پرسی بەردەوامبوون لە شەڕی دژی ئێران و لێکەوتە سەربازی و ئابوورییەکانی، دابەشبوونێکی بەرچاوی لەناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا دروست کردووە. لەکاتێکدا لێدوانە فەرمییەکان جەخت لە پشتگیریی سەرۆک بۆ پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری دەکەنەوە، راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بە بوونی ناکۆکیی قووڵ و ئەگەری دوورخستنەوەی ناوبراو لە پۆستەکەی دەکەن.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، کێلی ستایشی هەوڵەکانی هێگسێس و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کرد و دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ متمانەی تەواوی بە وەزیری بەرگری نوێ کردووەتەوە.
دابەشبوونی ناوخۆیی لەنێوان بژاردەی شەڕ و ئاشتیدا
سەرەڕای پشتگیرییە فەرمییەکان، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هێگسێس دیارترین دەنگی ناو ئیدارەی ئەمریکا بووە کە داوای بەردەوامیدان بە شەڕەکەی کردووە. ئەم هەڵوێستەی وەزیری بەرگری تەواو پێچەوانەی دیدگای هەریەک لە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی دیکەیە کە داوای ئەنجامدانی دانوستانی ئاشتییان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان رۆژنامە، ژمارەیەک لە راوێژکارانی کۆشکی سپی، هێگسێس بە بەرپرسیار دەزانن لە قەناعەتپێکردنی ترەمپ بەوەی کە شەڕی دژی ئێران کورتخایەن دەبێت؛ بیرۆکەیەک کە پێشتر خرابووە بەردەم سەرۆک و ئەویش رەزامەندیی لەسەر ئەو رێڕەوە نیشان دابوو.
ئەگەری لەسەرکارلادان و بڕیاری کۆتایی ترەمپ
لەلایەکی دیکەوە، قسەوباسەکان لەسەر داهاتووی سیاسیی وەزیری بەرگری رووی لە زیادبوون کردووە. بەرپرسێکی پێشووی کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە بە تۆڕی "فۆکس نیوز دیجیتاڵ"ی راگەیاندووە کە هێگسێس "لە لێواری لەسەرکارلاداندایە".
هاوکات بەرپرسێکی دیکە لەناو ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ئاماژەی بە بوونی چەند نیشانەیەک کردووە سەبارەت بە ئەگەری دوورخستنەوەی هێگسێس، بەڵام جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "ڕەنگە ترەمپ بەشێوەیەکی کتوپڕ بۆچوونی خۆی بگۆڕێت". ئەو بەرپرسە روونی کردووەتەوە کە ئەم ئەگەرە ماوەیەکە لەئارادایە، بەڵام لە کۆتاییدا "تەنیا ترەمپ خۆی دەزانێت چ بڕیارێک دەدات".
تێچووی قورسی شەڕەکە دوای راگەیاندنی "سەرکەوتن"
ئەم فشارانە لەکاتێکدایە کە هێگسێس لە مانگی نیسانی رابردوودا بەدەستهێنانی "سەرکەوتنێکی مێژوویی و گورزێکی کەمەرشکێن"ی بەسەر ئێراندا راگەیاندبوو. بەڵام پێچەوانەی ئەو راگەیاندنە، رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوون و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە سەربازانی هێزەکانی ئەمریکا.
جگە لە زیانە گیانییەکان، بەردەوامیی شەڕەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و بەکاربردنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و چەکی گرانبەها، کە بەپێی خەمڵاندنەکان قەرەبووکردنەوە و پڕکردنەوەی کۆگاکانیان چەندین ساڵی پێدەچێت.
فشارەکانی کۆنگرێس و کاریگەریی شەڕ لەسەر دەنگدەران
لەسەر ئاستی یاسادانانیش، دیموکراتەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەکارهێنانی زۆرینە نوێیەکەیان لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران (کۆنگرێس) بەمەبەستی توندکردنەوەی چاودێرییەکان و کردنەوەی لێکۆڵینەوەی چاوەڕوانکراو لەگەڵ پێنتاگۆن و خودی هێگسێس. تەوەری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکانی دیموکراتەکان تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شەڕی دژی ئێران و ئەو بڕیارانەی وەزیری بەرگری سەبارەت بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە ئەفسەرە باڵاکانی سوپا دەریکردوون.
هاوکات داتاکانی راپرسییەکی تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز" (ABC News) دەریدەخەن کە شەڕی ئێران بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی لای دەنگدەران؛ بەشێوەیەک 34%ی دەنگدەران پێیان وابووە شەڕی ئێران فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بووە لە دەنگدانیاندا، لە بەرامبەردا 49%ی دەنگدەران گرانیی تێچووی بژێوی و 55%یش پرسی گەندەڵیی حکومییان وەک هۆکاری سەرەکی بۆ دەنگدانیان دەستنیشان کردووە.