ئەکرەم ئیمامئۆغڵو
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی زیندانیکراوی ئەستەنبوڵ لەوتارێکیدا لەڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزدا هۆشداری دا لەوەی چارەنووسی دیموکراسی لەتورکیا کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکەو جیهان هەیە.
من ئەم دێڕانە لەژوورەکەی خۆم لە زیندانی سیلیڤری دەنوسم. شانبەشانی زۆرێک لەبەرپرسانی هەڵبژێردراو، ئەکادیمیست، ڕۆژنامەنووسانو چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، منیش لێرە زیندانیکراوم. من بەبێ هیچ سزایەک ڕاگیراوم، تەنها لەسەر بنەمای لێدوانی چەند "شایەتحاڵێکی نهێنی" کە ئیفادەکانیان ناڕوونەو بێ بەڵگەنامەیە. من زیندانییەکی سیاسیم. دەستگیرکردنی من بەشێکە لەهەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوانتر. بەڵام ئەم دەستگیرکردنه نەتەنیا ڕەنگدانەوەی دۆخی ناوخۆی تورکیایه، به ڵکو گرنگییه کی فراوانترو جیهانی هەیه. بۆچی؟ چونکە چارەنووسی دیموکراسی لەتورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریو ئاسایشی جیهانی هەیە.
تورکیا لەدۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناوازەدایە: لەباکورمانەوە، شەڕی ڕوسیا لەدژی ئۆکرانیا پەرەی سەندووە. لەباشوورەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگڕگرتنی هەمیشەییدایە. سەرەڕای ئەم ئالنگارییانە، تورکیا وەک یاریزانێکی سەرەکی لەبازرگانیو ئاسایشو دیپلۆماسی جیهانیدا دەمێنێتەوە. رەوتی داهاتووی ئێمە، نەک تەنها بۆ گەلی تورکیا، بەڵکو بۆ سیستەمی نێودەوڵەتیش یەکلاکەرەوەیە.
تورکیا لەدوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە ڕێگایەکی ناوازەی گرتەبەر: وڵاتێکی زۆرینەی موسڵمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەلمانیو کۆماریخواز کە بەرەو مۆدێرنیتە هەنگاوی دەنا، بەڵام ئەم ڕێگایە لەماوەی ٢٢ ساڵی حوکمڕانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بەتوندی لایداوە. دامودەزگاکانی دیموکراسی لاواز بوون. نەیارانی سیاسی وەک تاوانبار وێنا کراون. دەسەڵاتی دادوەری بوو بەئامڕازی سەرکوتکردن. ئەم داڕمانەی دیموکراسیی نەک تەنیا قەیرانی سیاسی، بەڵکو قەیرانی ئابووریی گەورەتر کردو هیوای خەڵکی بۆ داهاتوویی لەناوبرد.
لەساڵی ٢٠١٩ەوە کە وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرام، هەوڵمداوە مۆدێلێکی جێنشین بۆ حوکمڕانی بخەمەڕوو. بەپێچەوانەی پۆپۆلیزمی تاکڕەوانەی ئەردۆغان – کە لەسەر بەڵێنە گەورەکان، بەڵام جێبەجێنەکراوەکان بنیات نراوە – ڕێبازێکم ناساند کە من پێیدەڵێم "گەشەپێدانی خەڵک": مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤو چارەسەری پراکتیکیو متمانەی گشتی دامەزراوە. ئەم دیدە لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن خەڵکی ئەستەنبوڵەوە پشتیوانی لێکرا. بۆ جاری سێیەم دەنگیان پێدام. سەرکەوتنی من بەشێک بوو لەسەرکەوتنی بەرفراوانتری پارتی گەلی کۆماریخواز لەسەر ئاستی نیشتمانی. پەیامی خەڵک ڕوون بوو: تورکیا ئامادەیە بۆ گۆڕانکاریی.
دوای ئەم سەرکەوتنە فشارەکانی حکومەت بۆ سەر منو شارەوانیەکانی حزبەکەمان زیاتر بوو. سەرەتا بڕوانامەی زانکۆم کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر دەرچووبوو، بەبیانووی درۆ رەتکرایەوە. پاشان بەتۆمەتی بێ بنەما دەستگیرکرام. بەڵام ئەم کارانە نەک هەر بێدەنگیان نەکردم، بەڵکو شەپۆلێکی بەئاگابوونەوەو بەرخۆدانیان لەسەرانسەری وڵاتدا هەڵگیرساند. خوێندکاران یەکەم کەس بوون کە ڕژانە سەر شەقامەکان. دوابەدوای ئەوەش سەدان هەزار کەس لەسەرانسەری وڵاتدا بەشدارییان لەهەڵمەتەکانی بایکۆتدا کرد. لەهەڵبژاردنی سەرەتایی پارتی گەلی کۆماریخوازدا، زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس بەشدارییان کرد تا پشتیوانی لە کاندیدبوونم بکەن. ئەم بەشدارییە بەربڵاوە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی بەکۆمەڵمان بەداهاتووی دیموکراسی لەوڵاتدا.
بەڵام ئەمە تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە. بارودۆخی سیاسی تورکیە بۆ هەموو ناوچەکەو تەنانەت ئەولاوەتریش گرنگە. ئێمە دووەم گەورەترین سوپامان لەناتۆدا هەیە. ئێمە ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپاین. ئێمە دەیان ساڵە کاندیدی ئەندامێتی لەیەکێتی ئەوروپاین. ئاراستەی سیاسی تورکیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئەوروپاو هاوپەیمانی ترانزئەنتلەنتیکو سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو قەفقاز هەیە.
شەڕی ئۆکرانیا دەریخست کە هەماهەنگی ستراتیژی لەم ناوچەیەدا چەندە جەوهەرییە. هەروەها قەیرانی سوریاو کارەساتی بەردەوامی غەززە نیشان دەدات کە چۆن ناسەقامگیری دەتوانێت بەخێرایی سنوورەکان ببڕێت. لەهەموو ئەم حاڵەتانەدا بوونی تورکیایەکی دیموکراسیو عەلمانی نەک هەر سوودبەخشە، بەڵکو مەسەلەی مەرگو ژیانە.
ئەوروپا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زیاتر دەبێتەوەو لەخەباتدایە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی خۆی. لەم رەوتەدا، تورکیایەکی ئازادو دیموکراسی هاوبەشێک دەبێت کە ناتوانرێت چاوی لێبپۆشرێت. لەبەرامبەردا دەسەڵاتێک کە گەنجانەکانی بێدەنگ بکاتو ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکاتو لەڕێگەی ترسەوە حوکمڕانی بکات، تەنیا دەبێتە مایەی ناسەقامگیری ناوچەکە.
لەکاتێکدا زنجیرەی دابینکردنی جیهانی بەهۆی شەڕە بازرگانییەکانەوە تێکدەچن، تورکیا – بەهەڵکەوتەی جوگرافیو ژێرخانی پیشەسازییەوە – دەتوانێت هاوبەشێکی سروشتی بێت بۆ ڕۆژئاوا. بەڵام ئەم پۆتانسێلە تەنیا کاتێک بەدی دێت کە ئابوری وڵات بەشێوەیەکی شەفافو پێشبینیکراوو لەسەر بنەماو ڕێسا یاساییەکان بەڕێوەبچێت. ئەگەرنا متمانەی وەبەرهێنەران لەدەستدەچێتو سەرمایە روو دەکاتە بازاڕە سەقامگیرترەکان.
میللەتیی تورکیا زیاتر لەدوو سەد ساڵە خەبات لەپێناو یاساگەراییو نوێنەرایەتی مەدەنیو دادپەروەری دەکات. ئێمە نیشانمان داوە کە ستەمکاری چارەنووسی حەتمی ئێمە نییە. بەڵکو نەتەوەکەمان بەپشتبەستن بەهۆشیاری مێژوویی خۆی، دەتوانێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت. ئەمڕۆ لەبەرامبەر شەپۆلێکی جیهانی پاشەکشەی دیموکراسیدا، هاودەنگیی دیموکراسی جیهانی لەهەموو کاتێک پێویستترە. ڕەنگە ئەم پاشەکشەیە لەتورکیا دەستی پێکردبێت. بەڵام من باوەڕم وایە کە خاڵی دەستپێکی بەرگریو بەرخۆدانیش لێرەوە دەستپێدەکات.
سەرچاوە: فاینانشیاڵ تایمز