لە پێشهاتێکی کارگێڕی و یاساییدا، فەرماندەی پێشووی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ڕاوێژکاری ئێستای سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، بە شێوەیەکی فەرمی ناوەکەی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا گۆڕی.
ئاوێنە: ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی سوریا ڕایگەیاند؛ ناوبراو داواکارییەکی فەرمیی بۆ ڕاستکردنەوەی ناوەکەی پێشکەش بە دەسەڵاتە دادوەرییەکان کردووە و لەمەودوا لە تەواوی تۆمار و ناسنامە فەرمییەکاندا بە ناوی "مەزڵوم" دەناسرێت.
لە چوارچێوەی پرۆسەکانی ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و ناسنامەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جێگری پارێزگاری حەسەکە ڕوونی کردەوە، دوای ئەوەی فەرهاد عەبدی شاهین داوایەکی یاسایی (ڕاستکردنەوەی ناو - تصحیح اسم)ی پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، ڕێکارە یاساییەکان لە فەرمانگەی باری کەسێتی و شارستانی تەواو بوون و داواکارییەکەی پەسەند کراوە. بەم پێیەش ناوەکەی لە سەرجەم تۆمارەکانی دەوڵەتدا وەک "مەزڵوم عەبدی" جێگیر کراوە.
پێشتر ناوی ڕاستەقینە و فەرمیی ناوبراو لە بەڵگەنامەکاندا (مستەفا خەلیل عەبدی) بووە، هەروەها بە (فەرهاد عەبدی شاهین) یان لە ڕێگەی ناوە ڕێکخراوەیی و سەربازییەکانی وەک (شاهین جێلۆ) و (مەزڵوم کۆبانێ)ش ناسراوە.
ئەم هەنگاوە یاساییە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە سەر ئاستی جیهان و ناوەندە میدیایی و نێودەوڵەتییەکاندا زیاتر بە ناوە خەمڵێندراوە سەربازییەکەی دەناسرا. دوای پێشکەشکردنی ئەم داوایە و پەسەندکردنی لەلایەن دادگاوە، ئەو ناوەی کە لە جیهاندا پێی دەناسرایەوە بووە جێگرەوەی ناوی پێشووی. هاوکات ئەم گۆڕانکارییە لە تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا، وەک هێمایەک بۆ بەفەرمیکردنی پێگە سیاسی و یاساییەکەی لە قۆناغی نوێی وڵاتی سوریادا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.