لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا: ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
  2026-09-22     

ئا: ئاوێنە

 

١٨ کۆچبەری کورد کە بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەشتیان کردبوو، لەناو دەریادا گیانیان لەدەستداوە. قوربانییەکان کە زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ڕانیە و قەڵادزێن، یەختەکەیان لە کەناراوەکانی وڵاتی لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو.

 

ڕەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕایگەیاند "گەشتی ئەم کۆچبەرانە لە ڕێکەوتی ٥ی ئابی ئەمساڵدا دەستی پێکردووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ و لە ٩ی ئابەوە، پەیوەندی نێوان سەرنشینانی یەختەکە و کەسوکاریان بەتەواوی پچڕاوە. دواتر لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا، خێزانی قوربانییەکان پەیوەندییان بەو چالاکوانەوە کردووە بە مەبەستی سۆراغکردن و زانینی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان".

​لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و زانینی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، ڕەنج پشدەری سەردانی وڵاتی ئیتاڵیای کردووە و بەدواداچوونی وردی لە هەردوو دورگەی "پالێرمۆ" و "کالابریا" ئەنجامداوە. سەرەڕای پەیوەندیکردن بە نەخۆشخانەکان، زیندانەکان، بنکەکانی پۆلیس و ڕێکخراوی خاچی سوورەوە، هیچ جۆرە تۆمار و زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە ڕزگاربوون یان دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانە دەستنەکەوتووە.

​لەلایەکی دیکەوە و وەک بەڵگەی یەکلاکەرەوەی ڕووداوەکە، ڕێکخراوێکی ئەڵمانیی تایبەت بە پرسی کۆچبەران بەناوی (سۆس - SOS)، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی چاودێرییەوە وێنەی یەختێکی تێکشکاو و نوقمبووی لەناو دەریای ناوەڕاستدا تۆمارکردووە.

​لە وێنەکاندا تەرمی ١١ کەس لەسەر پاشماوەی یەختەکە دەردەکەون، کە ئەمەش بە بەڵگەی خنکانی سەرجەم سەرنشینەکانی دادەنرێت و تا ئێستاش تەرمەکانیان لەناو دەریادا نەهێنراونەتە دەرەوە. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناو وێنەکان کە لەلایەن چالاکوانەکەوە ئاماژەی پێدراوە، دەرکەوتنی تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانە کە لەسەر سنگی تاتۆی کردووە و بە ڕوونی نووسراوە "دایە گیان".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×