قوباد تاڵەبانی: بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە وایانزانیوە پاکستانیم
  2026-09-13     

ئا: ئاوێنە

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا لەهەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی هەلیکۆپتەر، ئەو دەڵێت "بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە و چەند جارێک بەهۆی پاکستانییەوە لێدانم خواردووە و وایان زانیوە خەڵکی پاکستانم".

 

قوباد تاڵەبانی لەچاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانی هەفتەی بەسەر کارەکانی حکومی و حزبیدا دابەش کردووە و ڕۆژانی هەینیش پشووە و بە ستافەکەم وتووە وازم لێ بێنن، لە ڕۆژانی ئاساییشدا بە ستافەکەم وتووە لە دوای کاتژمێر 10ی شەوەوە وازم لێ بێن.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، “حەزم لە داهێنان و فێریبوونی شتی تازە و وەرزش و تەکنەلۆژیایە و زۆریش حەزم لەو کاتەیە کە بەتەنیام لەگەڵ خۆم”.

وتیشی: “زۆر بە قووڵی چوومەتە ناو جیهانی ژیری دەستکرد “ئەی ئای”ەوە و هەمووی بەکاردەهێنم، بەنیازی دروستکردنی پەیمانگەیەکی ئەی ئای بۆ چۆنێتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بە شێوازێکی تەندروست”.

سەبارەت بەو شتانەش کە پێی وایە شکستی تێدا هێناوە، قوباد تاڵەبانی وتی: “لەفێربوونی عەرەبیدا شکستم هێناوە، لە ژیانیشدا دەبێت هەڵە بکەی شکتهبێهێنییت یان بخرێیت، بەڵام گرنگ هەستانەوەیە”.

وتیشی "ئێستا لە هەوڵدام بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی هەلیکۆپتەر و لە قۆناغی کۆتاییدام و ئیشەلآ لە هاوینی داهاتوودا مۆڵەتێکی نێودەوڵەتی فڕۆکەوانی دەربکەم.".

ئاماژەشیدا بەوەی بە گەنجی بزێو بووە و دەڵێت "بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە و چەند جارێک بەهۆی پاکستانییەوە لێدانم خواردووە و وایان زانیوە خەڵکی پاکستانم".

سەبارەت بە ستایڵ و جلوبەرگیش ئەوەی خستەڕوو کە خۆی هەڵیدەبژێرێت، بەڵام شێرری هاوسەری لەو کاتانەدا را دەردەبڕێت کە شتێکی بەدڵ نەبیت و وتی هەر بە سەیرکردنێت پیشانی دەدات ستایڵەکەی بەدڵ نییە و یان پێی دەڵێت، ئۆو ئەوە لەبەر دەکەی؟

ڕاشیگەیاند، بە منداڵەکانم وتووە، حەز دەکەن ببن بە چی ئازادن، بەڵام نابێ ببن بە سیاسیی.

وتیشی: “هاوسەرەکەم خەریکە فێری کوردی دەبێت، فێری دروستکردنی خواردنی کوردیش بووە و دۆڵمە باش لێدەنێت، بەڵام دەمێکە لێی نەناوە”.

وەڵامی پرسیاری ئەوەی کام هونەرمەندی کورد کە پێویستە هەموومان بیناسین وتی: “بانە”.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: “ئەگەر لە سیاسەتدا نەبوومایە، چێشتخانەم دادەنا” و باسی لەوەش کرد کە بەمدواییە فیلمە نوێیەکەی سپایدەرمانی بینیوە و پێشنیاز دەکات سەیری بکرێت. لە نیوان بامێ و فاسۆڵیاشدا، فاسۆڵیای هەڵبژارد، بەڵام وتی ئاوی بامێ خۆشترە و وەکو شلە و حەزم لە بامێکە خۆی نییە

قوباد تاڵەبانی ئامۆژگاری گەنجانیشی کرد کە خاکی خۆیان خۆش بوێت و وتی "بە گەنجان دەڵێم، ئەم وڵات و جیهان و خاکە هی خۆتە، ڕقت لە قوباد و سیاسی بێت لە حکومەت ناڕازی بیت ئاساییە، بەڵام خاکەکەی خۆتت خۆش بوێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×