هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی: ده‌بێت رێگه‌ بۆ ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ به‌شداری له‌ سیاسه‌تدا بكه‌ن
  2025-10-08     

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، پەکەکە و ئۆجه‌لان هەنگاوی بەرچاویان ناوە و هێشتا لەلایەن لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و و دەوڵەتەوە هەنگاوی یاسایی نەنراوە، ده‌شڵێت، دەبێت ڕێگە بۆ ئەندامانی پەکەکە بکرێتەوە تا بەشداریی لە سیاسەتدا بکەن و مافی هیواش بۆ ئۆجه‌لان دەستبەسەر بکرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، لە میانی بەڕێوەچونی دیداری مێری لە شاری هەولێر، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و هەنگاوەکانی دەوڵەتەوە قسەی کرد.

تولای حاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوەدا، پرسی کورد ١٠٠ ساڵە لە تورکیا بەردەوامە و ڕێگرە لەبەردەم دیموکراتیزەبونی وڵاتدا.

لە میانی قسەکانیدا حاتیمۆغولاری سەرنجی خستەسەر بانگەوازه‌کەی ئۆجه‌لان و وتی، ئۆجه‌لان بە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات ویستی کە پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیموکراتیانە چارەسەر بکرێت و ماف و یاسا و ناسنامەی گەلی کورد لە هەمو ئەو ناوچانەی تێیدا دەژین و بەتایبەتی لە تورکیا، دانی پێدابنرێت.

هەروەها وتی: دەیانەوێت سەبارەت بە پرۆسەکە یاسایەکی تایبەت دەربکرێت، پەکەکە و ئۆجه‌لان لە هەندێک بابەتدا هەنگاوی بەرچاویان ناوە، لە تورکیا لیژنه‌یه‌ك لە پەرلەمان پێکهێنراوە و ئەمڕۆ ١٤ـەمین کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا، لیژه‌كه‌ گوێی لەو کەسانە گرتوە کە پشتگیری لە چارەسەری پرسی کورد دەکەن و ئەو کەسانەی کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ئازاریان چەشتوە.

وتیشی، تۆمارکردنی کێشەکان زۆر گرنگە، بەڵام ئەمە بەس نییە، هێشتا هەنگاوی یاسایی نەنراوە، بۆ نمونە، چاوەڕوانییەک هەیە کە ڕێگە بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە بکرێتەوە کە چەک دادەنێن، تا بەشداری لە سیاسەتی دیموکراسیدا بکەن، چاوەڕوانی دوەم مافی هیوایه‌ بۆ ئۆجه‌لان، ئێمە دەزانین کە ئۆجه‌لان بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە هەر چوار بەشی کوردستان کاردەکات، وەک کارەکتەرێکی سەرەکی دیدگایەکی گرنگی بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کردوە، بۆیە دەبێت مەوداکانی ئازادی بکرێنەوە، لە تورکیا نزیکەی هەشت هەزار زیندانی سیاسی هەن، ئێمە پێمان وایە بۆ ئەوەی هەمو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، دەبێت دەست بە هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێت، ئەگەر لەم ڕوەوە هەنگاو بنرێت، پرۆسەکە بە ئاشتی تاجداردەکرێت.

حاتیمۆغولاری تانەی وەزارەتی دادی دەوڵەتی تورکی دژی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دەمیرتاشی بیرهێنایەوە و وتی: ئەگەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێ زیندانیکراوەکانی دیکەمان ئازاد بکرێن، متمانەی کۆمەڵگە زیاد دەکات.

هەروەها وتیشی: وەک دەم پارتی، ئێمە لە بابەتی متمانە و بێمتمانەییدا لە دۆخێکی ‘وریایی گوماناوی’ داین، چاوەڕێی هەنگاوی کۆنکرێتی دەکەین.

تولای حاتیمۆغولاری لەسەر گرنگیی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای وتی: سوریا پێویستی بە دەستورێکی دیموکراسی هەیە، ئەو پێکهاتە دیموکراسییەی کە ئێمە ئێستا باسی دەکەین، خۆبەڕێوەبەرییە، دەبێت تورکیا ڕۆڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان ببینێت، نەک زیادکردنیان، و پشتگیری لە دەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بکات.

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
ئەو 4 کوردە کێن کە لەلیستی "500 موسڵمانە کاریگەرەکەی جیهاندان"؟
پژاك: ئێران بۆردومانی سنوری مه‌ریوانی كردو له‌ سه‌رده‌شت خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆن ئاماده‌ده‌كات
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی عێراق بۆ داخستنی ته‌له‌گرام جێبه‌جێ ده‌كات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×