ئەمریکا پێشوازیی لە پلانێکی ئێران بۆ چارەسەری کێشەی ئەتۆمیی دەکات
  2025-04-21       296       

بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "ئیران ئینتەرناشناڵ" کە پشتی بەسێ سەرچاوەی دیپلۆماسیی لەتاران بەستوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەسەڵتەنەتی عومان، پلانێکی نوسراوی پێشکەشی نوێنەری ئەمریکی ستیڤ بێگن کردوە، باس لەوەشکراوە، وه‌فدى ئەمریکا پێشوازیی لەپلانەکە کردوە.

ئاوێنە: سەرچاوەکان باسیان لەوەکردوە، ئەم پلانە لەسێ قۆناغ پێکهاتوە کە قۆناغی یەکەمی ئامانجی کەمکردنەوەی چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ ڕێژەی  %3.67لەبەرامبەر ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتەو ڕێگەدان بەهەناردەکردنەوەی نەوت لەلایەن ئێرانەوە.

لەقۆناغی دوەمدا بەشێوەیەکی یەکجارەکیی کۆتایی بەپیتاندنی یۆرانیۆم بەئاستی باڵا دەهێنێت‌و دەرگای دامەزراوەکانی بۆ پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی دەکاتەوە، بەمەرجی هەڵگرتنی بەشێکی دیکەی سزاکان‌و ڕازییکردنی بەریتانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیا بەوەی میکانیزمی (سناب باک) کارانەکەنەوە کە سزا نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی خۆبەخۆ کارادەکەنەوە.

قۆناغی سێیەم داوا لەکۆنگرێسی ئەمریکا دەکات ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە پەسەندبکات‌و سزا سەره‌کیی‌و لاوەکییەکان لەسەر تاران هەڵبگرێت، لەبەرامبەردا تاران یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ وڵاتی سێیەم دەگوازێتەوە.

ئیران ئینتەرناشناڵ باسی لەوەکردوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لەکاتی دیداری لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە باسی لەوەکردوە، هەنگاوی یەکەمی دانوستانەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوە.

پێگەکە باسی لەوەشکردوە، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیی لەدەرەوەی ئێران گومانی لەنیازی ئێران بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی‌و باسی لەوەکردوە کە تاران خەریکی کات کوشتنەو دونوستانەکان وەک رێگایەک بۆ دورکەوتنەوە لەهەر گورزێکی سەربازیی بەکاردەهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×