سەدرەدین قەبانچی، وتاربێژی نوێژی هەینی لە پارێزگای نەجەف، لە میانەی وتاری هەینیی ئەمڕۆدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی کولتووری، سیاسی و خزمەتگوزاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تێیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی "هاڵۆوین" هەبێت و ڕۆڵیش ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئاوێنە: لە بەشێکی وتارەکەیدا سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، قەبانچی ڕەخنەی لە دیاردەی گێڕانی ئاهەنگەکانی تایبەت بە "هاڵۆوین" گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو جۆرە بۆنانە لەگەڵ بەها ئایینی و نیشتمانییەکانی کۆمەڵگەی عێراقیدا ناگونجێن. ناوبراو لە وتەکانیدا شێوازی پۆشینی جلوبەرگی ترسناک و شەیتانی لەو بۆنانەدا بە دەرچوون لە بەهاکانی ژیان و "نەفامییەکی هاوردەکراو بۆ سەرقاڵکردن و پەرتەوازەکردنی گەنجان بە شتی بێهوودە" وەسف کرد، هاوکات داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر ئەو دیاردەیە کە ناوبراو بە "داگیرکاریی نائەخلاقی" ناوی برد.
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەدا کە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی و پەیوەندیی لایەنە کوردستانییەکان، وتاربێژی هەینیی نەجەف باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. قەبانچی هۆکاری ئەو دابەشبوون و ناکۆکییانەی گەڕاندەوە بۆ پرسی دابەشکردنی پۆستەکان، شێوازی بەڕێوەبردن و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا. لەو چوارچێوەیەشدا هیوای خواست حکومەتی ناوەندی بێتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا.
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراقی و دۆخی بژێویی هاووڵاتییان، قەبانچی ئاماژەی بە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە خوێندکاران، دامەزراندن و بژێویی ژیان کرد. ڕوونیشی کردەوە کە دەیان هەزار خوێندکار بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی، باشترکردنی دۆخی خوێندنگەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. هەروەها تیشکی خستە سەر خۆپیشاندانی هەزاران دەرچووی کۆن، هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان، فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان، شانبەشانی ناڕەزایەتیی هەزاران هاووڵاتی دژی داخستنی دەروازەکان کە بووەتە هۆی وەستانی کارەکانیان و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوییان. لەم بارەیەوە داوای لە حکومەتی عێراق کرد ڕێوشوێنی جیددیتر بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران بە شێوەیەک کە لە خزمەتی ئابووریی وڵات و داهاتووی گەنجاندا بێت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، وتاربێژی هەینیی نەجەف هەڵوەستەی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاریی پارێزگای بەسرە کرد و ڕایگەیاند کە ماوەی چەند ڕۆژێکە دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە بە مەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان مانیان گرتووە. ناوبراو ئاماژەی بە بوونی کەمییەکی زۆر لە ژمارەی نەخۆشخانەکان و مانەوەی ژمارەیەکی زۆری خوێندنگەی کارەڤانی لەو پارێزگایە کرد، جەختیشی کردەوە کە ناوچەکانی باکووری بەسرە هێشتا پێویستیان بە ژێرخانی خزمەتگوزاری هەیە و ڕێگەی سەرەکیی نێوان (بەسرە - ناسریە - عەمارە) بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆی ڕۆژانەوە بووەتە "ڕێگەی مەرگ".
قەبانچی وێڕای ئەوەی بەسرەی بە "دایکی خێروبێر و نەوت" ناوبرد کە بەدەست خراپیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت بەتایبەت لە بەشەکانی باکووری، داوای لە هەردوو حکومەتی ناوەندی و خۆجێیی کرد کێشەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە چارەسەر بکەن وەک وەفایەک بۆ ئەو قوربانییانەی لە شەڕی دژی داعش و قۆناغەکانی دیکەدا پێشکەشیان کردووە.