بازاڕی ئۆنلاین‌و کارکردن لەدوورەوە لەکوردستان
  2026-03-28     
پیشەو كارە کلاسیکی‌و باوەكانی ئێستای مرۆڤ لەگۆڕانکاریی‌و لەناوچووندان

ئا: شیلان محەمەد – هێڤی ئاوات

 

بازاڕی ئۆنلاین لەکوردستان لەگەشەسەندنێکی بەردەوامدایە، ئابوریناسێک دەڵێت "کارکردن لەدوورەوە پێویستییەکی سەردەمەو لەبازاڕی ئۆنلایندا بوونی جەستەیی پێویست نابێت‌و هەر مرۆڤێک دەتوانێت تەنها لەدوورەوە کار بکات".

 

"ماکیاژو کۆسمەتیک‌و جلوبەرگی خانمانە هەر لەئۆنلاین دەکڕم"

تارا محەمەد، یەکێکە لەو خانمانەی ماوەی شەش مانگە بە بەردەوامی سەیری سایتە ئەمازۆنییەکان‌و ئۆنلاینەکان دەکات‌و شتیان لێدەکڕێت، ئەو بەئاوێنەی وت "شەوانە بەدیار لایڤەکانی تیکتۆکەوە دادەنیشم، کاتێک کاڵاو پێداویستتیەکان نمایش دەکرێت چیم بەدڵ بێت داوای دەکەم".

وتیشی "بەهۆی سەرقاڵیم بەکارکردن‌و ژیانم، بازاڕی ئۆنلاین کارئاسانیکی زۆر باش بوو بۆ دەستکەوتنی شتومەکەکانم کە پێویستمەو  ماوەی ساڵێک‌و شەش مانگە نەچومەتە بازاڕو فرۆشگاکان بۆ کڕینی پێویستتی جلوبەرگ‌و ماکیاژ".  

هەروەها تارا باس لەوە دەکات کە ئەو جیاوازیەی بەدی کردوە ئەو کاڵایانەی دەیانکڕێ لەرێگای ئەمەزۆنەوە، لەڕووی کوالێتی‌و نرخ‌و شێوازی گەیاندن‌ زۆر گونجاوە، ئەو وتی "لەئەمەزۆن هەموو کاڵایەک بەردەستن، منیش بەردەوام بابەتی کۆسمەتیک‌و جلوبەرگ یاخود پێداویستی ماڵەوەم داوا دەکەم، بێگومان هەندێک خانم هەن پێیان شەرمە ڕاستەوخۆ بچنە فرۆشگایەک پێداویستتیە تایبەتە خانمانەییەکانیان بکڕن، بەڵام بێدودڵی دەتوانن لەسایتە ئۆنڵاینەکان هەرچیان بوێت داوای بکەن ".

 

"ئەرکێکی زۆرم بۆ دروست ناکاو داهاتێکم بۆ دەستەبەر دەکات"

شادان، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵەو بەئۆنلاین جلوبەرگ دەفرۆشێت، ئەو بەئاوێنەی وت "دوای تەواوکردنی خوێندن کە کارێکی گونجاوم دەستنەکەوت، پاشان کە هاوسەرگیریشم کردو داهاتی هاوسەرەکەم سنووردار بوو، بۆ ژیانی رۆژانەمان پێویستمان بەداهاتێکی زیاتر بوو، بیرم لەوە کردەوە کە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، جلوبەگی بالە بفرۆشم، هەفتانە چەندین پارچەی ژنانە لەبازاڕی بالە بەنرخێکی هەرزان دەکڕم‌و پاش شۆردن‌و ئووتووکردنیان بەشێوەیەکی جوان نمایشیان دەکەم‌و دەیانفرۆشمەوە، ئەمەش مانگانە بڕێک پارەمان بۆ دەستەبەر دەکات".

وتیشی "ئەم کارە بۆ من باشییەکەی ئەوەیە کە ئەرکێکی زۆرم بۆ دروست ناکات، زیاتر کچان‌و ژنانیش بەئۆنلاین جلوبەرگ‌و ماکیاژو ئێکسسوار دەکڕن، هاوکات مانگانە داهاتێکم بۆ دەستەبەر دەکات کە پێویستمانە".

 

"مانگێک ئۆتۆمبێلەکەم لەپێشانگا دانا بۆم نەفرۆشرا، بەدوو رۆژ لەئۆنلاین فرۆشتم"

هاوکار محەمەد، گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵەو باس لەوە دەکات کە ئۆتومبێلێکی فۆردی هەبووەو پێویستی بەپارە بووە ویستویەتی بیفرۆشرێ، سەڕەرای ئەوەی دوو هەیینی بردویەتی بۆ پێشانگاکان، بەڵام بەو نرخە کڕیاری نەبووە کە ئەم بیفرۆشێ، ئەو بەئاوێنەی وت "هاوڕێیەکم کە خاوەنی پێشانگایە وتی بیهێنە داینێ بۆت ئەفرۆشم، بردم مانگێک دامنا، وتی کڕیاری نییە، یان نرخێکی دەووت کە زۆر کەم بوو".

وتیشی "سەرەنجام خستمە پەیجێکی دەستی دووەوەو لەماوەی دوو رۆژدا چەندین کەس تەکلەفونیان بۆ کردم‌و بەوەرەقەیەکیش زیاتر لەو نرخە لەئۆنلایندا فرۆشتم کە من لەپێشانگاکە دامنابوو".

 

"بازاڕی ئۆنلاین زۆر بووە"

بڕیار عەزیز، ماوەی هەشت ساڵە فرۆشگای جلو بەرگی هەیە لەشاری سلێمانی‌و بەهۆی زیادبوونی بازاڕی ئۆنلاینەوە فرۆشی لەچاو پێشتر کەمی کردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لەبازاڕی ئۆنلایندا نرخەکان کەمتر دەبنەوە، بەراورد بەناو فرۆشگاکان، ئەو وتی "هەمووان سەریان کردوەتە بازاڕی ئۆنلاین‌و فرۆشیار زۆر بووە، چونکە هیچ باجێک نییەو هیچ کرێیەک ناداتە شوێنەکەی، لەماڵەکەی خۆیدا فرۆشیار دەتوانێت ژوورێک دابنێت‌و کەلوپەلەکانی تێدا نمایش بکات‌و بیفرۆشێت".

وتیشی "داهاتی مانگانەم دیاریکراو نییەو هەر مانگەو جۆرێکە".

 

"جوڵەیەکی بازرگانی باش هەیە لەبازاڕی ئۆنلایندا"

جەلال عەبدوڵا، کە بازرگانەو لەچین‌و وڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە کاڵا دەهێنێت، ئاماژە بەوە دەدات کارکردنی ئۆنلاین سوودێکی زۆری گەیاندووە بەهەرێمی کوردستان‌و کۆمەڵێک خەڵک لەکاتێکدا باری داراییان باش نییەو کاری دیکەیان دەستناکەوێت یاخود شارەزاییان لەهیچ بوارێکدا نییە، دەتوانن بەچەند کاتژمێرێک لایڤ کردنەوە فرۆشیان هەبێت‌و داهاتێک بۆ خۆیان بەدەستبهێنن، ئەو وتی "مانگانە ١٠٠کۆنتێنەر کاڵا لەهەموو جۆرەکان دەهێنین‌و دابەشی دەکەین بەسەر شارەکانی هەرێمدا، ئەم کاڵایانە کە بالەو لەنگەن زۆربەیان بەکیلۆ دەفرۆشرێن، کیلۆی  لەچوار هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە بیست هەزار دینار، ئەویش بەپێی کوالێتی‌و جۆرو شوێنی هاتنی کاڵاکە دەگۆڕێت، سەبارەت بەدابەشبونی کاڵاکان بەسەر شارەکان، پشکی شێر بەر شاری هەولێر دەکەوێت".

وتیشی "بەشێکی زۆری ئەو کاڵاو بەرهەمانەی دەیهێنین دەتوانم بڵێم هەمان جۆرن کە لەنێو بازاڕی خۆمان دەفرۆشرێت، بەڵام هەمان کوالێتی نییە، بە نرخێکی زیاتریش دەفرۆشرێت ، وە ئەم جۆرە کارکردنی ئۆنلاینە ماوەیەکی زۆر نییە هاتۆتە نێو هەرێمی کوردستان، بۆ دوساڵ دەچێت، بەڵام لەم کۆتاییانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەم فرۆشیار هەمیش کڕیاڕ سوودمەند بوون لێی، جوڵەیەکی بازرگانی باشیشی هەیە لەنێو شارەکانی هەرێم‌و لەنێوان ئەو کەسانەی ئاڵوگۆڕی کاڵاکان دەکەن ".

 

"هەر بازرگانییەک دیجیتاڵ مارکێتین نەکات دوادەکەوێت"

شوان بەکر، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرەو لەبازاڕی ئۆنلایندا کار دەکات، پێیوایە ئێستا کارکردن لەدوورەوە پێویستییەکی سەردەمە، زۆرێک لەکۆمپانیاکان زیاتر درک بەسوودەکانی دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "لەبازاڕی ئۆنلایندا، بوونی جەستەیی پێویست نابێت‌و هەر مرۆڤێک دەتوانێت تەنها لەدوورەوە کار بکات، یان بەشێوازێکی تێکەڵ کە کاری دوورو لە شوێنی کارەکە تێکەڵ بکات".

وتیسی "خزمەتگوزاری کڕیار بوارێکی گەشەسەندووە بۆ کارکردن لەدوورەوە لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی پەیوەندیکردندا، ئێستا کۆمپانیاکان ئەو کارمەندانە دادەمەزرێنن کە لەماڵەوە کار دەکەن، بەئامڕازی تەکنەلۆژی وەک کۆمپیوتەرو بەرنامە ئامادەیان دەکەن، بەم شێوەیە ئەرکەکانیان ئاسانتر دەکەن، بەم شێوەیە خزمەتگوزارییەکانیان لەناوخۆ یان تەنانەت جیهانیشدا فراوانتر دەکەن".

ئەم ئابوریناسە باس لەوە دەکات کە ئەم پیشانە، پێویستت بەتوانای پەیوەندی تەلەفۆنی یان ئۆنلاین‌و هێڵێکی ئینتەرنێتی باش‌و خێراییەو داهێنانی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیای نوێ‌‌و زیرەكی دەستكرد، پیشەو كارە کلاسیکی‌و باوەكانی ئێستای مرۆڤی لەبەردەم چەندین سیناریۆی جیاوازدا راگرتوە، ئەو وتی "لەم ساڵانەی دواییدا پیشەو کارکردن گۆڕانکاری بنەڕەتییان بەسەرداهاتووە، کە بوونی جەستەیی فەرمانبەر هیچ ڕۆڵێکی نییەو بەرهەمهێنان‌و ڕێکخستن‌و هاوکاریش ئاسان دەکات، ڕێگە بەزۆرێک لەپیشەگەرەکان دەدات بەشێوەیەکی کاریگەر لەماڵەوە یان لەهەر شوێنێکەوە کە بیانەوێت کار بکەن‌و کاریگەری ژینگەیی کەمتری هەیە لەچاو کارکردن لەشوێنی کار، ئێستا هەر کڕین‌و فرۆشتن‌و بازرگانییەک نەچێتە دیجیتاڵ مارکێتینەوە زیان دەکاو دوادەکەوێت".

 وتیشی "لەهەمانكاتیشدا كڕیار لەبازاڕی ئۆنلایندا بژاردەی زۆری لەبەردەستدایەو وەك ئەوە نییە تۆ بڕۆیت بۆ دوكانێك دوو سێ‌ جۆری كاڵایەكت لەبەردەستدا بێت، بۆ نمونە سێرچ دەکەیت بەجارێك زیاتر لە ٢٠٠ بژاردەت بۆ دێ‌ بۆ كاڵایەك، وەك ئەوە نییە كە شتێك دەكڕی لەدوكانێك‌، لەبازاڕی ئۆنلایندا زیاتر کێبڕکێ دەکرێت بۆ ئەوەی باشترین کاڵاو کەمترین نرخ پێشکەش بکەیت بۆ ئەوەی بازاڕت هەبێت‌و زۆر گرنگە كە كڕیار رازی بێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×