورەکان، سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنورییەکان، وردبینی لە دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان.

ئاوێنە: دادگای فیدڕاڵی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، بڕیاری ڕاڤەکاریی خۆی بە ژمارە (268/ فیدراڵی/ 2026) لەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 25/ 11/ 2026 دەرکرد، لەسەر داوای سەرۆک وەزیران لە دادگای فیدراڵی بۆ ڕاڤەکردنی چەند ماددەیەکی دەستور؛ کە تێیدا دادگا جەختده‌كاته‌وه‌ لەوەی کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم زیان بە یەکپارچەیی دەوڵەت و سەروەرییەکەی ناگەیەنێت و نابێتە هۆی پارچەپارچەکردنی دەسەڵاتە تایبەتەکان (الحصریه‌) کە بە دەستور دیاریکراون، هەروەها ڕێگە بە پەکخستنی دەسەڵاتە هاوبەشەکان یان تێپەڕاندنی پێداویستییەکانی هەماهەنگی نادات کە دەستور پێویستی کردون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (93/ دوەم) لە دەستوری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 و ماددەی (4/ دوەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (30)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە ڕاڤەکردنی دەقە دەستورییەکانی بابەتی داواکارییەکە بەم شێوەیەی خوارەوە:

​١. بڵاوەپێکردنی هێزە چەکدارەکان لە سەرجەم سنورە نێودەوڵەتییەکان

بەپێی بڕیارەکە، پاراستنی سەرجەم سنورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق بە دەسەڵاتی رەهای حکومەتی فیدراڵی دیاری کراوە. لەو چوارچێوەیەدا، حکومەتی ناوەندی مافی یاسایی هەیە هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان لە سەرجەم هێڵە سنورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جێگیر بکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر، بەو سنورانەشەوە کە دەکەونە سنوری ئیداریی هەرێمی کوردستانەوە.

​٢. سەرپەرشتی و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان

دادگاکە جەختی کردووەتەوە کە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی تەواویان هەیە لە چاودێریکردن، سەرپەرشتیکردن و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی وڵات (بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە) بەپێی یاسای دەستەی دەروازە سنورییەکان، هاوکات لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بڕگەی یەکەمی مادەی (114)ی دەستور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

​٣. بەئەلیکترۆنیکردن و بەستنەوەی سیستمەکان بە بەغداوە

لە تەوەرێکی دیکەدا هاتووە کە دروستکردن و جێبەجێکردنی سیستمێکی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوی دەروازە سنوری و خاڵە گومرگییەکان و گرێدانیان بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییەکانەوە لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە چوارچێوەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی حکومەتی فیدراڵیدایە.

​٤. سەرپەرشتیکردنی کەرتی نەوت و غازی هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە

دادگای فیدراڵی مافی بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و دامەزراوە چاودێرییەکانی عێراق داوە کە سەرپەرشتی، وردبینی و چاودێریی گشتگیر بخەنە سەر سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و قۆناغەکانی دەرهێنان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن، هەناردەکردن و گرێبەستەکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بە پشتبەستن بەو بڕیارانەی پێشتر لە ساڵی 2022 لەلایەن دادگاکەوە دەرچوو بوون.

​٥. یەکخستنی پێناسی گومرگی و گەڕاندنەوەی داهاتە نانەوتییەکان

بڕیارەکە مافی دیاریکردنی پێناسی گومرگیی یەکگرتووی داوەتە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، لەگەڵ سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی وردبینی لە سەرجەم داهاتە گشتییە نانەوتییەکان، وەک باج و رسومات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو داهاتانە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.

​٦. دیاریکردنی سنوری جوگرافیای دەسەڵاتی هەرێم بۆ پێش 19ی ئاداری 2003

لە خاڵێکی هەستیاردا، دادگای باڵای فیدراڵی سنوری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی بەستووەتەوە بەو ناوچانەی کە پێش 19ی ئاداری 2003 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبران (لە سنوری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دیالە و نەینەوا). دەقی بڕیارەکە جەخت دەکاتەوە کە نابێت دەسەڵاتی هەرێم بۆ دەرەوەی ئەو سنورە درێژبێتەوە، هاوکات لەگەڵ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق.

​٧. سپاردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی دەرەوەی سنوری 2003 بە بەغدا

لە کۆتا خاڵدا هاتووە کە جێبەجێکردن و بەکارهێنانی سەرجەم دەسەڵاتە دەستوری، کارگێڕی و جێبەجێکارییەکان لەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی سنوری 19ی ئاداری 2003ی هەرێمی کوردستان، تەنها لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتە فیدراڵییەکاندایە؛ هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئیدارەدان یاخود بەڕێوەبردنی کردەیی ئەو ناوچانە لەلایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، نابێتە بنەمایەک بۆ دروستبوونی هیچ ماف یان دەسەڵاتێکی دەستوری لەسەریان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×