دۆناڵد ترەمپ لە ٨ی تەمموزدا لە بنکەی ئاسمانی ئەمریکی RAF Mildenhall لەشاری سۆفۆلک لە ئینگلتەرا فڕۆکەی دەگۆڕێت، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن لەلوتکەی ناتۆ لەئەنقەرە
ئا: ئاوێنە
بەگوێرەی شیکارییەکی کەناڵی سی ئێن ئێن، وێنەی سەرۆکی ئەمریکا کە بەنهێنی تورکیا بەجێدەهێڵێت دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، لەئاستی نێودەوڵەتیدا وەک گورز وەشاندنێکی دیکە لەشکۆمەندی ئەمریکا هەست پێبکرێت.
بەپێی شیکارییەکی کەناڵی سی ئێن ئێن، بەکارهێنانی بارهەڵگرێک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەک بەشێک لەئۆپەراسیۆنێکی نهێنی بۆ هەڵاتن لەتورکیای ئەندامی ناتۆ بەهۆی هەڕەشەی ئێرانەوە، دوایین پێشهاتێکی نائاساییە لەشەڕێکدا کە چەندین جار ئیدیعاکانی سەرۆکی ئەمریکای پووچەڵ کردووەتەوە کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
دەزگای نهێنی کاری خۆی کرد، هەر ئامرازێکی پێویست بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لەتورکیا لەمانگی تەمموزدا بەکارهێنا. لەکۆتاییدا ترەمپ گواسترایەوە بۆ فڕۆکەیەکی بەدیل بۆ ئەو فڕۆکەیەی کە سەرۆکەکانی ئەمریکا لەساڵانی نەوەدەکانەوە بەسەلامەتی بەکاریان هێناوە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە .
بەڵام ئاشکراکردنەکان سەبارەت بەئۆپەراسیۆنەکە کە بە دواکەوتن هاتە ئاراوەو سەرەتا لەلایەن واشنتۆن پۆستەوە بڵاوکرایەوە، زریانێکی سیاسی گەورەی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئۆپەراسیۆنی فریودان و ئەو وێنە زیانبەخشانەی بڵاوکراونەتەوە، ناڕەزایی زیاتریان کردووە لەسەر شەڕێک کە لە ئێستاوە ترەمپ ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت.
بوونی هەڕەشەیەکی ئەگەری لەسەر سەرۆک خۆی لە خۆیدا بەو مانایە نییە کە شەڕەکەی دژی ئێران شکستخواردوو بێت، بەڵام پێدەچێت وێنەی سەرۆکی ئەمریکا کە بەنهێنی تورکیا بەجێدەهێڵێت دوای لوتکەی ناتۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک لێدانێکی دیکە لە شکۆمەندی ئەمریکا هەست پێبکرێت .
هەروەها پرسیارێکی چارەنووسساز دەوروژێنێت: ئەگەر ترەمپ تەنانەت لەسەر خاکی هاوپەیمانێکی سەرەکیش نەتوانێت ئاسایشی خۆی گەرەنتی بکات، ئیدیعای ئیدارەکەی کە نزیک بووە لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئێران و هەڕەشەی تیرۆریستی ناوچەکە چۆن جێی متمانەی تەواو دەبێت؟
تا ئێستا ئێران هیچ لێدوانێکی لەو بارەوە نەداوە. بەڵام سەرکەوتنی ڕواڵەتی لە ناچارکردنی ترەمپ بۆ خشاردنەوە بەهایەکی ڕەمزی تایبەتی هەیە . سەرەڕای قسە شەڕانگێزەکانی ترەمپ، پێناچێت ڕژێم بەرەو داڕمان بڕوات یان سواڵ بکات بۆ ڕێککەوتن .
ڕووداوەکانی فڕۆکەخانەی ئەنقەرە دوایین حاڵەتە کە واقیع گێڕانەوەی گەشبینانەی حکومەتی ئەمریکای سەبارەت بە ڕەوتی شەڕەکە بەدرۆ خستوەتەوە.
هاوکات ترەمپ ئۆپەراسیۆنی "هەڵهاتن"ی خۆی لە تورکیا پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت "دەبێت ئەوەی پێم دەڵێن بیکەم".
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی خۆیان، زۆرجار سەرۆکەکان ناچار دەکرێن بەشوێنە ناشیرینەکاندا تێپەڕن، چونکە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان ناچاریان دەکەن لە ڕێگەی گەراجەکانی ژێر زەوی و دەرگای پشتەوە و چێشتخانە و بەرزکەرەوەی خزمەتگوزارییەوە بچنە شوێنی سەلامەتەوە.
بۆیە تەنانەت ڕەنگە ئەو سەرمایەدارە زێڕین و کەشخەئە بە تایبەتی تووشی شۆک نەبووبێت کاتێک ناچار بوو بە نهێنی سواری بارهەڵگرێک بێت لەئەنقەرە.
بەڵام ڕۆیشتنی نهێنی ترەمپ لە تورکیا بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو وێنەیەدا ناگونجێت کە سەرۆک بۆ خۆی وەک سەرکردەیەکی سەرکەوتوو و بەهێز دروستی کردووە.
تەنانەت کاتێک دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ساڵی ٢٠٢٤ خوێناوی و سەرلێشێواو بوو، هەستا و مشتێکی بەرزکردەوە و هاوارێکی کرد "شەڕ، شەڕ" .
کاتێک چەکدارێک لە مانگی نیساندا هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر خوانێکی ئێوارەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، ترەمپ لە تەلەفزیۆن دەرکەوت و ڕایگەیاند کە ناترسێنرێت.
ئەلیسا فارا گریفین، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی لە ماوەی خولی یەکەمیدا، ئەمڕۆ سێشەممە بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە "دۆناڵد ترەمپ ڕقی لەم دۆخانە دەبێتەوە". ئەو بەرگەی نەگرت کاتێک ناچار بوو بچێتە بنکەرەکە بەهۆی دۆخی ئەمنی کۆشکی سپی... ویستویەتی یەکسەر بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ناترسێت، کە ڕاناکات . "
گریفین کە ئێستا شرۆڤەکاری سی ئێن ئێنە، دەشڵێت "بۆ من ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە هەڕەشەکە زۆر ڕاستەقینە بووە. ئەوەی ئامادەیە ڕێوشوێنی لەو شێوەیە بگرێتەبەر و بە شێوەیەک، زۆر شت دەڵێت دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
هەروەها گۆڕینی سەرسوڕهێنەری فڕۆکەکان لەسەر ڕێڕەوی فڕین، مشتومڕێکی نوێی زیاتر کرد، چونکە پێشتر ترەمپ وازی لە پلانەکانی گەشتکردن بە فڕۆکە نوێیەکەی هێنابوو، کە بە ڕەنگەکانی ئاڵای ئەمریکا نەخشێنرابوو، کە قەتەر پێی بەخشیبوو.
ڕەخنەگران هۆشداری دەدەن لەوەی فڕۆکەکە سیستەمی سەلامەتی گونجاوی نییە بۆ گواستنەوەی سەرۆکێک .
هەروەها پرسیارێک هەیە کە ئایا ستاف و بریکارەکانی خزمەتگوزاری نهێنی، ڕۆژنامەنووسان و تیمی فڕۆکەوانی لە مەترسیدا بوون بەهۆی گەشتکردن بە فڕۆکەیەک کە ترەمپ چەند خولەکێک پێشتر لەبەردەم کامێرای تەلەفزیۆنەکاندا سواری بووبێت - پێش ئەوەی بە نهێنی فڕۆکەکە بەجێبهێڵێت .
دوێنێ سێشەممە، پەیامنێران لە ترەمپیان پرسی بۆچی بە مەترسیدار دادەنرێت گەشتکردن بە یەکێک لەو فڕۆکانەی کە بە شێوەیەکی باو وەک هێزی ئاسمانی یەک بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا هەمان شت بۆ ئەندامانی ڕۆژنامەوانیش ڕاست نەبووە.
ترەمپ لەوەڵامدا وتی "ئەو فڕۆکەیەی کە من گەشتم پێدەکرد مەترسییەکی زیاتری لەسەر بوو... چونکە پێموایە ئەوە ئەو فڕۆکەیە دەبێت کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەیکەنە ئامانج".
بەڵام لێدوانەکەی وەڵامی پرسیارە ڕاستەقینەکەی نەدایەوە، چونکە بە سواربوونی فڕۆکەی سەرۆکایەتی، ئەو بڕوایەی دروستکردبوو کە بەنیازە بەو فڕۆکەیە گەشت بکات - پێش ئەوەی بەبێ هیچ ڕاگەیاندنێک وازی لێبهێنێت.
جەی بی پریتزکەر ، حاکمی ویلایەتی ئیلینۆیس ، کە کاندیدێکی ئەگەری دیموکراتەکانە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٨، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە ترەمپ "خەڵک دەخاتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات - ئەوە دۆناڵد ترەمپە".
پاشان پریتزکەر ڕووداوەکەی بەستەوە بە پێشهاتەکانی جەنگەوەو وتی "ئەو ئامادەیە سەربازەکان بخاتە مەترسییەوە... بە نهێنی بەبارهەڵگرێکی دابینکردن هەڵهات، لەکاتێکدا ڕۆژنامەنووسان و ستافەکەی خۆی لەفڕۆکەیەکدا بوون کە پێدەچێت لەژێر هەڕەشەدا بووبێت".
ترەمپ کە لانیکەم لە دوو هەوڵی تیرۆرکردنی ڕاستەوخۆ ڕزگاری بووە، پێدەچێت تا کۆتایی ژیانی لەژێر هەڕەشەی هێرشی ئێراندا بمێنێتەوە. بەرکەوتنی ئەو بەو مەترسییە دەگەڕێتەوە بۆ خولی یەکەمی خۆی، کاتێک فەرمانی کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی دا. پاڵنەرەکانی ئێران کاتێک بەهێزتر بوو کە عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شەڕەکەدا کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.
بۆیە هۆکارێکی باش هەیە بۆ ئەوەی دەزگای نهێنی هەر زانیارییەک سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکان بەجددییەکی پێویستەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، لە ماوەی ڕابردوودا هەواڵی تیرۆرکردنی ئەو ئێرانیانەی دژایەتی ڕژێمی تاران لە تورکیادا بڵاوبوەتەوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆی بابهتهكه لێره كلیك بكه