تەندروستی ئۆندەر ناجێگیرە و هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە
  2025-04-18       178       

ئیدارەی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە لیستی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی ناجێگیرە و هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە و لە ژێر چاودێری چڕدایە.

ئاوێنە: نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگەیل لە ئیستانبوڵ، ئەمڕۆ هەینی  لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویكردەوە، پرۆسەی چارەسەرکردنی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە بەشی چاودێریی چڕ بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگشتیی دۆخی تەندروستی ئۆندەر وەک خۆیەتی، بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەكە بە وردی چاودێری باری تەندروستی دەكرێت و  چارەسەرەکانیان بۆ هەوکردن بەردەوامە. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگەیل كە ئۆندەر تیدار چارەسەر وەر دەگرێت، "نەخۆشەکەمان مەترسی زۆری لەسەرە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە".
 
ئەوە لەكاتێكدایە شەوی 15ـی ئەم مانگە سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، توشی جەڵدەی دڵ بوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەمان شەو نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا.

سری سورەیا ئۆندەر لەگەڵ پەروین بوڵدان، سەرۆكایەتی شاندی دەم پارتی دەكەن بۆ پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە توركیا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێكردوە و لەو ماوەیەدا سێجار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی كراوی پەكەكە كۆبونەتەوە.

ئۆندەر و بوڵدان لەو ماوەیەدا لەگەڵ زۆربەی پارت و لایەنە سیاسیەكانی توركیا كۆبونەتەوە و كۆتا دیداریشیان ڕۆژی 10ـی ئەم مانگە بو كە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیادا كۆبونەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×