تونجەر ساغڵەم، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی وان بەندکرابو، دوای تێکچوونی باری تەندروستی و گواستنەوەی بۆ ئەنقەرە، لە نەخۆشخانەیەکی پایتەختی تورکیا گیانی لهدهستداو و بڕیارە تەرمەکەی لە شاری وان بە خاک بسپێردرێت.
ئاوێنه: زیندانیی سیاسیی تونجەر ساغڵەم لە ساڵی 2024 لە شاری وان بە هۆکاری سیاسی و بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە بۆ تیرۆر" دەستگیرکرابو و لە زیندانی جۆری توندی وان ڕاگرابو.
ساغلهم دوای ئەوەی دۆخی تەندروستیی بە توندی بەرەو خراپی چوه، لە 9ی تشرینی یەکەمی ڕابردو لە زیندانی وانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ژمارە 2ی سینجان لە ئەنقەرە و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ئەتلیک کرا.
تونجەر ساغڵەم ماوەی 25 ڕۆژ بو لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بو و بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە خرابوە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، تا دواجار ئەمڕۆ شەممە گیانی سپارد.
بڕیارە دوای تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان و پشکنینی پزیشکی دادوەری لە ئەنقەرە، تەرمی تونجەر ساغڵەم بگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆی لە پارێزگای وان.
بەپێی زانیارییەکان، لەلایەن کەسوکارەکەیەوە تەرمی ناوبراو لە گوندی "کۆلۆ" سەر بە قەزای قەلقەلی بە خاک دەسپێردرێت.
کۆچی دوایی ئەم زیندانییە نەخۆشە جارێکی تر دۆخی خراپی مرۆیی و تەندروستیی زیندانیانی سیاسی لە گرتوخانەکانی تورکیای هێناوەتەوە بەرباس.