توندوتیژیی بەچەندین جۆری جیاواز لەدژی ژنان پەیڕەو دەکرێت، جۆرێکیان توندوتیژی ئابورییە
ئا: هێڤی ئاوات
توندوتیژی دژی ژنان هێشتا لەکوردستاندا پرسێکی زەقو دیارە، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە، بەڵام وەک زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە هێشتا شەڕی دژی توندوتیژی ژنانی تێدا سەرکەوتوو نەبووە، ئابوریناسێک دەڵێت ""یەکێک لەجۆرەکانی توندوتیژیی دژ بەژنان، توندوتیژیی ئابورییە، کە دیاردەیەکی بەربڵاوە لەکوردستانو بەشێوەیەکی سیستەماتیک سەرچاوە ئابورییەکانی ژنان سنووردارو کۆنترۆڵ دەکات".
شیرین، ژنێکی تەمەن ٣٨ سالەو پیشەی مامۆستایەو ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ وەرگرتنی هەر مووچەیەکیدا، هاوسەرەکەی لەبەردەم قوتابخانەکەی وەستاوەو پارەکەی بەلاستیکەوەوە لێوەردەگرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "هاوسەرەکەم هەژار نییەو داهاتیشی لەمن زیاترە، بەڵام هێشتا نایەڵێ مووچەکەم بۆ خۆم بێت، نایەڵێ بەدڵی خۆم پێویستییەکانی ژیانمی لێبکڕمو خەرجی بکەم".
وتیشی "هەست دەکەم ژیانم ناخۆشە، بەڵام چی بکەم لەبەر دوو مندالەکەم ناتوانم جیاببمەوەو دەبێت لەگەڵ ئەم دۆخە خۆم بگونجێنم".
شیرین نمونەیەکە لەچەندین ژن لەهەرێمی کوردستاندا کە لەڕووی ئابورییەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەک هەبێت لەمبارەوە بیانپارێزێت.
ئازیز، ژنێکی تەمەن ٣٣ سالەو بەخەمباریو دڵێکی پڕ لەداخەوە چیرۆکی بێبەشکردنی لەمیرات لەلایەن براکانیەوە دوای مردنی باوکو دایکی دەگێڕێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "کە دایکم مرد من چوار ساڵ بوو هاوسەرگیریم کردبوو، زۆری نەخایاند هەر لەهەمان ساڵدا باوکیشم مرد، ئیتر براکانمان دەستیان گرت بەسەر ئەو خانوو موڵکانەدا کە بۆمان بهجێمابوو، چوار براکەم لەنێوانی خۆیاندا میراتیان دابەشکردو منو خوشکەکەمیان لێبێبەش کرد".
وتیشی "ئێمەش لەبەرئەوەی تووشی کێشەو دڵ لەیەک ئێشان نەبین لەگەڵ براکانمان، بەناچارییو بەنابەدڵی دەستمان لەو بەشە میراتییە هەڵگرت".
خەمی ئازیز، خەمی هەزاران ژنە کە لەمیراتی ماڵە باوان بێبەشکراون لەلایەن براکانیانەوە لەکوردستاندا، تەنانەت هەندێکجار کە میراتیش وەردەگرن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
دەشنێ، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵەو باس لەوە دەکات کە بەمدواییە بڕێک پارەی میراتی وەرگرتووە، بەلام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەبیانووی ئەوەی کرێچینو خانوو دەکڕن، ئەو بەئاوێنەی وت "هاوسەرەکەم خستمییە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی کە پارەکەی بدەمێ، لەبەرامبەر ئەوەی خانوومان کڕی لەسەر من تاپۆی دەکات، بەڵام وەختێکم زانی خانووی کڕیو لەسەر خۆی تاپۆی کرد، پاساوەکەشی ئەوەبوو نیوەی پارەکە هی ئەوە".
وتیشی "لەوەتەی خانووەکەشمان کڕیوە، ناتوانم هیچ بڵێم، هەر قسەیەکی بەدڵ نەبێت دەڵێت ئەگەر پێتخۆش نییە ئەتوانی لەگەڵمدا نەژیت".
توندوتیژیی بەچەندین جۆری جیاواز لەدژی ژنان پەیڕەو دەکرێت، جۆرێکیان توندوتیژی ئابورییە، کە کەمتر ناسراوەو جۆرێکی شاراوەی توندوتیژییە، زۆرجار بەهۆی نەریتە چەقبەستووەکانی کۆمەڵگەوە باسکردنو ناسینەوەشی قورسە.
دڵنیا عەبدوڵا، ئابوریناسو هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەزانستی ئابوری ئاماژە بەوە دەکات کە خراپ بەکارهێنانی ئابوری کاتێک روودەدات کە کەسێک دەستڕاگەیشتن بەپارەی کەسێکی خێزانەکەی کۆنتڕۆڵ بکات یان توانای بەدەستهێنانی داهاتی سنووردار بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "نموونەی توندوتیژی ئابوری زۆرن، لەوانە پیاوێک بەهاوسەرەکەی بڵێت واز لەکارەکەت بهێنە، یان پەیوەندی بە بەڕێوەبەرو خاوەنکارەکەیەوە بکاتو داوای دەرکردنی هاوسەرەکەی لەکارەکەی بکات، یاخود کلیلی ئۆتۆمبێلەکەی یان ئۆفیسەکەی بشارێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە سەر کارەکەی، یاخود بچێتە سەر شوێنی کارەکەیو کێشەی بۆ دروست بکاتو ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکەی".
دڵنیا باس لەوە دەکات کە دەستگرتن بەسەر مووچەو داهاتیشدا بەهەر شێوەیەک بێتو بەبێ رەزامەندی ژنەکە رووبدات دیسان دەچێتە خانەی توندوتیژیی ئابورییەوە، ئەو وتی "بردنی پارەکەت، یان جزدانەکەت بەبێ مۆڵەتی خۆت، کۆنتڕۆڵکردن یان پێداگری لەسەر کۆنترۆڵکردنی پارەکەتو تەنها پێدانی بڕە پارەیەکی دیاریکراوت لەهەفتەیەکدا یان مانگێکدا، یاخود کڕینی شتێک بە بەکارهێنانی ئەکاونتی خۆت یان ئەکاونتێکی هاوبەش بەبێ مۆڵەتی خۆت، فرۆشتنی موڵکەکەت بەبێ مۆڵەتی خۆت، کردنەوەی کارتی بانکیی بەناوی خۆتەوە یان پێداگری لەسەر ئەوەی کە کارتی بانکیی بکەیتەوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت، یاخود ڕەتکردنەوەی پارەی نەفەقە، یان بێبەریی کردنی خوشکەکان لەمیراتیی لەلایەن براکانیانەوە، هەموویان دەچنە خانەی توندوتیژیی ئابورییەوە".
وتیشی "ئەم جۆرە توندوتیژییە بەداخەوە دیاردەیەکی بەربڵاوە لەکوردستان، کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک سەرچاوە ئابورییەکانی ژنان سنووردارو کۆنترۆڵ دەکات".
کۆمەڵناسانیش باس لەوە دەکەن کە لەکوردستاندا زۆرێک لەژنان لانیکەم جارێک لەژیاندا توندوتیژی ئابورییان ئەزمون کردووە.
خەندە غەفور، کە توێژەری کۆمەڵایەتییەو توێژینەوەیەکی مەیدانی لەسەر توندوتیژی ئابوری دژی ژنان ئەنجامداوە، باس لەوە دەکات توێژینەوەکەی بەشێوازی چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو بووە لەگەڵ ئەو ژنانەی تەمەنیان ١٨ بۆ ٤٥ ساڵ بووەو هەموویان ئاماژەیان بەوە کردووە لانیکەم جارێک توندوتیژی ئابورییان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بەرامبەر کراوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپێی ئەو نەریتی باوی کۆمەڵگا، کاتێک کچێک هاوسەرگیری دەکات، بەناچاری لەڕووی داراییەوە وابەستەی مێردەکەی دەبێت، زۆرجار نەبوونی سەربەخۆیی ئابوری کچان، دەبێتە هۆی گواستنەوەی پشتبەستن لەباوکیانەوە بۆ پشتبەستن بەهاوسەرەکانیان، ئەمەش وادەکات بەئاستەم بتوانن سەبەخۆیی ئابوری لەژیانیاندا بەدەستبهێنن".
وتیشی "واقیعێکی دڵتەزێنە، توندوتیژی ئابووری کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانە بەخۆبوونی ژنان هەیە، ئەوان ناتوانن بەشێوەیەکی سەربەخۆ دارایی خۆیان بەڕێوەببەن، تەنانەت بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیشیان، کە دواجار کاریگەری نەخوازراوی لەسەر باری دەروونییان دەبێت".
ئەم توێژەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، دەڵێت "پێویستە دڵنیایی بدەین بەژنان کە هەست بەپشتیوانی یاساییو کۆمەڵایەتی بکەن، پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەرو هەلی کار بەتایبەت بۆ ژنان زیاتر بڕەخسێنێت، ئێمە نەک هەر دەبێ هانی ژنان بدەین کە بەرەنگاریی توندوتیژی ببنەوە، بەڵکو دەبێت ڕێگای دەستڕاگەیشتن بەهاوکارییان بۆ دروست بکەین، بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەم کێشەیە بنبڕ بکرێت، دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین تێڕوانینی گشتی کۆمەڵگەو رێکارەکانی حکومەت بگۆڕدرێن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات