بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە ناوەندی شاری هەولێر گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی خاکی نیشتمان، یەکڕیزی و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی چالاکییەکەی خستە ڕوو و ئاشکرای کرد، بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانە دوای ئەوە هاتووە کە نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەکان داواکارییەکیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی پێشکەش کردبوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، خۆپیشاندانەکە سبەی لە کاتژمێر (١:٣٠)ی پێشنیوەڕۆ لە باغی شار لە نزیک قەڵای هەولێر دەست پێ دەکات و بڕیارە بە بەشداریی تەواوی پێکهاتە و توێژە جیاوازەکان ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە لایەنی ئەمنی و ڕێکخستنی چالاکییەکە، پارێزگاری هەولێر جەختی کردووەتەوە کە وەک لیژنەی ئەمنیی پارێزگا، وێڕای پێدانی مۆڵەتی فەرمی، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییە پێویستەکانیان گرتووەتە بەر بۆ ڕێکخستنی گردبوونەوەکە و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران.
لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئومێد خۆشناو بانگەوازێکی ئاراستەی جەماوەر، سەرجەم چین و توێژەکان، هێزە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە، تاوەکو بەشدارییەکی کارا و بەرفراوانیان لە خۆپیشاندانەکەدا هەبێت؛ وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لەم بەشدارییە گەیاندنی پەیامێکی یەکگرتووە بۆ داکۆکیکردن لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.