بەرپرسێکی باڵای یەکێتی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە حزبەکەی ئۆفیسەکانی حکومەتی هەرێم جێدەهێڵن، بەرپرسێکی پارتیش ئاشکرایکرد کە حزبەکە هەوڵی گفتوگۆی داوە بۆ دابەشبوونی هەرێم.
ئاوێنە: مەحمود خۆشناو، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط"ی وت "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە کە وەزیر و بەرپرسانی حزبەکە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەست بە بەجێهێشتنی ئۆفیسەکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن".
راشیگەیاند "کشانەوەمان دوای بڕیاری حزبەکەمان لە کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێم دێت؛ ئەو بڕیارەش دوای کۆبوونەوەی ناکۆکی لێکەوتووی پەرلەمان لە ڕۆژی چوارشەممە وەرگیراوە، کە تێیدا سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەبێ بەشداریی زۆربەی پەرلەمانتارانی یەکێتی".
ئەو کادیرەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشداوە کەلە دەرەنجامی ئەم ڕووداوەوە دەرفەت بۆ هێزە دەرەکییەکان دروست دەبێت کە دەستێوەردان بکەن. هەروەها وتیشی "یەکێتی لەوانەیە داوای سەربەخۆیی کارگێڕیی سلێمانی لە هەولێر بکات.
لە بەرامبەردا، دژوار فایەق، بەرپرسی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە حزبەکەی، بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا گرتووە، بە مەبەستی شکاندنی بنبەستی سیاسی.
دەشڵێت "پەرلەمانی کوردستان دووشەممە جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی لیژنەی یاسایی و دەستپێکردنی وەرگرتنی پاڵێوراوەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان".
ئەوەش لەکاتێکدایە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، بڕیاری کشانەوەی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند و وتی؛ یەکێتی کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەر پۆستێکی حکومەتیی کەلە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەوە دروست بکرێت، ناناسێت.
تاڵەبانی هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر پارتی سەرۆکێک بۆ هەرێم، سەرۆک وەزیرانێک یان وەزیرانێک دیاری بکات، یەکێتیش بە هەمان شێوە وەڵامی دەداتەوە و هەنگاوی هاوشێوە هەڵدەگرێت.